Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Beginning

Read the Bible from start to finish, from Genesis to Revelation.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پوختەی مێژوو 9-11

ڕەچەڵەکی هەموو ئیسرائیل تۆمارکرا و لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا نووسراون. بەهۆی ناپاکییانەوە بۆ بابل ڕاپێچ کران.

دانیشتووانی ئۆرشەلیم

ئەوانەی کە یەکەم جار گەڕانەوە و لەناو زەوی و زار و شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، هەندێک ئیسرائیلی و کاهین و لێڤی و کۆیلەی تەرخانکراو[a] بوون.

ئەوانەی لە نەوەی یەهودا، لە نەوەی بنیامین، لە نەوەی ئەفرایم و مەنەشە لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون، ئەمانە بوون:

عوتەیی کوڕی عەمیهودی کوڕی عۆمری کوڕی ئیمریی کوڕی بانی لە نەوەی پێرێزی کوڕی یەهودا بوو؛

لە شالەحییەکان:

عەسایای نۆبەرە و کوڕەکانی؛

لە نەوەی زەرەح:

یەعوئێل؛

سەرجەم ئەوانەی لە نەوەی یەهودا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون شەش سەد و نەوەد کەس بوون.

لە نەوەی بنیامین:

سەلوی کوڕی مەشولامی کوڕی هۆدەیڤاهوی کوڕی هەسەنوئا؛

یەڤنەیای کوڕی یەرۆحام؛ ئێلەی کوڕی عوزی کوڕی میخری و مەشولامی کوڕی شەفەتیای کوڕی ڕەعوئێلی کوڕی یەڤنییا.

سەرجەم نەوەی بنیامین کە بەپێی ڕەچەڵەکیان تۆمار کرابوون، نۆ سەد و پەنجا و شەش کەس بوون. هەموو ئەم پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکانیان بوون.

10 لە کاهینەکان:

یەدایا، یەهۆیاریڤ، یاکین،

11 عەزەریای کوڕی حیلقیای کوڕی مەشولامی کوڕی سادۆقی کوڕی مەرایۆتی کوڕی ئەحیتوڤی لێپرسراوی ماڵی خودا بوو؛

12 عەدایای کوڕی یەرۆحامی کوڕی پەشحوری کوڕی مەلکیا و مەعسەیی کوڕی عەدیێلی کوڕی یەحزێرای کوڕی مەشولامی کوڕی مەشیلێمیتی کوڕی ئیمێر.

13 سەرجەم کاهینەکان، کە گەورەی بنەماڵەکانیان بوون، هەزار و حەوت سەد و شەست کەس بوون. بە توانا و بەرپرسیار بوون بۆ ئەنجامدانی خزمەتی ماڵی خودا.

14 لە لێڤییەکان:

شەمەعیای کوڕی حەشوڤی کوڕی عەزریقامی کوڕی حەشەڤیا لە نەوەی مەراری؛ 15 بەقبەقەر و حەرەش و گالال و مەتەنیای کوڕی میکای کوڕی زکری کوڕی ئاساف؛ 16 عۆبەدیای کوڕی شەمەعیای کوڕی گالالی کوڕی یەدوتون؛ هەروەها بەرەخیای کوڕی ئاسای کوڕی ئەلقانە، کە لە گوندەکانی نەتۆفاتییەکان نیشتەجێ بوو.

17 دەرگاوانەکان:

شەلوم، عەقوڤ، تەلمۆن، ئەحیمەن و براکانیان، شەلوم سەرۆکیان بوو. 18 هەتا ئەو کاتەش لەلای ڕۆژهەڵاتی دەروازەی پاشا، ئەوان دەرگاوانی ئۆردوگای نەوەی لێڤی بوون. 19 شەلومی کوڕی قۆرێی کوڕی ئەبیاسافی کوڕی قۆرەح و براکانی، ئەوانەی لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان بوون، ئەرکی خزمەت و پاسەوانیێتی بەردەرگاکانی پەرستگاکەیان[b] لە ئەستۆ بوو، هەروەک چۆن باوباپیرانیشیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەروازەی ئۆردوگای یەزدانیان لە ئەستۆ گرتبوو. 20 پێشتر فینەحاسی کوڕی ئەلعازار سەرۆکی دەرگاوانەکان بوو و یەزدانیش لەگەڵیدا بوو. 21 زەکەریای کوڕی مەشەلەمیاش دەرگاوانی دەرگای «چادری چاوپێکەوتن» بوو.

22 هەموو ئەوانەی بە دەرگاوانی بەردەرگاکان هەڵبژێردران دوو سەد و دوازدە کەس بوون و بەپێی ڕەچەڵەکیان لە گوندەکانیاندا تۆمار کران، باوباپیرانیان لەلایەن داود و ساموئێلی پێشبینیکەرەوە لەسەر ئەو بەرپرسیاریێتییە دانرابوون. 23 خۆیان و نەوەکانیان ئەرکی پاسەوانیێتی دەرگاکانی ماڵی یەزدانیان لە ئەستۆ بوو، ئەو ماڵەی کە پێ دەگوترا «چادری چاوپێکەوتن». 24 دەرگاوانەکان لە هەر چوار لادا بوون، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور. 25 دەبووایە برا لێڤییەکانیشیان بە نۆرە لە گوندەکانیانەوە بێن و لە جێی ئەوان بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ پاسەوان بن. 26 بەڵام هەر چوار سەرۆکی دەرگاوانەکان، کە لێڤی بوون، بەرپرسی ژوور و گەنجینەکانی ماڵی خودا بوون. 27 لە چواردەوری ماڵی خودا شەویان بەسەردەبرد، چونکە پاسەوانیێتییان لەسەر بوو، هەروەها هەموو بەیانییەک لێپرسراوی کردنەوەی بوون.

28 هەندێکیشیان لێپرسراوی قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن[c] بوون، چونکە بە ژمارە دەیانهێنانە دەرەوە و بە ژمارەش دەیانبردنەوە ژوورەوە. 29 هەندێکی دیکەشیان ئەمینداری قاپوقاچاغەکان و هەموو کەلوپەلەکانی پیرۆزگا و باشترین ئارد و شەراب و زەیتی زەیتوون و بخوور و بۆنوبەرام بوون. 30 هەندێک لە نەوەی کاهینەکانیش بۆنوبەرامەکانیان دەگرتەوە. 31 مەتیسیا یەکێک بوو لە لێڤییەکان، ئەو نۆبەرەی شەلومی قۆرەحی بوو، بەرپرسیار بوو بۆ ئامادەکردنی نانی پێشکەشکراو. 32 هەندێکیش لە نەوەی قەهاتییەکان، لە برا لێڤییەکانیان، بەرپرسیار بوون لە ئامادەکردنی نانی تەرخانکراو هەموو ڕۆژانێکی شەممە.

33 مۆسیقاژەنەکان کە گەورەی بنەماڵەی لێڤییەکان بوون لە ژوورەکانی پەرستگا جێگیر بوون و لە کاری دیکە بەخشرابوون، چونکە ئەوان بەردەوام بە ڕۆژ و بە شەو سەرقاڵی کارەکەیان بوون.

34 ئەمانە گەورەی بنەماڵە لێڤییەکان بوون، بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە سەرکردە بوون و لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.

بنەچەی شاول

35 یەعیێلی باوکی گبعۆنیش لە گبعۆندا نیشتەجێ بوو.

ژنەکەی ناوی مەعکا بوو، 36 عەڤدۆن کوڕە نۆبەرەکەی بوو، پاشان چوور، قیش، بەعل، نێر، ناداب، 37 گەدۆر، ئەحیۆ، زەکەریا و میقلۆت، 38 میقلۆتیش شیمەئامی بوو. ئەوانیش لەگەڵ خزمەکانیان، لە نزیکی یەکتر لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.

39 نێر قیشی بوو، قیش شاولی بوو، شاولیش ئەم کوڕانەی بوو: یۆناتان، مەلکی‌شوەع، ئەبیناداب و ئەشبەعل[d].

40 یۆناتان مەریڤ‌بەعلی بوو،

مەریڤ‌بەعلیش[e] میخای بوو.

41 ئەمانە کوڕەکانی میخا بوون:

پیتۆن، مەلەخ، تەحرێیەع و ئاحاز.

42 ئاحاز یادای بوو، یاداش ئەم کوڕانەی بوو: عالەمەت، عەزماڤەت و زیمری، زیمریش مۆچای بوو. 43 مۆچا بینەعای بوو، بینەعا ڕافەی بوو، ڕافە ئەلیعاسای بوو، ئەلیعاسا ئاچێلی بوو.

44 ئاچێل شەش کوڕی هەبوو، ئەمەش ناوەکانیانە:

عەزریقام، بۆخەرو، ئیسماعیل، شەعەریا، عۆبەدیا و حانان. ئەمانە کوڕەکانی ئاچێل بوون.

خۆکوشتنی شاول

10 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.

شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنە نەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.»

بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد. شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.

کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان[f] برد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان. 10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.

11 کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، 12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.

13 شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر[g] کرد بۆ ڕێنمایی و 14 داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.

بەپاشابوونی داود لە ئیسرائیل

11 هەموو ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. لە ڕابردوودا و تەنانەت کاتێک کە شاولیش پاشامان بوو، تۆ هەر ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانی خوداشت پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»

هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودیش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، ئەوانیش بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی ساموئێلەوە فەرمووبووی، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.

داود ئۆرشەلیم داگیر دەکات

داود و هەموو ئیسرائیل چوونە ئۆرشەلیم، یەبوسە[h] و یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکەش بە داودیان گوت: «تۆ ناتوانێت بێیت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.

داود پێشتر گوتبووی: «ئەوەی یەکەم جار لە یەبوسییەکان بدات دەبێتە فەرماندەی گشتی سوپا.» یۆئابی کوڕی چەرویا یەکەم جار سەرکەوت و بووە سەرکردە.

پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەوە ناویان نا شاری داود. شارەکەی بە چواردەوریدا فراوان کرد، لە تەلانەکانەوە[i] هەتا شووراکەی چواردەوری. یۆئابیش پاشماوەی شارەکەی نۆژەن کردەوە. هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.

پاڵەوانەکانی داود

10 ئەمانەش سەرکردە پاڵەوانەکانی داود بوون، ئەوانەی کە لەگەڵ هەموو ئیسرائیل پشتگیری بەهێزیان لە پاشایەتییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی هەموو خاکەکە بخەنە ژێر ڕکێفی داود، هەروەک چۆن یەزدان بەڵێنی پێدابوو. 11 ئەمەش لیستی پاڵەوانەکانی داودە:

یاشۆڤەعامی کوڕی حەکمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا سێ سەد کەسی کوشت.

12 پاش ئەویش، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. 13 ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک فەلەستییەکان لەوێ بۆ جەنگ کۆببوونەوە. لە کێڵگەیەکی پڕ لە جۆ لەشکرەکە لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات، 14 بەڵام ئەوان لەناوەڕاستی کێڵگەکەدا ڕاوەستان. بەرگرییان کرد و لە فەلەستییەکانیان دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشین.

15 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بۆ لای داود دابەزین، بۆ سەر گابەردەکە لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. 16 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو. 17 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «کێ لە بیرەکەی بێت‌لەحم، ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاوم بۆ دەهێنێت؟» 18 ئیتر ئەو سێیە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. 19 گوتی: «ئەی خودایە، لە من بەدوور بێت، ئەمە بکەم. ئایا خوێنی ئەم پیاوانە بخۆمەوە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە؟» لەبەر ئەوەی بە گیان لەسەر دەستی هێنایان، داود نەیویست بیخواتەوە.

ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.

20 ئەبیشەی برای یۆئاب ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو. 21 ئەو دوو ئەوەندە زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ دەگیرا و بووە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.

22 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت. 23 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، باڵای پێنج باڵ[j] بوو، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو وەک نۆردی جۆڵاکان بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی. 24 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد. 25 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.

26 ئەمانەش جەنگاوەرە قارەمانەکان بوون:

عەساهێلی برای یۆئاب،

ئەلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،

27 شەمۆتی هەراری،

حەلەچی پەلۆنی،

28 عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،

ئەڤیعەزەری عەناتۆتی،

29 سیبەخەیی حوشاتی،

عیلەیی ئەحۆحی،

30 مەهەرەیی نەتۆفاتی،

حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفاتی،

31 ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین بوو،

بەنایای پیرعاتۆنی،

32 حورەیی خەڵکی شیوەکانی گاعەش،

ئەبیێلی عەرڤاتی،

33 عەزماڤەتی بەحەرومی،

ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،

34 کوڕەکانی هاشێمی گیزۆنی،

یۆناتانی کوڕی شاگێی هاراری،

35 ئەحیامی کوڕی ساکاری هاراری،

ئەلیفەلی کوڕی ئوور،

36 حێفەری مەخێراتی،

ئاحییای پەلۆنی،

37 حەسرۆی کەرمەلی،

نەعرەیی کوڕی ئەزبای،

38 یۆئێلی برای ناتان،

میڤحاری کوڕی هەگری،

39 چەلەقی عەمۆنی،

نەحەرەیی بێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،

40 عیرای یەتری،

گارێڤی یەتری،

41 ئوریای حیتی،

زاڤادی کوڕی ئەحلای،

42 عەدینای کوڕی شیزای ڕەئوبێنی کە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو و سی پیاوی لەگەڵدا بوو،

43 حانانی کوڕی مەعکا،

یۆشافاتی میسنی،

44 عوزییای عەشتەراتی،

کوڕەکانی حۆتامی عەرۆعێری کە شاماع و یەعیێل بوون،

45 یەدیعێلی کوڕی شیمری و

براکەشی بە ناوی یۆحای تیچی،

46 ئەلیێلی مەحەڤی،

هەردوو کوڕەکەی ئەلناعەم کە یەریڤەی و یۆشەڤیا بوون،

هەروەها یەتمای مۆئابی،

47 ئەلیێل، عوبێد و یەعسیێلی مەچۆڤایای.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.