Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەستێر 1-5

لابردنی ڤەشتیی شاژن

ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی پاشایەتی ئەحەشوێرۆش بوو، ئەو ئەحەشوێرۆشەی کە لە هیندستانەوە هەتا کوش[a] فەرمانڕەوایەتی سەد و بیست و حەوت هەرێمی دەکرد. لەو کاتەدا ئەحەشوێرۆش لەسەر تەختی پاشایەتییەکەی دادەنیشت کە لە قەڵای شوش بوو. لە ساڵی سێیەمی پاشایەتییەکەی، خوانێکی سازکرد بۆ هەموو سەرکردە و کاربەدەستەکانی. سەرکردەکانی سوپای فارس و ماد و میر و فەرمانڕەوای هەرێمەکان تێیدا ئامادە بوون.

ماوەی سەد و هەشتا ڕۆژ پاشا دەوڵەمەندی و شکۆی پاشایەتییەکەی و بێ هاوتایی جوانی مەزنایەتییەکەی نیشانی میوانان دا. پاش تێپەڕینی ئەو ماوەیە، پاشا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ خوانێکی سازکرد بۆ گەورە و بچووکی گەل، ئەوانەی لە قەڵای شوش دەژیان، لە باخچەی داخراوی کۆشکی پاشا. گۆڕەپانەکە بە پەردەی سپی و مۆری کەتان ڕازێنرابووەوە، بە گوریسی ئەرخەوانی لەناو بازنەی زیو هەڵواسرابوو، لەسەر کۆڵەکەی مەڕمەڕ. سەکۆیەکان لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، زەوییەکە بە بەردی حەلان و مەڕمەڕ و دوڕ و بەردی گرانبەها شۆستەی بۆ دروستکرابوو. خواردنەوەش بە جامی زێڕینی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرا، شەرابی شاهانەش بەقەد بەخشندەیی پاشا زۆر بوو. پاشا فەرمانی بە لێپرسراوانی کۆشک کرد کەس گلەیی لە خواردنەوە نەبێت، هەرکەسە بەگوێرەی ویستی خۆی بێت.

هەروەها ڤەشتیی شاژنیش لە کۆشکی شاهانەی ئەحەشوێرۆشی پاشا خوانێکی بۆ ئافرەتان سازکرد.

10 لە ڕۆژی حەوتەم کاتێک پاشا بە شەراب مەست بوو، فەرمانی کرد بەو حەوت کاربەدەستەی[b] گوت کە لەبەردەم پاشا خزمەتیان دەکرد، مێهومان و بیزتا و حەرڤۆنا و بیگتا و ئەڤەگتا و زێتەر و کەرکەس، 11 کە ڤەشتیی شاژن بە تاجی شاهانەکەوە بهێنن بۆ بەردەم پاشا، بۆ ئەوەی جوانییەکەی پیشانی گەل و سەرکردەکان بدرێت، چونکە ڕوخساری جوان بوو. 12 بەڵام کاتێک کاربەدەستەکان فەرمانەکەی پاشایان پێ ڕاگەیاند، ڤەشتیی شاژن ڕازی نەبوو بێت. لەبەر ئەوە پاشا زۆر ڕقی هەستا و لە تووڕەیی خۆیدا گڕی گرت.

13 نەریتی پاشا وا بوو ڕاوێژ بە شارەزایانی یاسا و دادوەری بکات. ئیتر پاشا پرسی بەو دانایانە کرد کە شارەزای ڕۆژگارن، 14 ئەوانەی لێی نزیک بوون ئەمانە بوون: کەرشەنا، شیتار، ئەدماتا، تەرشیش، مەرەس، مەرسەنا، مەمۆخان، کە حەوت سەرکردەی فارس و مادی بوون و هەمیشە چاویان بە پاشا دەکەوت، بەرزترین پلە و پایەیان هەبوو لە پاشایەتییەکەدا.

15 پاشا پرسیاری کرد: «بەپێی یاسا چی لە شاژنە ڤەشتی بکرێت؟ لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی ئەو فەرمانەی ئەحەشوێرۆشی پاشای نەبوو کە کاربەدەستەکان پێیان ڕاگەیاند.»

16 مەمۆخان لەبەردەم پاشا و سەرکردەکان گوتی: «شاژنە ڤەشتی بە تەنها هەڵەی دەرهەق بە پاشا نەکردووە، بەڵکو دەرهەق بە هەموو سەرکردەکان و هەموو ئەو گەلانەی کە لە هەرێمەکانی ئەحەشوێرۆش پاشادان، 17 چونکە هەواڵی شاژن بە هەموو ژنەکان دەگاتەوە و بەو شێوەیە بێزیان لە مێردەکانیان دەبێتەوە، دەگوترێت: ”ئەحەشوێرۆشی پاشا فەرمانی دا شاژنە ڤەشتی بهێننە بەردەمی، کەچی ئەو نەهاتووە.“ 18 هەروەها هەر لەو ڕۆژەدا خانمەکانی فارس و مادی ئەوانەی هەواڵی شاژنیان پێ گەیشتووەتەوە هەمان شت بە هەموو سەرکردەکانی پاشا دەڵێن، بەمەش بێزلێبوونەوە و تووڕەیی بڵاو دەبێتەوە.

19 «لەبەر ئەوە ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با بڕیارێکی شاهانە لەلای خۆیەوە دەربکات و بڕیارەکە لە یاساکانی فارس و مادی بنووسرێت بۆ ئەوەی دەستکاری نەکرێت، بەوەی کە نابێت چیتر ڤەشتی بێتە بەردەم ئەحەشوێرۆش پاشا. پاشاش پلەی شاژنیێتی بە یەکێکی چاکتر لەو بدات. 20 بەو شێوەیە بڕیارەکەی پاشا لەناو هەموو شانشینە مەزنەکە ڕادەگەیەنرێت، هەموو ژنانیش بە ڕێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ مێردەکانیان دەکەن، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.»

21 پاشا و سەرکردەکان ئەو قسەیەیان پێ باش بوو، پاشا بەپێی قسەکەی مەمۆخانی کرد. 22 نامەی بۆ هەموو هەرێمەکان و هەموو گەلەکانی پاشایەتییەکەی نارد، هەریەکە و بە زمان و ڕێنووسی خۆیان، بە زمانی نەتەوەکەی خۆیان بڵاوی بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەموو پیاوێک گەورەی ماڵەکەی خۆی بێت.

هەڵبژاردنی ئەستێر وەک شاژن

پاش ئەوەی تووڕەیی ئەحەشوێرۆشی پاشا دامرکایەوە، پاشا ڤەشتی و ڕەفتارەکەی و ئەو بڕیارەی کە لە دژی دەریکرد بەبیری هاتەوە. ئینجا ئەوانەی خزمەتی پاشایان دەکرد پێشنیاریان کرد: «با بگەڕێن بۆ کچانی پاکیزە و ڕوخسار جوان بۆ پاشا، با پاشا بریکار دابنێت لەناو هەموو هەرێمەکانی شانشینەکەیدا، هەموو کچە پاکیزە و ڕوخسار جوانەکان بۆ حەڕەم سەرا لە قەڵای شوش کۆبکەنەوە. با لەژێر سەرپەرشتی هێگەیدا بن، کاربەدەستی[c] پاشا و بەرپرسی حەڕەم سەرایە، بۆ ئەوەی بۆن و ئاراییشتیان پێ بدات. ئینجا ئەو کچەش کە پاشا پەسەندی دەکات، با ببێتە شاژن و شوێنی ڤەشتی بگرێتەوە.» پاشا ئەو قسەیەی پێ باش بوو، کاری پێکرد.

لەو کاتە لەناو قەڵای شوش پیاوێکی جولەکە هەبوو لە هۆزی بنیامین بوو، ناوی مۆردەخای کوڕی یائیری کوڕی شیمعی کوڕی قیش بوو. یەکێک بوو لەو ڕاپێچکراوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ئۆرشەلیمەوە ڕاپێچی کردبوون، لەنێو ئەو ڕاپێچکراوانەی یەهۆیاکینی پاشای یەهودایان لەگەڵ بوو. مۆردەخای ئامۆزایەکی هەبوو بە ناوی هەدەسا، خۆی پەروەردەی کردبوو، چونکە نە باوکی هەبوو نە دایک. ئەم کچە بە ئەستێر ناسراوبوو، کچێکی نازدار و ڕوخسار جوان بوو، پاش مردنی دایک و باوکی مۆردەخای کردییە کچی خۆی.

بە بیستنی فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی بۆ کۆکردنەوەی کچانی زۆر لە قەڵای شوش و سپاردنیان بە دەستی هێگەی، ئەستێریش بردرایە کۆشکی پاشا و بە هێگەیی بەرپرسی حەڕەم سەرا سپێردرا. کچە لەبەرچاوی هێگەی پەسەند بوو و بە دڵی بوو. لەبەر ئەوە زوو بۆن و ئاراییشت و پێداویستییەکانی لەگەڵ حەوت کەنیزەی هەڵبژێردراو پێدرا و لە کۆشکی پاشاوە بۆ باشترین شوێنی حەڕەم سەرا گواسترایەوە.

10 ئەستێر هیچی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکرد، چونکە مۆردەخای ڕایسپاردبوو کە ئەوە نەکات. 11 مۆردەخای هەموو ڕۆژێک لەبەردەم حەوشەی حەڕەم سەرا دەهات و دەچوو، بۆ ئەوەی بزانێت ئەستێر چۆنە و ئاگاداربێت لەوەی چی بەسەردێت.

12 بەگوێرەی یاسای پەیڕەوکراو بۆ ئافرەتان هەر کچێک ساڵێکی تەواوی لە ئاراییشت و ئامادەکاری بەسەردەبرد: شەش مانگ بە زەیتی موڕ، شەش مانگیش بە بۆن و کەرەستەی دیکەی جوانکاری. ئینجا لەدوای ئەوە نۆرەی دەهات بچێتە لای ئەحەشوێرۆشی پاشا. 13 بەم شێوەیە بۆ لای پاشا دەچوو، هەرچی دەویست پێی دەدرا، بۆ ئەوەی لە حەڕەم سەراوە لەگەڵ خۆی بیباتە کۆشکی پاشا. 14 ئێوارە دەچووە ژوورەوە و بەیانی بۆ بەشێکی دیکەی حەڕەم سەرا دەگەڕایەوە، بۆ ژێر سەرپەرشتی شەعەشگەزی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی کەنیزەکان. جارێکی دیکە نەدەچووە ژوورەوە بۆ لای پاشا، تەنها ئەگەر پاشا پێی دڵخۆش بووایە و بە ناوی خۆیەوە بانگی بکردایە.

15 کاتێک نۆرەی ئەستێر هات، کچی ئەبیحەیلی مامی مۆردەخای، ئەوەی مۆردەخای کردییە کچی خۆی، بۆ ئەوەی بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، هیچ شتێکی داوا نەکرد جگە لەوەی هیگایی کاربەدەستی پاشا و بەرپرسی حەڕەم سەرا پێشنیاری کردبوو. هەرکەسێکیش ئەستێری ببینیایە دەچووە دڵییەوە. 16 ئەستێر لە مانگی دە بردرایە ژوورەوە بۆ لای ئەحەشوێرۆش پاشا لە کۆشکی شاهانە، لە مانگی تێڤێت، لە حەوتەمین ساڵی پاشایەتییەکەی.

17 پاشا ئەستێری لە هەموو ژنەکان زیاتر خۆشویست، لە هەموو پاکیزەکانی دیکە زیاتر پەسەندی کرد و چووە دڵییەوە. تاجی شاهانەی لەسەر سەری دانا و لە شوێنی ڤەشتی کردییە شاژن. 18 ئینجا پاشا خوانێکی گەورەی بۆ هەموو سەرکردە و خزمەتکارەکانی سازکرد وەک رێزگرتنێک لە ئەستێر، پشووی لە هەرێمەکاندا ڕاگەیاند و بەقەد بەخشندەیی پاشا دیاری بەخشرا.

ئاشکراکردنی پیلانێک لەلایەن مۆردەخای

19 کاتێک پاکیزەکان بۆ جاری دووەم کۆکرانەوە، مۆردەخای لەلای دەروازەی پاشا دانیشتبوو. 20 ئەستێریش هەروەک مۆردەخای ڕایسپاردبوو هیچ شتێکی لەبارەی ڕەگەز و ڕەچەڵەکی ئاشکرا نەکردبوو، چونکە ئەستێر هەروەک ئەو ڕۆژانەی مۆردەخای بەخێوی دەکرد بە قسەی ئەو دەجوڵایەوە.

21 لەو ڕۆژانەدا لە کاتێکدا مۆردەخای لە دەروازەی پاشا دانیشتبوو، بیگتانا و تەرەش کە دوو ئەفسەری پاشا بوون لەو ئەفسەرانەی پاسەوانیێتی دەروازەکەیان دەکرد، تووڕە بوون و پیلانیان گێڕا کە دەستیان بۆ ئەحەشوێرۆش پاشا درێژ بکەن. 22 بەڵام مۆردەخای بەو کارەی زانی و بە شاژنە ئەستێری گەیاند، ئەویش بە ناوی مۆردەخایەوە بە پاشای گوت. 23 کاتێک بابەتەکە لێی کۆڵڕایەوە و زانییان کە ڕاستە، هەردووکیان لە سێدارە دران. ئەو ڕووداوەش لەبەردەم پاشا لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانە تۆمار کرا.

پیلانی هامان بۆ لەناوبردنی جولەکەکان

پاش ئەم ڕووداوانە، ئەحەشوێرۆشی پاشا هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی[d] گەورە کرد و بەرزی کردەوە، پایەیەکی بەرزتری لە پایەی هەموو سەرکردەکانی دیکە پێ بەخشی کە لەگەڵین. هەموو کاربەدەستەکانی پاشا کە لەلای دەروازەی پاشاوەن بەپێی فەرمانی پاشا سەریان بۆ هامان دادەنەواند و کڕنۆشیان بۆ دەبرد، بەڵام مۆردەخای سەری بۆ دانەدەنەواند و کڕنۆشی بۆ نەدەبرد.

لەبەر ئەوە خزمەتکارەکانی پاشا ئەوانەی لە دەروازەکەی پاشادا بوون بە مۆردەخایان گوت: «بۆچی سەرپێچی فەرمانی پاشا دەکەیت؟» ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قسەیان لەگەڵ دەکرد، بەڵام ئەو هەر گوێی لێ نەدەگرتن. لەبەر ئەوە بە هامانیان گوت بۆ ئەوەی بزانن ئەو قسەیەی مۆردەخای خۆی ڕادەگرێت، چونکە پێی ڕاگەیاندبوون کە ئەو جولەکەیە.

جا کە هامان بینی مۆردەخای سەری بۆ دانانەوێنێت و کڕنۆشی بۆ نابات، زۆر تووڕە بوو. پێی کەم بوو بە تەنها دەست بۆ مۆردەخای خۆی درێژ بکات، چونکە زانی مۆردەخای لە چ نەتەوەیەکە. هامان بەدوای ئەوە دەگەڕا هەموو نەتەوەکەی مۆردەخای، بە واتە هەموو جولەکەکان، کە لە شانشینی ئەحەشوێرۆش بوون لەناویان ببات.

لە مانگی یەک کە مانگی نیسانە، لە ساڵی دوازدەیەمینی ئەحەشوێرۆشی پاشا، لەبەردەم هامان تیروپشکیان دەکرد کە پێی دەگوترا پور‏، بۆ هەڵبژاردنی ڕۆژ و مانگێک. تیروپشک کەوتە سەر مانگی دوازدە، واتە مانگی ئادار.

ئینجا هامان بە ئەحەشوێرۆش پاشای گوت: «نەتەوەیەک هەیە لەنێو هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشایەتییەکە پەرتەوازەن و بە جیاواز دەژین. نەریتەکانیان لەگەڵ نەریتی هەموو نەتەوەکان جیاوازترە و یاساکانی پاشا جێبەجێ ناکەن. بۆ پاشا باش نییە لێیان بگەڕێت بە ئاسوودەیی دانیشن. ئەگەر پاشا پێی باشە با یاسایەک بۆ لەناوبردنیان بنووسێت، منیش دە هەزار تالنت[e] زیو دەدەمە دەستی خەزنەدار بۆ گەنجینەکانی پاشا.»

10 ئینجا پاشا ئەنگوستیلەکەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو، دایە هامانی کوڕی هەمەداسای ئەگاگی دوژمنی جولەکەکان. 11 پاشا بە هامانی گوت: «زیوەکە بۆ خۆت بێت، چیشت پێ باشە ئاوا لە نەتەوەکە بکە.»

12 لە سێزدەی مانگی یەک خامەی نهێنییەکانی[f] پاشا بانگ کران، هەموو ئەوەی هامان فەرمانی پێیدان نووسرایەوە بۆ میرەکانی پاشا و پارێزگارەکانی هەرێمە جیاوازەکان و سەرکردەکانی نەتەوە جیاکان، هەر هەرێمە و بە ڕێنووسی خۆی و هەر نەتەوەیە و بە زمانی خۆی. نامەکانیش بە ناوی ئەحەشوێرۆش پاشاوە نووسراون و بە ئەنگوستیلەکەی ئەویش مۆر کران. 13 بە دەستی پەیامبەرەکانیشدا نامەکان بۆ هەموو هەرێمەکانی پاشا نێردران و تێیاندا فەرمانی دابوو کە لە یەک ڕۆژ، لە سێزدەی مانگی دوازدە، واتە لە مانگی ئادار هەموو جولەکەکان بە گەنج و پیر و ژن و منداڵەوە قڕ بکرێن و بکوژرێن و لەناو ببردرێن، کەلوپەلەکانیشیان بە تاڵان ببردرێن. 14 وێنەی نووسراوەکەش وەک یاسایەک درایە هەموو هەرێمەکان و لەناو هەموو نەتەوەکان بڵاوکرایەوە بۆ ئەوەی خۆیان بۆ ئەم ڕۆژە ئامادە بکەن.

15 هەروەک پاشا فەرمانی کرد پەیامبەرەکان بە پەلە ڕۆیشتن، هەروەها ئەو فەرمانە لە قەڵای شوشیش درا. پاشا و هامان بۆ خواردنەوە دانیشتن، بەڵام شاری شوش شڵەژا.

مۆردەخای داوای یارمەتی لە ئەستێر دەکات

پاش ئەوەی مۆردەخای هەموو ئەو کردەوانەی زانی کە کران، جلەکەی دادڕی و جلوبەرگی گوشی[g] پۆشی و خۆڵەمێشی بەسەر خۆیدا کرد، چووە دەرەوە بۆ ناوەڕاستی شار و هاوارێکی گەورە و تاڵی کرد. بەڵام تەنها چووە بەردەم دەروازەی پاشا، چونکە ڕێگا بە کەس نەدەدرا بە پۆشینی جلوبەرگی گوشەوە بچێتە ناو دەروازەی پاشا. هەروەها هەر هەرێمێک فەرمانەکەی پاشا و یاساکەی پێ دەگەیشت، لەنێو جولەکەکان دەبووە شیوەنێکی گەورە و ڕۆژووگرتن، گریان و لاواندنەوە. زۆریان جلوبەرگی گوشیان دەپۆشی و لەناو خۆڵەمێش ڕادەکشان.

کاتێک کەنیزەکانی ئەستێر و کاربەدەستەکانی چوونە ژوورەوە و باسی مۆردەخایان بۆی کرد، شاژن زۆر دڵتەنگ بوو. دەستە جلێکی نارد بۆ ئەوەی لە جیاتی جلوبەرگی گوش لەبەری بکرێت، بەڵام ئەو پەسەندی نەکرد. پاشان ئەستێر هەتاخی بانگکرد، کە یەکێک لە کاربەدەستەکانی پاشا بۆ خزمەتکردنی تەرخان کرابوو و فەرمانی پێ کرد بچێتە لای مۆردەخای، بزانێت ئەمە چییە و لەسەر چییە.

ئیتر هەتاخ چووە دەرەوە بۆ لای مۆردەخای لە مەیدانی شارەکە، ئەوەی لەبەردەم دەروازەی پاشایە. مۆردەخای هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە بەسەری هاتبوو، هەروەها ئەو بڕە زیوەی کە هامان گوتبووی بۆ لەناوبردنی جولەکەکان بیداتە گەنجینەی پاشا. وێنەیەکیشی لەو یاسا نووسراوە دایێ کە لە شوشەوە بۆ لەناوبردنیان دەرکرابوو، بۆ ئەوەی پیشانی ئەستێری بدات و بابەتەکەی بۆ ڕوون بکاتەوە، ڕایبسپێرێت کە بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا و لە پێناوی نەتەوەکەی لێی بپاڕێتەوە و داوای بەزەیی لێ بکات.

هەتاخ گەڕایەوە و قسەکانی مۆردەخای بە ئەستێر ڕاگەیاند. 10 ئەستێریش هەتاخی ڕاسپاردەوە بە مۆردەخای بڵێت: 11 «هەموو کاربەدەستەکانی پاشا و هەموو نەتەوەکانی هەرێمەکانی پاشا دەزانن، کە هەر پیاوێک یان هەر ژنێک بچێتە ژوورەوە بۆ لای پاشا بەبێ ئەوەی بانگ بکرێتە دیوانەکەی ناوەوە، یەک یاسای بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەویش مردنە، تەنها ئەو کەسە نەبێت کە پاشا داردەستە زێڕینەکەی خۆی بۆ درێژ دەکات، ئەو کەسە دەژیێت. منیش سی ڕۆژە بانگ نەکراوم بۆ ئەوەی بچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا.»

12 کاتێک قسەکەی ئەستێریان بە مۆردەخای ڕاگەیاند، 13 ئەویش ئەم وەڵامەی بۆ ناردەوە: «وا مەزانە کە تۆ لە ماڵی پاشادا بەدەر لە هەموو جولەکەکان دەرباز دەبیت، 14 چونکە ئەگەر تۆ لەم کاتەدا بێدەنگ بیت، ژیانەوە و دەربازبوون لە شوێنێکی دیکە بۆ جولەکەکان سەرهەڵدەدات، بەڵام خۆت و ماڵی باوکت لەناو دەبردرێن. هەروەها کێ دەزانێت، لەوانەیە بۆ کاتێکی وەک ئەمە بە پلەی پاشایەتی گەیشتوویت؟»

15 ئینجا ئەستێر ئەم وەڵامەی بۆ مۆردەخای ناردەوە: 16 «بڕۆ هەموو جولەکەکانی ناو شوش کۆبکەرەوە، لە پێناوی من ڕۆژوو بگرن. سێ شەو و سێ ڕۆژ هیچ مەخۆن و هیچ مەخۆنەوە. خۆم و کەنیزەکانم بە هەمان شێوە ڕۆژوو دەگرین. دوای ئەوە بە پێچەوانەی یاسا دەچمە ژوورەوە بۆ لای پاشا. ئەگەر لەناویش چووم، با لەناوبچم.»

17 ئیتر مۆردەخای چوو هەموو ئەو شتانەی کرد کە ئەستێر ڕایسپاردبوو.

داواکاری ئەستێر

لە سێیەمین ڕۆژ ئەستێر جلوبەرگی شاهانەی لەبەرکرد و لە دیوانەکەی ناوەوەی کۆشکی پاشا بەرامبەر دیوەخانی پاشا ڕاوەستا، پاشاش لە دیوەخانەکە لە بەرامبەر دەروازەکە لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو. کاتێک پاشا ئەستێری شاژنی بینی لە دیوانەکە ڕاوەستاوە، دڵی پێی خۆشبوو و داردەستە زێڕینەکەی دەستی بۆ ئەستێر درێژکرد. ئەستێریش چووە پێشەوە و دەستی لەسەری داردەستەکە دا.

ئینجا پاشا پێی گوت: «شاژنە ئەستێر، چیتە و داواکاریت چییە؟ هەتا داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت پێت دەدرێت.»

ئەستێر گوتی: «ئەگەر پاشا پێی خۆشە، با ئەمڕۆ پاشا لەگەڵ هامان بێنە ئەو خوانەی کە بۆم ئامادە کردووی.»

پاشاش گوتی: «بە پەلە هامان بهێنن بۆ ئەوەی داواکەی ئەستێر جێبەجێ بکات.» ئینجا پاشا و هامان چوون بۆ ئەو خوانەی کە ئەستێر ئامادەی کردبوو. پاشا لە کاتی شەراب خواردنەوە بە ئەستێری گوت: «بابەتەکەت چییە؟ پێت دەدرێت. داواکارییەکەت چییە؟ تەنانەت داوای نیوەی شانشینەکەش بکەیت، پێت دەدرێت.»

ئەستێر وەڵامی دایەوە و گوتی: «بابەتەکەم و داواکارییەکەم ئەمەیە: ئەگەر پاشا لێم ڕازی بێت و پێی خۆش بێت بابەتەکەم و داواکارییەکەم بۆ جێبەجێ بکات، با سبەینێ پاشا لەگەڵ هامان بێتە ئەو خوانەی کە بۆیان ئامادە دەکەم، ئەو کاتە وەڵامی پرسیارەکەی پاشا دەدەمەوە.»

ڕقی هامان لە مۆردەخای

ئەو ڕۆژە هامان بە شادی و دڵخۆشییەوە چووە دەرەوە. بەڵام کاتێک هامان لە دەروازەی پاشا مۆردەخای بینی لەبەری هەڵنەستا و خۆی تێکنەدا، زۆر ڕقی لە مۆردەخای هەستا. 10 بەڵام هامان خۆی گرت و گەڕایەوە ماڵەوە.

هامان دۆستەکانی و زەرەشی ژنی بانگکرد، 11 شانازی بە زۆری دەوڵەمەندی و زۆری کوڕەکانی کرد، هەروەها چۆن پاشا ڕێزی لێی ناوە و پایەی بەرزکردووەتەوە لەسەر سەرکردە و کاربەدەستەکانی دیکەی. 12 هەروەها هامان گوتی: «تەنانەت شاژنە ئەستێر جگە لە من کەسی دیکەی لەگەڵ پاشا بۆ ئەو خوانە داوەت نەکردووە کە ئامادەی کردووە، بۆ سبەینێ منیشی لەگەڵ پاشا داوەت کردووە. 13 بەڵام ئەمانە هەموویان هیچ بەهایەکیان لەلای من نییە، هەر کاتێک مۆردەخای جولەکە دەبینم لە دەروازەی پاشادا دانیشتووە.»

14 زەرەشی ژنی و دۆستەکانی پێیان گوت: «با سێدارەیەک بە بەرزی پەنجا باڵ[h] دروستبکرێت، بەیانی بە پاشا بڵێ با مۆردەخای لەسەر هەڵبواسن. پاشان بە خۆشییەوە لەگەڵ پاشا بڕۆ سەر خوانەکە.» هامان ئەو قسەیەی پێ باش بوو، فەرمانی دا سێدارەکە دروستبکرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.