Beginning
یۆشیا لە جەژنی پەسخە
35 یۆشیا لە چواردەی مانگی یەک لە ئۆرشەلیم جەژنی پەسخەی بۆ یەزدان گێڕا و بەرخی پەسخەی کردە قوربانی. 2 کاهینەکانی لەسەر ئەرکەکانی خۆیان دانا و هانی دان بۆ خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان. 3 بەو لێڤییانەی گوت کە هەموو ئیسرائیلیان فێر دەکرد، ئەوانەی بۆ یەزدان تەرخان کرابوون: «سندوقی پیرۆز لەناو ئەو پەرستگایەدا دابنێن کە سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیل بنیادی نا، چیتر بەشان هەڵیمەگرن، ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن و خزمەتی ئیسرائیلی گەلی بکەن و 4 بنەماڵەکانتان بەپێی تیرەکان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ئەو نووسراوەی داودی پاشای ئیسرائیل و هەروەها نووسراوەکەی سلێمانی کوڕی.
5 «لە پیرۆزگادا بەپێی کۆمەڵەی بنەماڵەی براکانتان لە کوڕانی گەل و کۆمەڵەی بنەماڵەکانی لێڤی ڕابوەستن. 6 ئەو کاتە بەرخی پەسخە سەرببڕن و خۆتان تەرخان بکەن و ئامادەکاری بۆ براکانتان بکەن بۆ ئەوەی بەپێی فەرمایشتی خودا لە ڕێگەی موساوە، کار بکەن.»
7 یۆشیا لە مێگەل، سی هەزار سەر بەرخ و گیسکی بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، لە گاگەلیش سێ هەزار سەری بە گەل بەخشی. هەموو ئەمە لە سامانی پاشا بوو بۆ ئەوانە لە گەل کە ئامادە بوون.
8 هەروەها کاربەدەستەکانیشی بە خواستی خۆیان پیتاکیان بە گەل، بە کاهین و لێڤییەکان بەخشی. حیلقیا، زەکەریا و یەحیێلی لێپرسراوانی پەرستگای خودا دوو هەزار و شەش سەد سەر لە مێگەل بۆ قوربانی[a] پەسخە، هەروەها سێ سەد سەر لە گاگەلیان بە کاهینەکان بەخشی. 9 کۆنەنیاهو و براکانیشی، شەمەعیا و نەتەنێل، لەگەڵ حەشەڤیا و یەعیێل و یۆزاڤاد سەرکردەکانی لێڤییەکان، پێنج هەزار سەر لە مێگەلیان بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، هەروەها پێنج سەد سەر لە گاگەلیان بە لێڤییەکان بەخشی.
10 بەو شێوەیە خزمەتەکە ڕێکخرا و کاهینەکان شوێنەکانی خۆیان گرت و لێڤییەکانیش لە بەشەکانی خۆیان بەپێی فەرمانی پاشا. 11 بەرخەکانی پەسخەیان سەربڕی و کاهینەکان بە دەستیان خوێنەکەیان دەپرژاند، بەڵام لێڤییەکان کەوڵیان دەکرد. 12 ئینجا قوربانی سووتاندنەکەیان جیا کردەوە هەتا بەپێی بەشەکانی بنەماڵەکان بە کوڕانی گەلی بدەن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پێشکەش بکەن بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی موسادا نووسراوە، بۆ گایەکانیش بە هەمان شێوە. 13 بەپێی ڕێوڕەسم قوربانییەکانی پەسخەیان بە ئاگر برژاند، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی دیکەیان لەناو مەنجەڵ و مەنجەڵی گەورە و تاوەدا کوڵاند و دەستوبرد بەسەر گەلدا دابەشیان کرد. 14 پاشان هەمان خواردنیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان ئامادە کرد، چونکە کاهینەکان لە نەوەی هارون هەتا شەو خەریکی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و پیوەکە بوون. لەبەر ئەوە لێڤییەکان بەشیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان لە نەوەی هارون ئامادە کرد.
15 گۆرانیبێژەکانیش لە نەوەی ئاساف لە شوێنی خۆیان بوون، بەپێی فەرمانی داود، ئاساف، هێیمان و یەدوتون کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند. پێویست نەبوو دەرگاوانی دەروازەکانیش شوێنی چاودێریکردنەکەیان بەجێبهێڵن، چونکە برا لێڤییەکانیان بەشیان بۆ ئامادە کردن.
16 بەو شێوەیە هەموو خزمەتەکەی یەزدان لەو کاتەدا جێبەجێ کرا بۆ کردنی جەژنی پەسخە و سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکان لەسەر قوربانگاکەی یەزدان بەپێی فەرمانی یۆشیای پاشا. 17 هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئامادەبووان لەو کاتەدا جەژنی پەسخەیان گێڕا و حەوت ڕۆژیش جەژنی فەتیرەیان گێڕا. 18 لە سەردەمی ساموئێلی پێغەمبەرەوە جەژنی پەسخەی بەو شێوەیە لە ئیسرائیل نەگێڕدرابوو؛ هیچ پاشایەکی ئیسرائیلیش جەژنێکی پەسخەی نەگێڕابوو وەک ئەوەی یۆشیا گێڕای لەگەڵ کاهینەکان و لێڤییەکان و هەموو خەڵکی یەهودا و ئیسرائیل کە لەگەڵ دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئامادە بوون. 19 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیا ئەم جەژنەی پەسخە گێڕدرا.
مردنی یۆشیا
20 پاش هەموو ئەمانە کە یۆشیا پەرستگاکەی ئامادە کرد، نەخوی پاشای میسر چوو بۆ شەڕ لە کەرکەمیش لەلای ڕووباری فورات، یۆشیاش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی. 21 بەڵام نەخو نێردراوی بۆ نارد و گوتی: «ئەی پاشای یەهودا، چ کێشەیەک لە نێوان من و تۆ هەیە؟ ئەمڕۆ لە دژی تۆ نەهاتووم، بەڵکو لە دژی ئەو ماڵەی جەنگی لەگەڵ دەکەم. خودا فەرموویەتی پەلە بکەم. لەبەر ئەوە واز لە دژایەتی خودا بهێنە کە لەگەڵمدایە، با لەناوت نەبات.»
22 بەڵام یۆشیا پێداگری کرد و گوێی لە قسەکانی نەخو نەگرت کە لە دەمی خوداوە بوو، بەڵکو شێوەی خۆی گۆڕی و چوو لە دەشتی مەگیدۆ شەڕی لەگەڵ کرد.
23 تیرهاوێژەکان یۆشیا پاشایان پێکا و پاشاش بە ئەفسەرەکانی گوت: «بمگوازنەوە، چونکە برینەکەم سەختە.» 24 ئیتر خزمەتکارەکانی لە گالیسکەکەیەوە بۆ گالیسکەکەی دیکەی گواستیانەوە و بردیان بۆ ئۆرشەلیم، لەوێ مرد و لە گۆڕستانی باوباپیرانیدا نێژرا و هەموو یەهودا و ئۆرشەلیمیش شیوەنیان بۆ گێڕا.
25 یەرمیاش بۆ یۆشیای لاواندەوە و هەموو پیاو و ژنە گۆرانیبێژەکانیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لە لاواندنەوەکانیان شیوەن بۆ یۆشیا دەگێڕن و کردیان بە فەرز بەسەر ئیسرائیلەوە و لە پەڕتووکی لاواندنەوە نووسراوە.
26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و کردەوە چاکەکانی بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە و 27 کاروبارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.
36 ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و لە جێی باوکی لە ئۆرشەلیمدا کردیانە پاشا.
پاشایەتی یەهۆئاحاز
2 یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 3 دوای ئەوە پاشای میسر یەهۆئاحازی لە ئۆرشەلیم لابرد و سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو[b] و تالنتێک زێڕ[c]. 4 پاشای میسر ئەلیاقیمی برای یەهۆئاحازی کرد بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم، ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، بەڵام نەخو یەهۆئاحازی برای برد و هێنای بۆ میسر.
پاشایەتی یەهۆیاقیم
5 یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، لەبەرچاوی یەزدانی خودای خۆی خراپەکاری کرد. 6 نەبوخودنەسری پاشای بابل پەلاماری دا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد هەتا بۆ بابلی ببات. 7 هەروەها نەبوخودنەسر هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی هێنا بۆ بابل و خستنییە ناو پەرستگاکەی خۆیەوە لە بابل.
8 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و کارە قێزەونەکانی کە کردی و ئەوەی لە ئەودا بینرا، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون. ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی یەهۆیاکین
9 یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە[d] ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ و دە ڕۆژ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 10 لە بەهاری ساڵ نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوایدا و لەگەڵ قاپوقاچاغە بەنرخەکانی پەرستگای یەزدان هێنای بۆ بابل و سدقیای مامی یەهۆیاکین بوو بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم.
پاشایەتی سدقیا
11 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، 12 لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی خراپەکاری کرد، لەبەردەم یەرمیا پێغەمبەر خۆی نزم نەکردەوە کە بە فەرمایشتی یەزدان ئاگاداری کردەوە. 13 هەروەها لە نەبوخودنەسری پاشا هەڵگەڕایەوە پاش ئەوەی بە خودا سوێندی دا، جا کەللەڕەقی کرد و دڵی کرد بە بەرد لە ئاست گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی خودای ئیسرائیل. 14 تەنانەت هەموو کاهینە باڵاکان و گەل ناپاکی زۆریان کرد بەپێی هەموو نەریتە قێزەونەکانی نەتەوەکان، ئەو پەرستگایەی یەزدانیان گڵاوکرد کە یەزدان لە ئۆرشەلیمدا تەرخانی کردبوو.
ڕووخاندنی شاری ئۆرشەلیم
15 یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەردەوام لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە پەیامی بۆ دەناردن، چونکە بەزەیی بە گەلەکەی و بە ماڵەکەیدا هاتەوە. 16 بەڵام گاڵتەیان بە نێردراوەکانی خودا کرد و نرخیان بۆ وشەکانی ئەو دانەنا و سووکایەتییان بە پێغەمبەرەکانی کرد، هەتا تووڕەیی یەزدان لە گەلەکەی ورووژا، بە ڕادەیەک کە چارەسەر نەبوو. 17 ئیتر پاشای بابلییەکانی ناردە سەریان و لە پیرۆزگاکەیاندا گەنجەکانی ئەوانی بە شمشێر کوشت و بەزەیی بە کوڕ و کچی گەنج و پیر و ڕیش سپیدا نەهاتەوە، بەڵکو هەموویانی دا بە دەستی نەبوخودنەسرەوە. 18 هەموو قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا لە گەورە و بچووک، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان، گەنجینەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی، هەمووی بۆ بابل هێنا. 19 پەرستگای خودایان سووتاند و شووراکەی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند و هەموو کۆشکەکانیان سووتاند و هەموو قاپوقاچاغە بەهادارەکانیان لەناوبرد.
20 ئەوانەی مانەوە و بە شمشێر نەکوژران، ڕاپێچی کردن بۆ بابل، جا بۆ خۆی و بۆ کوڕەکانی بوون بە خزمەتکار هەتا کاتی بەهێزبوونی شانشینی فارس. 21 هەتا هاتنەدی فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەرمیا، هەتا زەوییەکە بە تەواوی پشووی دا، چونکە لە ماوەی کاولبوونیدا پشووی دا هەتا تەواوبوونی حەفتا ساڵ.
22 لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:
23 «کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت:
«”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. کێ لە ئێوە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با یەزدان، خودای خۆی لەگەڵ بێت و بڕوات.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.