Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 28-31

پاشایەتی ئاحاز

28 ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو نەیکرد. بەڵکو هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر و چەند بتێکی داڕێژراویشی بۆ بەعلەکان دروستکرد. ئەو بوو کە لە دۆڵی بەن‌هینۆم بخووری سووتاند و کوڕەکانی خۆشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن. هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.

لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئەوی دایە دەست پاشای ئارام. ئارامییەکانیش تێکیان شکاند و دیلێکی زۆریان لێ ڕاپێچ کردن و ئەوانیان هێنایە دیمەشق.

هەروەها ئاحاز درایە دەست پاشای ئیسرائیل و ئەویش گورزێکی گەورەی لێ وەشاند. بە یەک ڕۆژ پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو سەد و بیست هەزار کەسی لە یەهودا کوشت، کە هەموویان پیاوی بەهێز بوون، چونکە وازیان لە یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنابوو. هەروەها زکری پاڵەوانی ئەفرایم مەعسێیاهوی کوڕی پاشای کوشت، هەروەها عەزریقامی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە و ئەلقانەی جێگری پاشاشی کوشت. پیاوانی ئیسرائیل لە برایانی خۆیان لە یەهودا دوو سەد هەزار ژن و کوڕ و کچیان ڕاپێچ کرد و دەستکەوتێکی زۆریان لێ تاڵان کردن، دەستکەوتەکەیان هێنا بۆ سامیرە.

لەوێ پێغەمبەرێکی یەزدان هەبوو بە ناوی عۆدێد، چووە دەرەوە بۆ بەردەم ئەو سوپایەی کە دەهاتە سامیرە، پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدانی خودای باوباپیرانتان لەسەر یەهودا بوو، ئەوانی دایە دەستتان، بەڵام ئێوە هێندە بە تووڕەییەوە ئەوانتان کوشت هەتا هاواریان دەگەیشتە ئاسمان. 10 ئێستاش ئێوە بە نیازن نەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم بکەنە کۆیلە و کەنیزەی خۆتان، ئایا ئێوەش دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارتان تاوانبار نین؟ 11 ئێستاش گوێم لێ بگرن! ئەو دیلانەی کە لە براکانتان بە دیلتان گرتووە بیانگەڕێننەوە، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان لەسەرتانە.»

12 ئینجا چەند سەرکردەیەک لە نەوەی ئەفرایم کە عەزەریای کوڕی یەهۆحانان و بەرەخیای کوڕی مەشیلێمۆت و یەحیزقیاهوی کوڕی شەلوم و عەماسای کوڕی حەدلای بوون، هەستان و چوون بەرەنگاری سوپاکە بوونەوە، 13 پێیان گوتن: «دیلەکان ناهێنن بۆ ئێرە، ئەگینا ئێمەش دەرهەق بە یەزدان تاوانبار دەبین. ئایا ئێوە بە نیازن گوناه و تاوانەکانمان زۆرتر بکەن؟ چونکە خۆمان ئەوەندە تاوانمان زۆرە کە گڕی تووڕەیی خودا لە ئیسرائیل هاتووەتە جۆش.»

14 ئیتر سەربازەکان لەبەردەم سەرکردەکان و هەموو کۆمەڵەکەدا دیلەکان و تاڵانییەکەیان بەجێهێشت. 15 پاشان ئەو پیاوانەی ناویان دەستنیشان کرا، هەستان و دیلەکانیان برد و لە تاڵانییەکە جلیان لەبەر هەموو ڕووتەکانیان کرد، بەرگیان پۆشین و پێڵاویان لەپێکردن. نان و ئاویان دەرخوارد دان، بریندارەکانیان بە هەتووان[a] چارەسەر کرد و هەموو لاوازەکانیان سواری گوێدرێژ کرد و هێنایاننە ئەریحا، شاری دار خورما، بۆ لای براکانیان، ئینجا گەڕانەوە سامیرە.

16 لەو کاتەدا ئاحاز پاشا نێردراوی ناردە لای پاشای ئاشور، هەتا یارمەتی بدات، 17 چونکە دیسان ئەدۆمییەکان هاتبوون و هێرشیان کردبووە سەر یەهودا و چەند دیلێکیان لێ ڕاپێچ کردن. 18 هەروەها فەلەستییەکانیش پەلاماری شارۆچکەکانی زوورگەکان و نەقەبی یەهودایان دابوو. بێت‌شەمەش و ئەیالۆن و گەدێرۆتیان گرت، لەگەڵ سۆخۆ و تیمنا و گیمزۆ و دەوروبەریان، لەوێ نیشتەجێ بوون. 19 یەزدان بەهۆی ئاحازی پاشای ئیسرائیلەوە[b] یەهودای زەلیل کردەوە، چونکە ئەو یەهودای وا لێکرد کە لە خودا یاخی بێت و بە تەواوی ناپاکی لە یەزدان کرد. 20 تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور هاتە سەری و تەنگی پێهەڵچنی، لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی بکات. 21 لەگەڵ ئەوەی ئاحاز پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و ماڵی میرەکانی تاڵان کرد و دایە پاشای ئاشور، بەڵام سوودی نەبوو.

22 لە کاتی تەنگانەکەیدا ئاحازی پاشا زیاتر ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد و 23 قوربانی بۆ خوداوەندەکانی دیمەشق کرد، ئەوانەی ئەویان بەزاند، گوتی: «چونکە خوداوەندەکانی پاشاکانی ئارامییەکان یارمەتییان دەدات، منیش قوربانییان بۆ سەردەبڕم بەڵکو یارمەتی منیش بدەن.» بەڵام ئەوان هۆی ڕووخانی ئەو و هەموو ئیسرائیل بوون.

24 ئاحاز کەلوپەلەکانی پەرستگای خودای کۆکردەوە و پارچەپارچەی کردن، دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی داخست و لەسەر سووچی هەموو شەقامێک لە ئۆرشەلیم قوربانگای دامەزراند. 25 لەناو هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە دروستکرد و یەزدانی خودای باوباپیرانی خۆی پەست کرد.

26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتییەکەی و هەموو کردارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، وا لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.

27 ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری ئۆرشەلیم نێژرا، چونکە نەیانبردە گۆڕستانی پاشاکانی ئیسرائیل. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

حەزقیا پەرستگاکە پاک دەکاتەوە

29 حەزقیا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو. بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.

لە یەکەم مانگی ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی چاککردەوە و دەرگاکانی کردەوە. کاهین و لێڤییەکانی بردە ژوورەوە و لە گۆڕەپانەکەی ڕۆژهەڵاتدا کۆی کردنەوە و پێی گوتن: «ئەی لێڤییەکان گوێم لێ بگرن، ئێستا خۆتان تەرخان بکەن و پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان تەرخان بکەن. گڵاوی لە پیرۆزگا دەربکەن، چونکە باوباپیرانمان ناپاکییان کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارمان خراپەکارییان کرد و بەجێیان هێشت. ڕوویان لە نشینگەی یەزدان وەرگێڕا و پشتیان تێکرد، هەروەها دەرگاکانی هەیوانەکەیان داخست و چراکەیان کوژاندەوە و بخووریان نەسووتاند و هیچ قوربانی سووتاندنیان لە پیرۆزگادا بۆ خودای ئیسرائیل نەکرد. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هاتە خوارەوە، ئەویش کردنی بە پەند و مایەی سەرسوڕمان و تانە و تەشەر، هەروەک بە چاوی خۆتان دەیبینن. لەبەر ئەمە باوباپیرانمان بە شمشێر کوژران و کوڕ و کچ و ژنەکانمان دیلن.[c] 10 ئێستاش لە دڵمدایە پەیمانێک لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ببەستم، بەڵکو گڕی تووڕەییەکەی لە ئێمە دابمرکێتەوە. 11 کوڕەکانم، ئێستا کەمتەرخەمی مەکەن، چونکە یەزدان ئێوەی هەڵبژارد هەتا لەبەردەمی ڕابوەستن و خزمەتی بکەن و ببن بە خزمەتکار و بخوور بسووتێن بۆی.»

12 ئینجا ئەم لێڤییانە هەستان بە خزمەتەکەیان:

لە نەوەی قەهاتییەکان،

مەحەتی کوڕی عەماسەی و یۆئێلی کوڕی عەزەریا؛

لە نەوەی مەراری،

قیشی کوڕی عەبدی و عەزەریای کوڕی یەهەلەلئێل؛

لە گێرشۆنییەکانیش،

یۆئاحی کوڕی زیما و عەدەنی کوڕی یۆئاح؛

13 لە نەوەی ئەلیچافان،

شیمری و یەعیێل؛

لە نەوەی ئاساف،

زەکەریا و مەتەنیا؛

14 لە نەوەی هێیمان،

یەحیێل و شیمعی؛

لە نەوەی یەدوتون،

شەمەعیا و عوزیێل.

15 کاتێک برا لێڤییەکانیان کۆکردبووەوە و خۆیان تەرخان کردبوو، بە فەرمانی پاشا چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان پەرستگاکە پاک بکەنەوە. 16 کاهینەکان چوونە ناو پیرۆزگای یەزدانەوە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە و هەموو ئەو گڵاوییەی لەناو پەرستگای یەزداندا دۆزییانەوە، بردیانە دەرەوە بۆ حەوشەی پەرستگای یەزدان و لێڤییەکانیش هەڵیانگرت بۆ ئەوەی دەریبکەنە دەرەوە بۆ دۆڵی قدرۆن. 17 لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکدا دەستیان بە تەرخانکردنەکە کرد و لە ڕۆژی هەشتی مانگدا گەیشتنە هەیوانەکەی پەرستگای یەزدان. لەپاش ئەوە هەشت ڕۆژی دیکەش پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد و لە ڕۆژی شازدەی مانگی یەکدا کۆتاییان پێهێنا.

18 ئینجا چوونە ژوورەوە بۆ لای حەزقیای پاشا و گوتیان: «هەموو پەرستگای یەزدان و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و مێزی نانی تەرخانکراو و هەموو قاپوقاچاغەکانیمان پاککردەوە، 19 لەگەڵ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی کە ئاحازی پاشا فڕێیدا لە سەردەمی پاشایەتییەکەیدا لە ناپاکییەکەی، ئامادە و تەرخانمان کردوون و ئێستا لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانن.»

20 بەیانی زوو حەزقیای پاشا هەستا و کاربەدەستەکانی شاری کۆکردەوە و چوو بۆ پەرستگای یەزدان. 21 حەوت گا و حەوت بەران و حەوت بەرخی نێر و حەوت گیسکی نێریان هێنا بۆ قوربانی گوناه لە پێناوی پاشایەتییەکە و پیرۆزگا و یەهودا. فەرمانی بە کاهینەکان کە لە نەوەی هارون بوون کرد سەریان بخەنە سەر قوربانگاکەی یەزدان. 22 ئیتر گایەکانیان سەربڕی و کاهینەکان خوێنەکەیان وەرگرت و بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندیان؛ دواتر بەرانەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە؛ ئینجا بەرخەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە. 23 پاشان گیسکەکانی قوربانی گوناهیان بردە بەردەم پاشا و کۆمەڵ و ئەوانیش دەستیان لەسەر دانان. 24 ئینجا کاهینەکان سەریان بڕین و خوێنەکەیان پێشکەش کردە سەر قوربانگاکە وەک قوربانی گوناه و کەفارەتیان بۆ هەموو ئیسرائیل کرد، چونکە پاشا گوتی، قوربانی سووتاندن و قوربانییەکەی گوناه بۆ هەموو ئیسرائیلە.

25 ئینجا لێڤییەکانی لە پەرستگای یەزدان ڕاگرت، بە سەنج و قیسارە و سازەوە، بەگوێرەی فەرمانی داود، گاد کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند و ناتانی پێغەمبەریش، چونکە فەرمانەکە لەلایەن یەزدانەوە بوو لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانییەوە. 26 ئیتر لێڤییەکان بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودەوە و کاهینەکانیش بە کەڕەناوە ڕاوەستان.

27 حەزقیاش فەرمانی دا بە سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکە بۆ سەر قوربانگاکە و لە کاتی دەستپێکردنی قوربانی سووتاندنەکەدا، ستایشی یەزدان دەستی پێ کرد لەگەڵ لێدانی کەڕەنا و ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پاشای ئیسرائیل. 28 هەموو کۆمەڵەکەش کڕنۆشیان دەبرد و گۆرانیبێژەکان گۆرانییان دەگوت و کەڕەنا لێدەرەکانیش فوویان بە کەڕەناکانیاندا دەکرد، هەر هەموو بەردەوام بوون هەتا قوربانی سووتاندنەکە کۆتایی پێهات.

29 لە کاتی تەواوبوونی قوربانی سووتاندنەکە، پاشا و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون چەمانەوە و کڕنۆشیان برد. 30 حەزقیای پاشا و کاربەدەستەکان بە لێڤییەکانیان گوت کە بە وشەکانی داود و ئاسافی پێشبینیکەر ستایشی یەزدان بکەن، ئەوانیش بە خۆشییەوە ستایشیان کرد و چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.

31 ئینجا حەزقیا گوتی: «ئێستا خۆتان بۆ یەزدان تەرخان کردووە، وەرنە پێش و قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزاری بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.» پاشان کۆمەڵەکە قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزارییان هێنا و هەرکەسێکیش لە دڵەوە ئارەزووی کرد قوربانی سووتاندنی هێنا.

32 ژمارەی ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە کۆمەڵەکە هێنایان، حەفتا گا و سەد بەران و دوو سەد بەرخی نێر بوو، هەموو ئەمانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بوون. 33 ئاژەڵە تەرخانکراوەکانیش شەش سەد گا و سێ هەزار مەڕ و بزن بوون. 34 بەڵام کاهینەکان کەم بوون و نەیانتوانی هەموو قوربانی سووتاندنەکان کەوڵ بکەن، لەبەر ئەوە برا لێڤییەکانیان یارمەتییان دان، هەتا کارەکە تەواو بوو و هەتا کاهینی دیکەش خۆیان تەرخان کرد، چونکە لێڤییەکان بۆ خۆتەرخانکردن لە کاهینەکان دڵسۆزتر بوون. 35 هەروەها قوربانی سووتاندنەکان زۆر بوون بە پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی و بە شەرابی پێشکەشکراوی قوربانی سووتاندنەکان.

بەم شێوەیە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان جارێکی دیکە بەردەوامی پێدرایەوە. 36 حەزقیا و هەموو گەلیش دڵشاد بوون لەبەر ئەوەی خودا گەلی ئامادە کرد، چونکە کارەکە کتوپڕ بوو.

حەزقیا لە جەژنی پەسخە

30 حەزقیا ناردی بەدوای هەموو خەڵکی ئیسرائیل و یەهودا، هەروەها نامەشی بۆ ئەفرایم و مەنەشە نووسی هەتا بێنە پەرستگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بگێڕن. پاشا و سەرکردەکانی و هەموو کۆمەڵەکە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان دا کە لە مانگی دوو جەژنی پەسخە بگێڕن، چونکە نەیانتوانی لە کاتی خۆیدا بیکەن، لەبەر ئەوەی هێشتا کاهینەکان بە تەواوەتی خۆیان تەرخان نەکردبوو، گەلیش لە ئۆرشەلیم کۆنەببوونەوە. ئینجا پلانەکە لەبەرچاوی پاشا و هەموو کۆمەڵەکە پەسەند بوو. بڕیاریان دا لەناو هەموو ئیسرائیل لە بیری شابەعەوە هەتا دان بانگەواز بکەن، بۆ ئەوەی بێن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بگێڕن، چونکە زۆر دەمێک بوو وەک ئەوەی نووسراوە نەیانکردبوو.

بە فەرمانی پاشا پەیامبەرەکان بە نامەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی بەناو هەموو ئیسرائیل و یەهودا گەڕان و بەپێی فەرمانی پاشا دەیانگوت:

«ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە لای یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، بۆ ئەوەی ئەویش بگەڕێتەوە لای ئەوانەی لێتان ماونەتەوە و لە چنگ پاشاکانی ئاشور دەربازبوون. وەک باوباپیرانتان و براکانتان مەبن، ئەوانەی ناپاکییان لەگەڵ یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان کرد، هەروەک دەبینن ئەویش وای کرد خەڵک بتۆقێت لەوەی بەسەر ئەوان هاتووە. ئێستا وەک باوباپیرانتان کەللەڕەقی مەکەن، بەڵکو ملکەچ بن بۆ یەزدان و بچنە ناو پیرۆزگاکەیەوە، ئەوەی هەتاهەتایە تەرخانی کردووە. یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بۆ ئەوەی گڕی تووڕەییەکەی لە ئێوە دابمرکێتەوە. ئەگەر ئێوە بۆ لای یەزدان بگەڕێنەوە، ئەوا برا ئیسرائیلی و منداڵەکانتان لەلایەن ڕاپێچکەرانیان بەزەییان پێیاندا دێتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان میهرەبان و بە بەزەییە. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان ئەویش ڕەتتان ناکاتەوە.»

10 پەیامبەرەکان لە شار بە شار دەگەڕان، لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە هەتا زەبولون، بەڵام خەڵکی پێیان پێدەکەنین و گاڵتەیان پێ دەکردن. 11 هەرچەندە هەندێک کەس لە ئاشێر و مەنەشە و زەبولون خۆیان نزم کردەوە و چوونە ئۆرشەلیم. 12 هەروەها خودا پشتگیری یەهودای کرد، یەک دڵی پێ بەخشین، هەتا بە فەرمانی پاشا و سەرکردەکان بکەن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان.

13 لە مانگی دوو خەڵکانێکی زۆر لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە هەتا جەژنی فەتیرە بگێڕن، کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوون. 14 هەستان و ئەو قوربانگایانەی لە ئۆرشەلیم بوون لایان بردن، هەروەها هەموو قوربانگاکانی بخوور سووتاندیان لابرد و فڕێیان دانە دۆڵی قدرۆن.

15 لە چواردەی مانگی دوو بەرخی پەسخەیان سەربڕی.[d] کاهین و لێڤییەکان شەرمەزار بوون و خۆیان تەرخان کرد، قوربانی سووتاندنەکانیان بردە ناو پەرستگای یەزدان. 16 کاهینەکان لە شوێنەکانی خۆیان ڕاوەستان، بەو شێوەیەی کە بەپێی تەوراتی موسای پیاوی خودا بۆیان دانرابوو، خوێنەکەیان لە دەستی لێڤییەکان وەردەگرت و دەیانپرژاند. 17 ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵەکە خۆیان تەرخان نەکردبوو، ئیتر لێڤییەکان بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی لە جیاتی هەموو ئەوانەی پاک نەبوون و نەیاندەتوانی بەرخەکەیان بۆ یەزدان تەرخان بکەن. 18 هەرچەندە زۆربەی ئەو خەڵکە زۆرەی کە لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە و یەساخار و زەبولونەوە هاتبوون خۆیان پاک نەکردبووەوە، بەڵام لە قوربانییەکەی پەسخەیان خوارد، بە پێچەوانەی ئەوەی نووسراوە. بەڵام حەزقیا نوێژی بۆ کردن و گوتی: «با یەزدانی چاک لە هەرکەسێک خۆشبێت 19 کە بە هەموو دڵەوە ڕووی لە خودا کردووە، لە یەزدانی خودای باوباپیرانی خۆی، هەرچەندە بەپێی ڕێوڕەسمی پیرۆزگا پاک نەبێت.» 20 ئیتر یەزدان گوێی لە حەزقیا گرت و گەلی چاککردەوە.

21 نەوەی ئیسرائیل ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بوون حەوت ڕۆژ بە خۆشییەکی زۆرەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، لێڤی و کاهینەکانیش هەر ڕۆژێک بە دەنگ بەرزی ئامێرە مۆسیقییەکانیان ستایشی یەزدانیان دەکرد کە بۆ ستایشکردنی یەزدان تەرخانکرابوون.

22 حەزقیاش دڵی هەموو ئەو لێڤییانەی خۆش کرد کە تێگەیشتنی چاکیان نواند لە خزمەتکردنی یەزدان. بە درێژایی ئەو حەوت ڕۆژە بەشی دیاریکراویان دەخوارد و قوربانی هاوبەشییان سەربڕی و ستایشی یەزدانی خودای باوباپیرانیان دەکرد.

23 پاشان هەموو کۆمەڵ ڕازی بوون کە حەوت ڕۆژی دیکە درێژە بە جەژنەکە بدەن، ئیتر حەوت ڕۆژی دیکە بە خۆشییەوە ئاهەنگیان گێڕا. 24 حەزقیای پاشای یەهودا هەزار گا و حەوت هەزار مەڕ و بزنی بە کۆمەڵەکە بەخشی و سەرکردەکانیش هەزار گا و دە هەزار مەڕ و بزنیان بە کۆمەڵەکە بەخشی، زۆر لە کاهینەکانیش خۆیان تەرخان کرد. 25 هەموو کۆمەڵی یەهودا، کاهین و لێڤییەکان و هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ئیسرائیلەوە هاتبوون دڵخۆش بوون، لەگەڵ ئەو بیانییانەی لە خاکی ئیسرائیلەوە هاتبوون و ئەوانەش کە لە یەهودا نیشتەجێ بوون. 26 جا لە ئۆرشەلیم خۆشییەکی گەورە هەبوو، چونکە لە سەردەمی سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیلەوە، شتی بەو جۆرە لە ئۆرشەلیم نەکرابوو. 27 ئینجا کاهینە لێڤییەکان هەستان و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد، ئینجا لەلایەن خوداوە دەنگیان بیسترا و نوێژەکانیان چووە ژوورەوە بۆ ناو نشینگەی پیرۆز لە ئاسمان.

31 پاش تەواوبوونی هەموو ئەمانە، تەواوی ئیسرائیل ئەوانەی کە ئامادە بوون چوونە ناو شارۆچکەکانی یەهودا، بەردە تەرخانکراوەکانیان شکاند و ستوونە ئەشێراکانیان بڕییەوە. لە تەواوی خاکی یەهودا و بنیامین و ئەفرایم و مەنەشە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانیان ڕووخاند، هەتا تەواو بوون. پاشان هەموو ئیسرائیل هەریەکە و گەڕایەوە بۆ موڵکەکەی خۆی لە شارۆچکەکانیان.

پیتاک بۆ ستایشکردن

حەزقیا ئەرکی بە کاهین و لێڤییەکان سپارد، هەرکەسە و بەگوێرەی بەش و خزمەتەکەی وەک کاهین یان لێڤی، بۆ کردنی قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، بۆ خزمەتکردن، بۆ وتنەوەی سوپاسگوزاری و سروودی ستایشکردن لە دەروازەکانی نشینگەی یەزدان. پاشا بەشێکی لە سامانەکەی خۆشی دا بۆ قوربانی سووتاندنەکان، قوربانی سووتاندنەکانی بەیانییان و ئێواران و قوربانی سووتاندنەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان، بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان نووسراوە. هەروەها فەرمانی بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دا، کە بەشی کاهین و لێڤییەکان بدرێت هەتا بتوانن خۆیان تەرخان بکەن بۆ تەوراتی یەزدان. پاش ئەوەی ئەم فەرمانە بڵاو بووەوە، نەوەی ئیسرائیل بە دڵفراوانییەوە یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و هەنگوین و هەموو بەروبوومی کێڵگەیان بەخشی. زۆریان هێنا، دەیەک لە هەموو شتێک. هەروەها نەوەی ئیسرائیل و یەهودا ئەوانەی کە لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، ئەوانیش دەیەکی مەڕوماڵاتەکەیان هێنا، دەیەکی شتە پیرۆزکراوەکان کە بۆ یەزدانی پەروەردگاریان تەرخانکراوە، هێنایان و کۆمەڵ کۆمەڵیان کرد. لە مانگی سێ دەستیان بە کۆکردنەوەیان کرد و لە مانگی حەوت کۆتاییان پێهێنا. کاتێک حەزقیا و سەرکردەکان هاتن و کۆمەڵەکانیان بینی، ستایشی یەزدانیان کرد، داوای بەرەکەتیان بۆ ئیسرائیلی گەلەکەی کرد.

کاتێک حەزقیا لەبارەی کۆمەڵکراوەکانەوە پرسیاری لە کاهین و لێڤییەکان کرد، 10 عەزەریای سەرۆکی کاهینیش کە سەر بە ماڵی سادۆق بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «لەو کاتەی دەستکراوە بە هێنانی پیتاک بۆ پەرستگای یەزدان، خواردوومانە و تێر بووین، زۆریشی لێ ماوەتەوە، چونکە یەزدان گەلەکەی خۆی بەرەکەتدار کردووە و ئەم بەشە زۆرەشی لێ ماوەتەوە.»

11 حەزقیاش فەرمانی دا بۆ ئامادەکردنی ژووری ئەمبار لە پەرستگای یەزدان، ئەوانیش ئامادەیان کردن. 12 ئینجا پیتاک و دەیەک و شتە تەرخانکراوەکانیان بە دەستپاکییەوە هێنا، کۆنەنیاهوی لێڤی لێپرسراویان بوو، شیمعی براشی جێگری بوو. 13 یەحیێل، عەزەریاهو، نەحەت، عەساهێل، یەریمۆت، یۆزاڤاد، ئەلیێل، یەسمەخیاهو، مەحەت و بەنایا سەرپەرشتیار بوون لەژێر دەستی کۆنەنیاهو و شیمعی برای، بەپێی ئەو ڕێکخستنەی کە حەزقیای پاشا و عەزەریای لێپرسراوی یەکەم لە پەرستگای خودا دایاننا.

14 قۆرێی کوڕی یمنەی لێڤیش دەرگاوانی ڕۆژهەڵات و بەرپرسی بەخشینە ئازادەکان[e] بوو کە بە خودا دەبەخشران، هەروەها دابەشکردنی[f] بەخشینە ئازادەکان و دیارییە تەرخانکراوەکان. 15 لەناو شارەکانی کاهینان، عەدەن و مینیامین و یێشوع و شەمەعیا و ئەمەریا و شەخەنەیا بە دڵسۆزییەوە یارمەتی قورێ‌یان دەدا. هەریەکە لە بەشی خۆی پێشکەشکراوەکانی بەسەر برا کاهینەکان دابەش دەکرد، بەبێ جیاوازی لەنێوان گەورە و بچووک.

16 سەرباری ئەمانەش، بۆ نێرینەی تەمەن سێ ساڵان بەرەو سەرەوە دابەشیان کرد، ئەوانەی لە تۆماری ڕەچەڵەکدا نووسراون، بۆ هەموو ئەوانەی دەچنە ناو پەرستگای یەزدان، بۆ ئەوەی بەگوێرەی خزمەتی بەشەکانیان بە ئەرکی ڕۆژانەیان هەستن. 17 دابەشکردن بەسەر کاهینان بەگوێرەی تۆماری ڕەچەڵەکی کاهینەکان بوو بەپێی بنەماڵەکانیان و بۆ لێڤییەکانیش لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بەپێی خزمەتی بەشەکانیان. 18 بە هەمان شێوە بۆ تۆماری ڕەچەڵەکی هەموو ژن و منداڵ، کوڕ و کچەکانیان لەناو هەموو کۆمەڵەکە، چونکە بە دڵسۆزییەوە خۆیان تەرخان کرد.

19 بۆ ئەو کاهینانەش کە لە دەشتی دەوروبەری شارەکانی کاهینان و شارۆچکەکانی دیکەش دانیشتبوون، بۆ هەموو ئەوانەی کە لە نەوەی هارون بوون و لە ڕەچەڵەکی لێڤییەکان تۆمار کرابوون، ئەو پیاوانەی کە ناویان دیاری کرابوون بەشی هەموو نێرینەیەکی دابەش کرد.

20 حەزقیا ئەمەی لە هەموو یەهودا کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی ئەوەی کرد کە چاک و ڕێک و ڕاستە. 21 لە هەموو کارێک کە بەگوێرەی تەورات و فێرکردنەکانی لە خزمەتی پەرستگای یەزدان ئەنجامی دا، ڕووی لە خودا کرد و بە هەموو دڵییەوە کاری کرد، ئیتر سەرکەوتوو بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.