Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پوختەی مێژوو 15-17

هێنانی سندوقی پەیمان بۆ ئۆرشەلیم

15 داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا. ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»

داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو. هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.

لە نەوەی قەهات،

ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.

لە نەوەی مەراری،

عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.

لە نەوەی گێرشۆن،

یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی.

لە نەوەی ئەلیچافان،

شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی.

لە نەوەی حەبرۆن،

ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی.

10 لە نەوەی عوزیێل،

عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی.

11 ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون. 12 پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە، 13 چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.» 14 ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. 15 نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.

16 داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.

17 لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو، 18 لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.

19 مۆسقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا. 20 زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت[a] دەژەند. 21 مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت[b] دەژەند. 22 کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.

23 بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون. 24 کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.

25 داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە. 26 کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی. 27 داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو. 28 هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.

29 کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.

خزمەتکردن لەبەردەم سندوقی یەزدان

16 ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان[c] لەبەردەم خودا سەرخست. پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد.

چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا: ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا، بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا.

ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە:

ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
    کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
10 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
    با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
11 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
    بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

12 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
    پەرجوو[d] و حوکمەکانی دەمی.
13 ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو،
    ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
14 ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
    حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

15 بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
    ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
16 ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
    ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،
17 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
    وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
18 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ،
    بەشە میراتی خۆتانە.»

19 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
    کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
20 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
    لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
21 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
    بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
22 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن،
    خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»

23 ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
    ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
24 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
    لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.

25 چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
    سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
26 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
    بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
27 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
    هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.

28 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
    ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
29     ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
30 ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن،
    جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.

31 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
    لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»
32 با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
    با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
33 ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن،
    چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.

34 ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
35 بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە،
    لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
    شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»
36 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»

37 داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت هەتا بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا. 38 هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.

39 داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن، 40 هەتا بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد. 41 لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات هەتا سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» 42 لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.

43 پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە هەتا داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.

بەڵێنی خودا بۆ داود

17 پاش ئەوەی داود لە کۆشکەکەی نیشتەجێ بوو، داود بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی پەیمانی یەزدانیش لەژێر چادردایە.»

ناتانیش بە داودی گوت: «هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە خودا لەگەڵتدایە.»

بەڵام هەر لەو شەوە فەرمایشتی خودا بۆ ناتان هات:

«بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەو کەسە تۆ نیت کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت، لەو ڕۆژەوەی کە ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چووم، هەر لەنێو چادری پەرستندا بووم. لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلەکەم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘“

«ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم. لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین. شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە، 10 وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە.

«”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی ماڵت بۆ دروستدەکات. 11 کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە کوڕەکانت دەبێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 12 ئەو ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەکەم. 13 من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت، هەروەک چۆن دامماڵی لەوەی لەپێش تۆ بوو. 14 بۆ هەتاهەتایەش لە ماڵەکەم و لەناو پاشایەتییەکەمدا دایدەنێم، هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەبێت.“»

15 ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە قسەی لەگەڵ داود کرد.

نوێژی داود

16 ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی:

«یەزدانی پەروەردگار، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟ 17 ئەی خودایە، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئایندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت. ئەی یەزدانی پەروەردگار، بە کەسێکی پایەبەرز داتنام و تەماشات کردم.

18 «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت کە بەندەکەتت پایەدار کردووە؟ چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت. 19 ئەی یەزدان، تۆ لە پێناوی بەندەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم هەموو بەڵێنە گەورانە بزانرێن.

20 «ئەی یەزدان، کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە. 21 هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە. 22 ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت بۆ هەتاهەتایە کردە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.

23 «ئەی یەزدان، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، با بۆ هەتاهەتایە بچەسپێت، هەروەک فەرمووت ئاوا بکە، 24 بیچەسپێنە، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە ناوت مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالاری خودای ئیسرائیل، خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.

25 «ئەی خودای من، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد کە ماڵێکی بۆ بنیاد دەنێیت، لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی لەبەردەمتدا نزا بکات. 26 ئەی یەزدان، تۆ خودایت، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە. 27 ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدان، چونکە تۆ بەرەکەتدارت کردووە و بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتدار دەبێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.