Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
نەحەمیا 4-6

دژایەتییەکانی بنیادنانەوە

کاتێک سەنڤەلەت بیستییەوە کە ئێمە شووراکە بنیاد دەنێینەوە، ڕقی هەستا و زۆر تووڕە بوو، گاڵتەی بە جولەکەکان کرد. لەبەردەم یاوەرەکانی و سوپای سامیرە قسەی کرد و گوتی: «ئەو جولەکە لاوازانە چی دەکەن؟ ئایا شووراکەیان چاک دەکەنەوە؟ ئایا قوربانی سەردەبڕن؟ ئایا بە ڕۆژێک تەواو دەبن؟ ئایا بەردەکان کە لەناو گردە خۆڵەکان سووتێنراون دەیانژیێننەوە؟»

تۆڤییای عەمۆنیش لەلایەوە بوو و گوتی: «ئەوەی ئەوان بنیادی دەنێنەوە، ئەگەر ڕێوییەک سەربکەوێتە سەری دیوارە بەردەکەیان دەڕووخێنێت!»

«ئەی خودای ئێمە، گوێت لێ بێت، چونکە ئێمە بووینە مایەی سووکایەتی، توانجەکانیان بەسەر خۆیاندا بگەڕێنەوە و با لە خاکی دیلیێتی تاڵان بکرێن. تاوانەکانیان دامەپۆشە و گوناهەکانیان لەبەردەمتدا مەسڕەوە، چونکە ئەوان لەبەردەم بنیادنەراندا پەستیان کردیت.»

جا شووراکەمان بنیاد ناوە و هەموو شووراکە هەتا نیوەی بە یەک گەیشت. گەلیش دڵیان لەسەر کارەکە بوو.

ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو کەلێنەکان پڕ دەکرێنەوە، زۆر ڕقیان هەستا. جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە. ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت.

10 لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!»

11 ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.»

12 ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، هاتن و دە جار پێیان گوتین: «ئێوە ئاوڕ لە هەرکوێیەک بدەنەوە، ئەوان لەسەرمان دەبن.»

13 ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت. 14 ئینجا سەیرم کرد و هەستام بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «لێیان مەترسن، بەڵکو پەروەردگاری گەورە و سامناکم بهێننەوە بیرتان، لە پێناوی برا و کوڕ و کچ و ژن و ماڵەکانتان بجەنگن.»

15 دوای ئەوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە ئێمە زانیومانە و خودا پیلانەکەیانی پووچ کردووەتەوە، هەموو گەڕاینەوە بۆ شووراکە، هەریەکە بۆ سەر کارەکەی خۆی.

16 لەو ڕۆژەوە نیوەی خزمەتکارەکانم کارەکەیان دەکرد و نیوەشیان ڕم و قەڵغان و تیروکەوانیان هەڵگرتبوو و سپەریان پۆشیبوو، ئەفسەرەکانیش پشتگیری هەموو بنەماڵەی یەهودایان دەکرد. 17 بیناسازەکان لەسەر شووراکە بوون و ئەوانەی کە کەرەستەیان دەگواستەوە، بە دەستێک کارەکەیان دەکرد و بە دەستەکەی دیکەش چەکیان هەڵدەگرت. 18 بیناسازەکانیش هەریەکە شمشێرەکەی بە ناوقەدیەوە بەستبوو و بنیادی دەنا، ئەوەش فووی بە کەڕەنادا دەکرد لەتەنیشتم بوو.

19 ئینجا بە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و پاشماوەی گەلم گوت: «ئیشەکە زۆرە و بەربڵاوە، ئێمەش پەرتین لەسەر شووراکە لە یەکتر دوورین. 20 لەبەر ئەوە لەو شوێنەی گوێتان لە دەنگی کەڕەناکە بوو، بگەنە لامان بۆ ئەوێ، خودامان بۆمان دەجەنگێت!»

21 ئیتر ئێمە کارەکەمان دەکرد و نیوەیان لە بەرەبەیانەوە هەتا دەرکەوتنی ئەستێرەکان ڕمەکانیان لەدەست دەگرت. 22 هەروەها لەو کاتەدا بە هەموو گەلم گوت: «با هەریەکە لەگەڵ خزمەتکارەکەی لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی بە شەو پاسەوانمان بن و بە ڕۆژیش کار بکەن.» 23 جا نە من و نە براکانم و نە خزمەتکارەکانم و نە پاسەوانەکانی دوای من، جلەکانمان دانەکەند، بەڵکو هەریەکە و بە چەکەکەیەوە بۆ ئاوکێشان دەچووین.

یارمەتی نەحەمیا بۆ هەژاران

هاواری ژن و پیاوەکان لەدەست برا جولەکەکانیان بەرزبووەوە. هەبوو دەیانگوت: «کوڕ و کچەکانمان زۆرن و لێمانگەڕێن دانەوێڵە ببەین، هەتا بخۆین و بژین.»

هەبوو دەیانگوت: «لەو قاتوقڕییەدا کێڵگە و ڕەز و ماڵەکانمان بە بارمتە دەدەین بۆ وەرگرتنی دانەوێڵە.»

هەروەها هەبوو دەیانگوت: «زیومان قەرز کردووە هەتا باجی کێڵگە و ڕەزەکانمان بدەینە پاشا. ئێستاش هەرچەندە ئێمە لە گۆشت و خوێنی یەکین و کوڕەکانی ئەوان و ئێمە وەک یەکن، بەڵام ئێمە زۆر لە کوڕ و کچەکانمان دەکەین ببن بە کۆیلە، هەندێک لە کچەکانمان ژێردەستەن و لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نین، کێڵگە و ڕەزەکانمان بۆ کەسانی دیکەن.»

زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو، لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە نەتەوەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.

گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن لەبەر گاڵتەپێکردنی ئەو نەتەوانەی دوژمنمانن؟ 10 من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین! 11 تکایە هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.»

12 ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.»

ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، پیاوماقوڵ و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن. 13 پاشان سنگی کراسەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.»

ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد.

14 هەروەها لەو ڕۆژەوە کە فەرمانم پێ کرا ببمە پارێزگاریان لە خاکی یەهودا، لە بیستەمین ساڵەوە هەتا سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشا، دوازدە ساڵ نە من و نە براکانم نانی پارێزگاریەتیمان نەخوارد. 15 بەڵام پارێزگارەکانی پێشوو ئەوانەی لەپێش من بوون باری گەلیان گران کردبوو، نان و شەرابیان لێ دەسەندن، بێجگە لە چل شاقل زیو[a]، هەروەها خزمەتکارەکانیشیان بەسەر گەلدا زاڵ ببوون. بەڵام من لە ترسی خودا وام نەکرد، 16 هەروەها لە کاری ئەم شوورایە بەشدار بووم و کێڵگەمان نەکڕی، هەموو خزمەتکارەکانیشم لەوێ لەسەر کارەکە کۆببوونەوە.

17 هەروەها لە جولەکە و کاربەدەستەکان سەد و پەنجا پیاو لەگەڵ ئەوانەی لە نەتەوەکانی دەوروبەرمانەوە دەهاتن لەسەر خوانەکەم بوون. 18 ئەوەی بۆ یەک ڕۆژ دەکرا، گایەک و شەش مەڕی هەڵبژاردە، بۆ منیش باڵندە دەکرا، هەموو دە ڕۆژێکیش لە هەموو جۆرێکی شەراب بە بڕێکی زۆر، لەگەڵ ئەمەشدا داوای نانی پارێزگاریەتیم نەکرد، چونکە کۆیلایەتییەکە لەسەر ئەم گەلە زۆر گران بوو.

19 خودایە هەرچیم بۆ ئەم گەلە کردووە بۆ من بە چاکە بەبیر خۆتی بهێنەرەوە.

دژایەتییەکانی دیکە لە بنیادنانەوە

ئەوە بوو کە سەنڤەلەت و تۆڤییا و گەشەمی عەرەبی و پاشماوەی دوژمنەکانمان بیستیانەوە کە شووراکەم بنیاد ناوەتەوە و هیچ کەلێنێکی تێدا نەماوە، هەرچەندە هەتا ئەو کاتە هێشتا دەرگام لە دەروازەکاندا دانەنابوو، سەنڤەلەت و گەشەم پەیامیان بۆ ناردم و گوتیان: «وەرە با لە یەکێک لە گوندەکانی دەشتی ئۆنۆ پێکەوە کۆببینەوە.»

ئەوان بیریان لەوە دەکردەوە خراپەم لەگەڵدا بکەن. منیش چەند نێردراوێکم بۆ لایان نارد و گوتم: «من خەریکی کارێکی گەورەم و ناتوانم دابەزم بۆ لاتان. بۆچی کارەکە بوەستێت، دەستی لێ هەڵبگرم و بێمە لاتان؟» جا چوار جار هەمان پەیامیان بۆ ناردم، منیش هەمان وەڵامم دانەوە.

پاشان بۆ جاری پێنجەم، سەنڤەلەت خزمەتکارەکەی بە هەمان پەیامەوە ناردە لام و نامەیەکی کراوەی بەدەستەوە بوو، تێیدا نووسرابوو:

«لەنێو نەتەوەکاندا بیستراوە و گەشەم دەڵێت، تۆ و جولەکەکان بیر لە یاخیبوون دەکەنەوە، لەبەر ئەوە شووراکە بنیاد دەنێیت. هەروەها بەپێی ئەم هەواڵانە دەبیتە پاشایان، چەند پێغەمبەرێکت بۆ خۆت ڕاگرتووە هەتا بەناو ئۆرشەلیمدا بانگەوازت بۆ بکەن و بڵێن: ”لە یەهودا پاشا هەیە!“ ئێستاش ئەم هەواڵانە بە پاشا ڕادەگەیەنرێت، ئێستا وەرە با پێکەوە ڕاوێژ بکەین.»

منیش ئەم وەڵامەم بۆ نارد: «هیچ کەم لەو شتانەی کە تۆ باسیان دەکەیت ڕووی نەداوە، بەڵکو هەڵبەستراوی دڵی خۆتە.»

هەموویان هەوڵیان دەدا بمانترسێنن و دەیانگوت، «دەستیان لە کارەکە سارد بووەتەوە و کارەکە ناکرێت.»

بەڵام نزام کرد: «ئەی خودایە، ئێستاش دەستم بەهێز بکە.»

10 ئیتر ڕۆژێک چوومە ماڵی شەمەعیای کوڕی دەلایای کوڕی میهێتەبێل کە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، گوتی: «با لەناو ماڵی خودا کۆببینەوە، لەناوەڕاستی پەرستگادا و دەرگاکانی پیرۆزگا دابخەین، چونکە بۆ کوشتنت دێن، بە شەو دێن بتکوژن.»

11 منیش گوتم: «ئایا پیاوێکی وەک من هەڵدێت؟ ئایا کەسێکی وەک من دەچێتە ناو پەرستگاوە هەتا بژیێت؟ ناچمە ژوورەوە!» 12 بۆم دەرکەوت کە خودا نەیناردووە، بەڵکو بە درۆ پێشبینیی لەسەر من کردووە، چونکە تۆڤییا و سەنڤەلەت بە کرێیان گرتبوو. 13 بەکرێ گیرابوو هەتا بمترسێنێت و ئاوا بکەم و گوناهبار بم، ئینجا بەوە ناوم بزڕێنن و ئابڕووم ببەن.

14 ئەی خودای من، بەگوێرەی ئەم کردەوانەیان تۆڤییا و سەنڤەلەتت لەبیر بێت، هەروەها نۆعەدیای پێغەمبەرە ژن و پاشماوەی ئەو پێغەمبەرانەی کە دەمترسێنن!

تەواوکردنی شووراکە

15 شووراکە لە بیست و پێنجی ئەیلول تەواو بوو، بە ماوەی پەنجا و دوو ڕۆژ. 16 کاتێک هەموو دوژمنەکانمان بیستیان، هەموو نەتەوەکانی دەوروبەرمان ترسان و متمانەیان بە خۆیان نەما، زانییان کە ئەم کارە لەلایەن خودامانەوە کراوە.

17 هەروەها لەو ڕۆژانەدا زۆربەی پیاوماقوڵانی یەهودا نامەیان بۆ تۆڤییا دەنارد و لە تۆڤییاشەوە بۆ ئەوان دەهاتەوە، 18 چونکە زۆر لە یەهودا هاوپەیمانی بوون، لەبەر ئەوەی ئەو زاوای شەخەنەیای کوڕی ئارەح بوو، یەهۆحانانی کوڕیشی کچی مەشولامی کوڕی بەرەخیای هێنابوو. 19 هەروەها لەبەردەممدا باسیان لە کارە چاکەکانی ئەو دەکرد و قسەکانی منیان بۆی دەگێڕایەوە. ئینجا تۆڤییا چەند نامەیەکی نارد بۆ ئەوەی بمترسێنێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.