Beginning
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک بە شێوەی عەلامۆت[a].
46 خودا پەناگا و هێزمانە،
لە تەنگانەدا بەهاناوە دێت.
2 بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،
ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،
3 ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،
چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن. [b]
4 ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا[c] شاد دەکات،
ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.
5 خودا لەناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،
لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.
6 نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،
خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.
7 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
8 وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،
ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.
9 جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،
کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،
گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.
10 «هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،
لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،
لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»[d]
11 یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،
خودای یاقوب پەناگامانە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
47 ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن،
بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.
2 چونکە یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
3 نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
گەلانی خستە ژێر پێمان.
4 میراتی بۆ هەڵبژاردین،
کە شانازی یاقوبە[e]، ئەوانەی خۆشویست.[f]
5 لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە[g]،
یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
6 گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش،
گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
7 چونکە خودا پاشای هەموو زەوییە،
هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.
8 خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
9 سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
چونکە پاشاکانی[h] زەوی هی خودان،
ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.
گۆرانییەک، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
48 یەزدان مەزنە و شایانی هەموو ستایشێکە،
لە شاری خودامان، لە کێوی پیرۆزی خۆی.
2 کێوی سییۆن جوانە لە بەرزاییدا،
خۆشی هەموو زەوییە،
وەک لووتکەی شاخی چافۆن[i]،
شاری پاشای گەورەیە[j].
3 خودا لەناو قەڵاکانی
وەک پەناگایەک ناسراوە.
4 ئەوەتا پاشاکان هێزیان کۆکردەوە،
ئەوەتا پێکەوە هاتنە پێشەوە،
5 کە بینییان تاسان،
بە ترسەوە هەڵاتن.
6 لەوێ لەرزیان لێهات،
ژانیان گرت، وەک ژن لە کاتی منداڵبوون.
7 وەک کەشتییەکانی تەرشیش[k] تێکت شکاندن،
بە بای ڕۆژهەڵات تەفروتونات کردن.
8 هەروەک بیستمان،
ئاواش بینیمان
لە شاری یەزدانی سوپاسالار،
لە شاری خودامان:
«خودا هەتاهەتایە دەیچەسپێنێت.»[l]
9 ئەی خودایە، لە ناوەندی پەرستگاکەت
بیر لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکەینەوە.
10 ئەی خودایە، وەک ناوت
ستایشت دەگاتە ئەوپەڕی زەوی،
دەستە ڕاستت پڕە لە ڕاستودروستی.
11 کێوی سییۆن شادمان دەبێت،
کچانی[m] یەهودا دڵخۆش دەبن
بەهۆی دادوەرییەکانت.
12 بە دەوری سییۆندا بگەڕێن، بە دەوریدا بسووڕێنەوە،
قوللەکانی بژمێرن،
13 لە شووراکانی وردبنەوە،
بڕواننە قەڵاکانی،
هەتا بۆ نەوەی داهاتووی باس بکەن.
14 هەتاهەتایە ئەم خودایە خودامانە،
تاکو مردنیش ئەو ڕابەرمانە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
49 ئەی هەموو گەلان، ئەمە ببیستن،
ئەی هەموو دانیشتووانی زەوی، گوێ بگرن،
2 پایەبەرز و پایەنزم،
هەژار و دەوڵەمەند پێکەوە.
3 دەمم باسی دانایی دەکات،
لێکدانەوەی دڵم تێگەیشتنە.
4 گوێ بۆ پەند شل دەکەم،
بە قیسارە مەتەڵەکەم ڕوون دەکەمەوە.
5 بۆ لە ڕۆژانی تەنگانە بترسم،
کاتێک فێڵبازە خراپەکارەکان دەورم دەگرن؟
6 ئەوانەن کە پشت بە سامانیان دەبەستن،
شانازی بە دەوڵەمەندییەکەیان دەکەن.
7 کەس ناتوانێت ژیانی براکەی بکڕێتەوە،
یان کەفارەتی ئەو بداتە خودا.
8 چونکە کڕینەوەی ژیان زۆر گران دەکەوێت،
هەرگیز ناتوانرێت نرخی تەواوی بدرێت،
9 تاکو بۆ هەتاهەتایە بە زیندووێتی بمێنێتەوە و
گۆڕ نەبینێت.
10 چونکە هەموو دەبینن کە تەنانەت کەسە داناکانیش دەمرن،
نەزانەکان و گێلەکان وەک یەک لەناودەچن و
سامانیان بۆ ئەوانی دیکە جێدەهێڵن.
11 گۆڕیان ماڵی هەتاهەتاییانە،
شوێنی نیشتەجێبوونیانە نەوە دوای نەوە،
لەگەڵ ئەوەشدا زەویشیان بە ناوی خۆیانەوە ناودەنا.
12 مرۆڤ هەرچەندە دەوڵەمەند بێت نامێنێت،
وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
13 ئەمە ڕێگای ئەوانەیە کە پشت بە خۆیان دەبەستن،
ئەوانەش کە دوایان دەکەون بە قسەکانیان پەسەندی دەکەن.[n]
14 ئەوانە وەک مەڕن و چارەنووسیان مەرگە،
مەرگ دەبێتە شوانیان.
لە بەیانیدا سەرڕاستەکان فەرمانڕەوایەتییان دەکەن،
شێوەیان دادەڕزێت،
جیهانی مردووان دەبێتە ماڵیان.
15 بەڵام خودا گیانم لە چنگی جیهانی مردووان دەکڕێتەوە،
چونکە بۆ لای خۆی دەمبات.
16 ترست لێ نەنیشێت ئەگەر یەکێک دەوڵەمەند بوو،
شکۆمەندی ماڵەکەی زیاد بوو،
17 چونکە کە مرد هیچ لەگەڵ خۆی نابات،
شکۆیەکەی بەدوایەوە نابێت.
18 لەگەڵ ئەوەی کاتێک زیندووە خۆی بە بەختەوەر دەزانێت،
ستایش دەکرێیت کاتێک سەرکەوتوو بیت.
19 بەڵام ئەویش بۆ نەوەی باوباپیرانی دەڕوات،
ئەوانەی هەتاهەتایە چاویان بە ڕووناکی ناکەوێتەوە.
20 مرۆڤ دەوڵەمەندیش بێت ئەگەر تێنەگات،
وەک ئەو ئاژەڵانە وایە کە لەناودەچن.
زەبوورێکی ئاساف.
50 خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت،
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات.
2 لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە،
خودا پڕشنگ دەدات.
3 خودامان دێت و بێدەنگ نابێت،
ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت،
گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی.
4 بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی،
هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی:
5 «بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم[o]،
کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.»
6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،
چونکە خودا خۆی دادوەرە.[p]
7 «ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم،
ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم:
من خودام، خودای تۆم.
8 سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت،
قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە.
9 من پێویستیم بە گای ماڵەکەت نییە،
پێویستیم بە گیسکی ناو پشتیرەکەت[q] نییە،
10 چونکە هەموو گیانلەبەرانی دارستان هی منن،
هەروەها مێگەلەکانی سەر هەزارەها گرد.
11 هەموو باڵندەی چیاکان دەزانم،
هەموو زیندەوەرانی دەشتودەر هی منن.
12 ئەگەر برسی بم، بە تۆ ناڵێم،
چونکە جیهان و هەرچی تێیدایە هی منە.
13 ئایا من گۆشتی گا دەخۆم،
یان خوێنی گیسک دەخۆمەوە؟
14 «قوربانی سوپاسگوزاری بۆ خودا بکە،
نەزرەکانت بەرامبەر هەرەبەرز بهێنە دی،
15 لە ڕۆژی تەنگانەدا نزام بۆ بکە،
دەربازت دەکەم و شکۆدارم دەکەیت.»
16 بەڵام خودا بە بەدکار دەڵێ:
«تۆ کێیت باسی فەرزەکانم دەکەیت،
یان پەیمانی منت بەسەر زماندا دێت؟
17 تۆ کە ڕقت لە تەمبێکردنە و
فەرمایشتی منت پشتگوێ خستووە.
18 کاتێک دزێک ببینیت، بە کردارەکەی ڕازی دەبیت،
بەشت لەگەڵ داوێنپیسانە.
19 دەمت بە خراپە دەکەیتەوە،
زمانت فێڵبازی دادەهێنێت.
20 دادەنیشیت و لە دژی براکەت قسە دەکەیت،
بوختان بۆ کوڕی دایکت هەڵدەبەستیت.
21 ئەمانەت کردووە و من بێدەنگ بووم،
وات زانی منیش وەک تۆم.
بەڵام من سەرزەنشتت دەکەم و
ڕووبەڕوو تاوانبارت دەکەم.
22 «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن،
دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان.
23 ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات،
ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.