Beginning
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان زەبوورێکی داود.
40 بە پشوودرێژییەوە چاوەڕێی یەزدانم کرد،
ئاوڕی لێ دامەوە و گوێی لە هاوارم بوو.
2 لەناو چاڵی لەناوچوون هەڵیکێشامە دەرەوە،
لەناو قوڕ و زەلکاو دەریهێنام.
پێیەکانمی لەسەر تاشەبەرد دانا و
هەنگاوەکانی منی توندوتۆڵ کرد.
3 گۆرانییەکی نوێی خستە ناو دەمم،
سروودێکی ستایش بۆ خودامان.
زۆر کەس ئەمە دەبینن و دەترسن و
پشت بە یەزدان دەبەستن.
4 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی
پشت بە یەزدان دەبەستێت،
ڕوو لە لووتبەرزان ناکات،
لەوانەی ڕوویان وەرگێڕاوە بەرەو درۆ.
5 ئەی یەزدان، خودای من،
زۆرن ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانەی کە کردووتە.
ئەو شتانەی بۆ ئێمە نەخشەت کێشاوە
کەس ناتوانێت بیانژمێرێت بۆت،
ئەگەر باسیان بکەم و بیانگێڕمەوە،
ئەوەندە زۆرن نایەنە ژماردن.
6 بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
بەڵکو گوێی منت کردەوە،
داوای قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەکرد.
7 ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم،
هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە.[a]
8 ئەی خودای من، شادمانیم لەوەدایە کە خواستی تۆ بەجێبهێنم،
فێرکردنی تۆ لە ناخی دڵمدایە.»
9 لەناو کۆمەڵی گەورە ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم،
ئەی یەزدان، تۆ خۆت دەزانیت،
دەمی خۆم ناگرم.
10 ڕاستودروستیت لەناو دڵم کپ ناکەمەوە،
باسی دڵسۆزیت و ڕزگاریت دەکەم.
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و ڕاستییەکەت لەناو کۆمەڵی گەورە ناشارمەوە.
11 ئەی یەزدان، بەزەیی خۆتم لەسەر لامەبە،
با خۆشەویستییە نەگۆڕ و ڕاستییەکەت هەمیشە بمپارێزێت.
12 چونکە بێشومارە بەڵا دەوری داوم،
گوناهەکانم بە شێوەیەک گرفتاریان کردووم ناتوانم ببینم.
لە مووی سەرم زیاترن،
ورەم بەرداوە.
13 یەزدان، ڕازیبە بۆ دەربازکردنم،
یەزدان، خێرابە بۆ یارمەتیدانم.
14 با هەموو شەرمەزار و سووک بن،
ئەوانەی گیانی منیان دەوێت بۆ لەناوبردنی.
ببەزن و ڕیسوا بن
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
15 با لە شەرمەزارییان بپەشۆکێن،
ئەوانەی بە من دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
16 با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت یەزدان!»
ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
17 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
با پەروەردگار بایەخم پێبدات.
یارمەتی و دەربازکەرم تۆی،
ئەی خودای من، دوا مەکەوە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
41 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی ئاوڕ لە هەژار دەداتەوە،
یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕزگاری دەکات.
2 یەزدان دەیپارێزێت و ژیانی دەبووژێنێتەوە،
لەسەر زەوی خۆشحاڵی دەکات و
نایداتە دەست حەزی دوژمنەکانی.
3 یەزدان لە کاتی لاوازی پاڵپشتی دەکات و
لە کاتی نەخۆشی دەیبووژێنێتەوە.
4 گوتم: «ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
چارەسەرم بکە، چونکە گوناهم دەرهەق بە تۆ کردووە.»
5 دوژمنەکانم دەربارەی من قسەی خراپ دەکەن:
«کەی دەمرێت و ناوی دەسڕێتەوە؟»
6 کاتێک یەکێکیان بۆ دیدەنیم بێت،
بە درۆ قسە دەکات، بوختان لە دڵی کۆدەکاتەوە،
کە دەچێتە دەرەوەش بڵاوی دەکاتەوە.
7 هەموو دوژمنەکانم چرپەچرپ دەکەن،
پیلان دژم دەگێڕن، دەڵێن:
8 «دەردێکی کوشندە تەنگی پێ هەڵچنیوە،
لەکوێ بکەوێ هەستانەوەی نابێت.»
9 تەنانەت ئەو برادەرە نزیکەشم کە متمانەم پێی هەبوو،
ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد.[b]
10 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە،
هەڵمستێنەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێ بکەمەوە.
11 بەمە دەزانم تۆ لێم ڕازیت،
چونکە دوژمنەکەم هاواری سەرکەوتن ناکات بەسەرمدا.
12 بەهۆی ئەوەی من دروستم، تۆ پاڵپشتیم دەکەیت و
لەپێش خۆت ڕامدەگریت، هەتاهەتایە.
13 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
لە ئەزەلەوە هەتا هەتاهەتایە.
ئامین و ئامین.
کۆکراوەی بەشی دووەم
زەبوورەکانی 42–72
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح
42 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،
ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.
کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[c]؟
3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،
لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:
چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،
بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
6 گیانم خەمبارە لە ناخم،
بۆیە یادت دەکەمەوە
لە لای ڕووباری ئوردون،
لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[d]، لە کێوی میچعارەوە.
7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،
بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،
هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.
8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،
بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،
نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.
9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:
«بۆچی لە یادت کردووم؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم
ناحەزانم توانجم تێدەگرن،
بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
43 ئەی خودایە، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
پارێزگاریم لێ بکە لە نەتەوەیەکی خوانەناس،
لە پیاوی فێڵباز و لە زۆردار دەربازم بکە.
2 تۆ خودا و قەڵای منی.
بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟
3 ڕووناکی و ڕاستی خۆت بنێرە،
ئەوان ڕابەرایەتیم دەکەن،
ئەوان دەمهێننە کێوی پیرۆزت،
بۆ نشینگەکەت.
4 ئەوسا دێم بۆ قوربانگای خودا،
خودای خۆشی و دڵشادیم،
خودایە، خودای من، بە قیسارەوە ستایشت دەکەم.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح.
44 خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان،
باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین
تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان،
لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.
2 بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و
باوباپیرانی ئێمەت چاند،
گەلانت وردوخاش کرد و
گەشەت بە باوباپیرانمان دا.
3 ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکدا نەگرت،
بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.
بەڵکو دەستە ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،
هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.
4 تۆ پاشا و خودای منی،
تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.
5 لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین،
بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.
6 من پشت بە کەوانەکەم نابەستم،
شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.
7 بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین،
تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.
8 بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. [e]
9 بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین،
لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.
10 وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین،
ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.
11 وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین،
لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.
12 گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە،
قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.
13 لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی،
بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.
14 ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان،
خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.
15 ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە،
شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،
16 لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم،
لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.
17 ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە،
لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە،
پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.
18 دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە،
پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.
19 بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ،
بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.
20 ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە،
یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،
21 ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو،
چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟
22 لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.
23 ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟
هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟
بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟
25 گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە،
سکمان بە زەوییەوە نووساوە.
26 ڕاپەڕە! بگە فریامان!
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند.
45 دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت،
کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە،
زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.
2 تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و
نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە،
چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.
3 ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە،
شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.
4 بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە،
لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری،
با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.
5 با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن،
با گەلان لەبەر پێت بکەون.
6 ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
7 تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[f].
8 جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[g] و کاسیا[h] بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[i] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
9 لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[j] لەلای دەستە ڕاستتە.
10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12 دانیشتووانی شاری سور[k] بە دیارییەوە دێن،
خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[l] دێنن.
15 بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
دێنە ناو کۆشکی پاشا.
16 کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.
17 یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.