Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 36-39

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدانە.

36 جاڕنامەیەک لە ناخی دڵمە
    دەربارەی یاخیبوونی بەدکار:
    ترسی خودای لەبەرچاو نییە.

بە بەرچاوی خۆیەوە خۆی دەڕازێنێتەوە،
    تاکو هەست بە گوناهی خۆی بکات و ڕقی لێ ببێتەوە.
قسەی دەمی خراپە و تەفرەدانە،
    دەستبەرداری وریایی و چاکی بووە.
تەنانەت لەناو نوێنیش بیر لە پیلانی خراپە دەکاتەوە،
    خۆی دەخاتە سەر ڕێگایەک کە باش نییە،
    هەڵە ڕەت ناکاتەوە.

ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
    دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
ڕاستودروستییەکەت وەک چیا سەرکەشەکانە،
    دادپەروەرییەکەت وەک دەریا گەورەکەی ژێر زەوییە[a].
ئەی یەزدان، تۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکانیش ڕزگار دەکەیت.
    ئەی خودایە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چەند بەنرخە!
ئادەمیزاد لەژێر سێبەری باڵەکانت پەنا دەگرن.
بە چەوری ماڵەکەت تێر دەبن،
    تۆش پێیان دەدەیت لە ڕووباری خۆشییەکانت بنۆشن،
چونکە کانی ژیان لەلای تۆیە،
    بە ڕووناکی تۆ ئێمە ڕووناکی دەبینین.

10 بەردەوامی بدە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بۆ ئەوانەی دەتناسن،
    بە ڕاستودروستییەکەت بۆ ئەوانەی دڵڕاستن.
11 با نەکەومە ژێر پێی پیاوی لووتبەرز،
    دەستی بەدکاران وێڵم نەکات.
12 ببینە بەدکاران چۆن دەڕووخێن،
    دەکەون و ناتوانن هەستنەوە!

زەبوورێکی داود.

37 بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ،
    بەغیلی بە بەدکاران مەبە،
چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن،
    وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن.

پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە،
    لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە.
خۆشی لە یەزدان ببینە،
    داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت.

ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و
    متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات:
ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات،
    بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ.

لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە،
    کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون،
    کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ.

لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە.
    مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات.
چونکە بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە،
    بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە.

10 پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت،
    دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە.
11 بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و
    خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن.

12 خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و
    ددانی لێ جیڕدەکاتەوە،
13 بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت،
    چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت.

14 بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و
    کەوانەکانیان دەچەمێننەوە،
بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن،
    بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە.
15 بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان،
    کەوانەکانیان تێکدەشکێت.

16 ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی،
    لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە،
17 چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت،
    بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت.

18 یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین،
    هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت.
19 لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن،
    لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن.

20 بەڵام بەدکاران دەفەوتێن،
    دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن،
    وەک دووکەڵ لەناودەچن.

21 بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە،
    بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن.
22 ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە،
    بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە.

23 یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ،
    بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ.
24 ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت،
    چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت.

25 من گەنج بووم و ئێستا پیرم،
    هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت،
    یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن.
26 هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات،
    منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن.

27 لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە،
    ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت.
28 چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات،
    واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ.

هەتاهەتایە دەپارێزرێن،
    بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە.
29 ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و
    هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن.

30 دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت،
    زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات.
31 فێرکردنی[b] خودای خۆی لەناو دڵ،
    بۆیە پێی ناخلیسکێت.

32 بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست،
    هەوڵدەدات بیکوژێت،
33 بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت،
    ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت.

34 چاوەڕێی یەزدان بکە و
    ڕێگای ئەو بگرە.
ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری زەوی،
    کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت.

35 بەدکارم دی بێ ویژدان بوو،
    وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد،
36 بەڵام زوو تێپەڕی و نەما،
    هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو.

37 بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە،
    مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە.
38 بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن،
    دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە.

39 ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت،
    ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە.
40 یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات،
    لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات،
    چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.

زەبوورێکی داود، بۆ یادکردنەوە.

38 ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
    بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە.
چونکە تیرەکانت منیان پێکا،
    دەستت منی خستە خوارەوە.
بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە،
    بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە.
تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون،
    وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم.

برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە،
    بەهۆی گێلایەتی خۆم.
پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە،
    بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم.
کەلەکەم[c] پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر،
    تەندروستی لە لەشمدا نەماوە.
بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم،
    لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم.

ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە،
    ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە.
10 دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە،
    تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە.
11 لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن،
    خزمانم لێم دوور دەکەونەوە.
12 ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە،
    ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن،
    بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.

13 بەڵام من وەک کەڕ وام، گوێم لێ نابێت،
    وەک لاڵ وام، ناتوانم دەمم بکەمەوە.
14 وەک کەسێکم لێ هاتووە کە نابیستێت،
    هیچ بەهانەیەکیشی لە دەمی نەبێت.
15 ئەی یەزدان، چاوەڕێی تۆ دەکەم،
    ئەی خودای پەروەردگارم، تۆ وەڵام دەدەیتەوە.
16 چونکە گوتم: «مەهێڵە پێم خۆش بن،
    یان کاتێک پێم دەخلیسکێت خۆیان بە گەورە بزانن لە سەرم.»

17 چونکە خەریکە دەکەوم،
    هەمیشە ئازارەکانم لەگەڵمە.
18 دان بە تاوانی خۆمدا دەنێم،
    بە گوناهی خۆم خەمبار دەبم.
19 دوژمن چالاک و بەهێزن،
    ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە زۆرن.
20 ئەوانەی بەرامبەری چاکە خراپەم دەدەنەوە،
    دژایەتیم دەکەن، چونکە دوای چاکە کەوتووم.

21 ئەی یەزدان، پشتگوێم مەخە،
    ئەی خودای من، لێم دوور مەکەوە.
22 ئەی پەروەردگاری ڕزگارکەرم،
    خێرا بگە فریام.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ یەدوتون[d] زەبوورێکی داود.

39 گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و
    زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم.
ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە،
    دەمم بە لغاو دەبەستم.»
بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم،
    تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت،
    ئازارم زیاد بوو.
دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا،
    هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت،
    ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن:

«ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە،
    هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە،
    بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم.
بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک،
    تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە.
    ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.[e]

«بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت،
    ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە،
    سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت.

«ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟
    هیوای من بە تۆیە.
لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە،
    مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان.
بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە،
    چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە.
10 بەڵای خۆت لەسەر من لابدە،
    بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام.
11 مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت،
    وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت،
    هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە.

12 «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    گوێ لە هاوارم بگرە،
    لە ئاست گریانم گوێت دامەخە،
چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم،
    میوانم وەک هەموو باوباپیرانم.
13 ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە،
    پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.