Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پوختەی مێژوو 28-29

نەخشەی داود بۆ پەرستگا

28 داود هەموو ڕابەرانی ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە: سەرۆک هۆزەکان؛ سەرلەشکری ئەو لەشکرانەی کە لە خزمەتی پاشا بوون، لەگەڵ فەرماندەی هەزاران و سەدان؛ ئەو کاربەدەستانەی کە لێپرسراوی ماڵوموڵک و ئاژەڵەکانی پاشا و کوڕەکانی بوون، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆشکی پاشا؛ پاڵەوانەکان و هەموو جەنگاوەرە دلێر و ئازاکان.

داودی پاشا هەستایە سەر پێ و گوتی: «گوێم لێ بگرن ئەی گەلی برام، من لە دڵمدا بوو ماڵێکی حەوانەوە بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان و بۆ تەختەپێی خودامان بنیاد بنێم و خۆمم بۆ بنیادنان ئامادە کرد. بەڵام خودا پێی فەرمووم: ”ماڵ بۆ ناوەکەم بنیاد مەنێ، چونکە تۆ پیاوی جەنگیت و خوێنت ڕشتووە.“

«لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو ماڵی باوکم منی هەڵبژارد تاکو بۆ هەتاهەتایە ببمە پاشای ئیسرائیل، چونکە یەهودای وەک ڕابەر هەڵبژارد، لە هۆزی یەهوداش ماڵی باوکم، لە کوڕەکانی باوکیشم بە من خۆشحاڵ بوو بۆ ئەوەی بمکاتە پاشای هەموو ئیسرائیل. لەنێو هەموو ئەو کوڕانەم کە یەزدان پێی بەخشیوم، سلێمانی کوڕمی هەڵبژاردووە هەتا لەسەر تەختی پاشایەتی یەزدانی ئیسرائیل دابنیشێت. پێی فەرمووم: ”سلێمانی کوڕت ماڵەکەم و حەوشەکەم بۆ بنیاد دەنێت، چونکە ئەوم بە کوڕی خۆم هەڵبژاردووە و منیش دەبمە باوکی ئەو، ئەگەر بەردەوام بێت لە کارکردن بە فەرمان و حوکمەکانم، ئەوا پاشایەتییەکەی هەتاهەتایە جێگیر دەکەم.“

«ئێستاش لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل کە کۆمەڵی یەزدانە و لەبەردەم خوداشمان، ڕاتاندەسپێرم: ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەم خاکە چاکە و هەتاهەتایە وەک میراتیش بۆ نەوەکانتان بیهێڵنەوە.

«سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە. 10 ئێستاش ببینە، چونکە یەزدان هەڵیبژاردوویت بۆ ئەوەی ماڵێک بۆ پیرۆزگاکە بنیاد بنێیت، جا بەهێزبە و کار بکە.»

11 پاشان داود نەخشەی هەیوانەکەی پەرستگا و تەلار و گەنجینە و ژوورەکانی سەرەوەی و ناوەوەی و قەپاغی کەفارەتی[a] دایە سلێمانی کوڕی. 12 نەخشەکانی هەموو ئەو شتانەش کە بەهۆی ڕۆحی خوداوە لە دڵیدا بوو، ئەوەی حەوشەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو ژوورەکانی دەوروبەری و گەنجینەکانی پەرستگای خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان. 13 هەروەها ڕێنمایی پێدا لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان و هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان و هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان. 14 کێشی زێڕ و زیوی ئەو قاپوقاچاغە زێڕین و زیوینەی دیاری کرد کە لە خزمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنران: 15 کێشی چرادانە زێڕینەکە و چراکانیشیان کە لە زێڕ بوو، کێشی زێڕ بۆ هەر چرادانێک و چراکانی؛ بۆ چرادانە زیوینەکانیش، کێشی زیو بۆ هەر چرادانێک و چراکانی، بەپێی جۆری خزمەتی هەر چرادانێک؛ 16 کێشی زێڕ بۆ هەر مێزێکی نانی تەرخانکراو؛ کێشی زیویش بۆ مێزە زیوینەکان؛ 17 کێشی زێڕی بێگەرد بۆ چەنگاڵ و تاس[b] و دۆلکەکان؛ بۆ جامە زێڕینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک و بۆ جامە زیوینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک؛ 18 کێشی زێڕی پوختەکراویش بۆ قوربانگای بخوورەکە. هەروەها نەخشەی گالیسکەی کەڕوبەکانی[c] پێدا، کە باڵیان کردووەتەوە و سێبەریان بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان کردووە.

19 داود گوتی: «هەموو ئەمانەم نووسیوەتەوە سروشی یەزدانە بۆ من، ڕوونکردنەوەکانی ئەم نەخشەیەش یەزدان تێیگەیاندم.»

20 هەروەها داود بە سلێمانی کوڕی گوت: «بەهێزبە و ئازابە، کار بکە و مەترسە، ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگار، خودای من لەگەڵتدایە. ئەو وازت لێ ناهێنێت و بەجێت ناهێڵێت هەتا هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان تەواو دەکەیت. 21 بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان بۆ هەموو خزمەتێکی پەرستگای خودا ئامادەن، هەموو وەستایەکی شارەزا و خۆبەخشت لەگەڵدایە بۆ هەموو کارێک، سەرکردەکان و هەموو گەلیش پەیڕەوی هەموو فەرمانێکی تۆ دەکەن.»

پیتاک بەخشین بۆ بنیادنانی پەرستگا

29 پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «سلێمانی کوڕم، ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە، گەنجێکی پێنەگەیشتووە. کارەکەش گەورەیە، چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە. منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە، زێڕ بۆ زێڕنگەری، زیو بۆ زیوگەری، بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری، ئاسن بۆ ئاسنگەری، تەختە بۆ دارتاشی، بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە[d] و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ، هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی. لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە، لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم، ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم: سێ هەزار تالنت[e] زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت[f] زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت، هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش. ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»

ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان، لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی. بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت[g] زێڕ و دە هەزار درهەمی[h] زێڕ، دە هەزار تالنت[i] زیو، هەژدە هەزار تالنت[j] بڕۆنز و سەد هەزار تالنت[k] ئاسنیان بەخشی. ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو. گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی، داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.

نوێژی داود

10 داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی:

«ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان،
    خودای ئیسرائیل، باوکمانی
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
11 ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا،
    مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ،
    چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە.
ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و
    تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.
12 دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن،
    تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت.
هێز و توانا لە دەستی تۆدان
    تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.
13 ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و
    ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین.

14 «بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە. 15 ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین[l]. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە. 16 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە هەتا پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە. 17 خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت. 18 ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە. 19 هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»

20 پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی خودای باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.

دانپێدانانی پاشایەتی سلێمان

21 پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست، هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل. 22 جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە.

پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا، سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە. 23 ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت، لە جێی داودی باوکی. سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون. 24 هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.

25 یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد، شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.

مردنی داود

26 داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، 27 ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 28 لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز، تێری خواردبوو. پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

29 ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون، هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر، 30 لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.

دووەم پوختەی مێژوو 1

داواکردنی دانایی لەلایەن سلێمانەوە

سلێمانی کوڕی داود دەسەڵاتی خۆی بەسەر پاشایەتییەکەیدا بەهێز کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو، زۆر مەزنی کرد.

پاشان سلێمان قسەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیل کرد، لەگەڵ فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، هەروەها دادوەرەکان و هەموو سەرکردەکان لە هەموو ئیسرائیل کە گەورەی بنەماڵەکان بوون. ئیتر سلێمان و هەموو کۆمەڵەکە لەگەڵی چوونە سەر ئەو نزرگەیەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆنە، چونکە چادری چاوپێکەوتنی خودا ئەوەی موسای بەندەی یەزدان لە چۆڵەوانیدا دروستی کرد، لەوێ بوو. داود لە قیریەت یەعاریمەوە سندوقی خودای هێنا بۆ ئەو شوێنەی کە ئامادەی کردبوو، لەبەر ئەوە لە ئۆرشەلیم چادرێکی بۆ هەڵدابوو. بەڵام ئەو قوربانگا بڕۆنزییەی کە بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوور دروستی کردبوو، لە گبعۆن لەبەردەم چادرەکەی پەرستنی یەزدان بوو، ئیتر سلێمان و کۆمەڵەکە لەوێ پرسیاریان لە یەزدان کرد. سلێمان لە یەزدان چووە پێشەوە و هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر قوربانگا بڕۆنزییەکە کە لەبەردەم چادری چاوپێکەوتندا بوو.

لەو شەوەدا خودا بۆ سلێمان دەرکەوت و پێی فەرموو: «داوا بکە، چیت پێ بدەم؟»

سلێمانیش بە خودای گوت: «تۆ لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، منت لە جێی ئەو کردووەتە پاشا. ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگار، با بەڵێنەکەت لەگەڵ داودی باوکمدا بچەسپێت، چونکە تۆ منت کردووەتە پاشای گەلێکی زۆر کە وەک خۆڵی زەوییە. 10 ئێستا دانایی و زانینم پێ ببەخشە بۆ ئەوەی ڕابەرایەتی ئەم گەلە بکەم، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

11 خوداش بە سلێمانی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمە لە دڵتدا بوو و داوای دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەداری و مردنی دوژمنەکانت و داوای تەمەن درێژیت نەکرد، بەڵکو داوای دانایی و زانینت بۆ خۆت کرد، بۆ ئەوەی دادوەرایەتی گەلەکەم بکەیت، ئەوەی تۆم کردووەتە پاشای، 12 ئەوا دانایی و زانینت پێ دەبەخشم. سەرباری ئەوەش دەوڵەمەندی و پارە و پوول و پایەدارییەکی وات پێ دەبەخشم کە شتی وا نەبووبێت بۆ پاشاکانی پێش تۆ و بۆ ئەوانەی لەدوای تۆش دێن.»

13 پاشان سلێمان لە چادری چاوپێکەوتنەوە کە لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو چوو بۆ ئۆرشەلیم و پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.

14 سلێمان گالیسکە و ئەسپ سواری کۆکردەوە، هەزار و چوار سەد گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپ سواری هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان و لەگەڵ خۆیدا لە ئۆرشەلیم داینان. 15 پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زێڕ و زیو وەک بەردیان لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت. 16 ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و لە قەڤێیەوە[a] هاوردە دەکران. بازرگانەکانی پاشا لە قەڤێیەوە بە نرخێکی بازاڕ وەریاندەگرتن. 17 گالیسکە لە میسرەوە بە شەش سەد شاقل[b] زیو و ئەسپیش بە سەد و پەنجا[c] هاوردەیان دەکرد، هەروەها بۆ هەموو پاشاکانی حیتی و ئارامی هەناردەیان دەکرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.