Beginning
یەساخار
7 کوڕەکانی یەساخاریش چوار بوون:
تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.
2 کوڕەکانی تۆلاع:
عوزی، ڕفایا، یەریێل، یەحمەی، یەڤسام و ساموئێل، کە گەورەکانی بنەماڵەکانیان بوون. نەوەی تۆلاع بوون و لە ماوەی پاشایەتی داود، ژمارەیان بیست و دوو هەزار و شەش سەد جەنگاوەر بوو، بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە.
3 کوڕەکەی عوزی:
یزرەحیا بوو،
کوڕەکانی یزرەحیاش:
میکائیل، عۆبەدیا، یۆئێل و یەشیا، ئەمانە هەر پێنجیان سەرکردە بوون. 4 بەپێی ڕەچەڵەک و بنەماڵەکانیان، سی و شەش هەزار جەنگاوەری ئامادەباشیان هەبوو بۆ جەنگ، چونکە ژن و منداڵیان زۆر بوو.
5 خزمەکانیشیان لە هەموو خێڵەکانی یەساخار، جەنگاوەری ئازا بوون بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە بە هەموویانەوە هەشتا و حەوت هەزار جەنگاوەر بوون.
بنیامین
6 کوڕەکانی بنیامینیش سێ بوون:
بەلەع، بەکەر و یەدیعێل.
7 کوڕەکانی بەلەع پێنج بوون:
ئەچبۆن، عوزی، عوزیێل، یەریمۆت و عیری، ئەمانیش گەورەی بنەماڵەکانیان بوون، نەوەکانیان بەپێی ڕەچەڵەکیان بیست و دوو هەزار و سی و چوار جەنگاوەر بوون.
8 کوڕەکانی بەکەریش:
زەمیرا، یۆعاش، ئەلیعەزەر، ئەلیۆعێنەی، عۆمری، یەرێمۆت، ئەبیا، عەناتۆت و عالەمەت، هەموو ئەمانە کوڕی بەکەر بوون. 9 لەناو ڕەچەڵەکنامەکەیان بیست هەزار و دوو سەد جەنگاوەر تۆمار کران، بەپێی گەورەی بنەماڵەکانیان.
10 کوڕەکەی یەدیعێلیش:
بلهان بوو،
کوڕەکانی بلهانیش:
یەعوش، بنیامین، ئێهود، کەنعەنا، زێتان، تەرشیش و ئەحیشاحەر. 11 هەموو ئەوانە گەورەی بنەماڵەکانی یەدیعێل بوون، حەڤدە هەزار و دوو سەد جەنگاوەری ئامادەباش بۆ جەنگ.
12 شوپیم و حوپیم لە نەوەی عیر بوون، حوشیمیش لە نەوەی ئەحێر بوو.
نەفتالی
13 کوڕەکانی نەفتالی:
یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم کە نەوەی بیلهە[a] بوون.
مەنەشە
14 نەوەکانی مەنەشە:
نەوەی مەنەشە لە کەنیزە ئارامییەکەی: ماکیری باوکی گلعاد. هەروەها ئەسریێل لە نەوەکانیان بوو. 15 ماکیر ژنێکی هێنا ناوی مەعکا بوو، کە خوشکی شوپیم و حوپیم بوو.
هەروەها سەلۆفحاد لە نەوەکانی بوو، کە تەنها کچی هەبوو.
16 مەعکای ژنی ماکیر کوڕێکی بوو ناوی لێنا پەرەش و براکەشی ناوی شەرەش بوو، کوڕەکانیشی ناویان ئولام و ڕەقەم بوون.
17 کوڕەکەی ئولامیش:
بدان بوو.
ئەوانە نەوەی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە بوون. 18 هەمۆلەخەتی خوشکی گلعادیش ئیشهۆد و ئەڤیعەزەر و مەحلەی بوو.
19 کوڕەکانی شەمیداعیش:
ئەحیان، شەخەم، لیقحی و ئەنیعام.
ئەفرایم
20 نەوەی ئەفرایمیش بەرەو خوارەوە:
شوتەلەح کوڕی ئەفرایم، بەرەد کوڕی شوتەلەح،
تەحەس کوڕی بەرەد، ئەلیعادا کوڕی تەحەس،
تەحەس کوڕی ئەلیعادا، 21 زاڤاد کوڕی تەحەس و
شوتەلەح کوڕی زاڤاد.
عێزەر و ئەلعاد بوون کە لەلایەن پیاوانی گەت کە خەڵکی خاکەکە بوون کوژران، چونکە چوون بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانی گەتییەکان ببەن. 22 جا ئەفرایمی باوکیان ماوەیەکی درێژ ماتەمینی بۆ گرتن و خزمەکانیشی هاتن بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لێ بکەن. 23 پاشان لەگەڵ ژنەکەیدا جووت بووەوە و ژنەکەی سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو و ناوی لێنا بەریعە، چونکە بەڵایەک بەسەر ماڵەکەیدا هاتبوو. 24 هەروەها کچەکەی ناوی شەئەرا بوو کە بێتحۆرۆنی خواروو و ژووروو و ئوزێن شەئرای بنیاد نا.
25 ڕەفەحیش کوڕی ئەفرایم بوو، ڕەشەف کوڕی ڕەفەح،
تەلەح کوڕی ڕەشەف، تەحەن کوڕی تەلەح،
26 لەعدان کوڕی تەحەن، عەمیهود کوڕی لەعدان،
ئەلیشاماع کوڕی عەمیهود، 27 نون کوڕی ئەلیشاماع و
یەشوع کوڕی نون.
28 زەوی و زار و نشینگەکانیشیان شارۆچکەی بێتئێل و گوندەکانی دەوروبەری بوون، بەرەو ڕۆژهەڵاتیش نەعەران و بەرەو ڕۆژئاواش شارۆچکەی گەزەر و گوندەکانی، هەروەها شارۆچکەی شەخەم و گوندەکانی هەتا عەییا و گوندەکانی. 29 بەلای سنوورەکانی نەوەی مەنەشەشدا، بێتشان و تەعنەک و مەگیدۆ و دۆر بوون. لەناو ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریاندا نەوەی یوسفی کوڕی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون.
ئاشێر
30 کوڕەکانی ئاشێر:
یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە و سەرەح خوشکیان بوو.
31 کوڕەکانی بەریعە:
حەڤەر و مەلکیێل، مەلکیێل باوکی بیرزایت بوو.
32 کوڕەکانی حەڤەر:
یەفلێت، شۆمێر و حۆتام و شوەع خوشکیان بوو.
33 کوڕەکانی یەفلێت:
پاسەک، بیمهال و عەشڤات.
ئەمانە کوڕەکانی یەفلێت بوون.
34 کوڕەکانی شۆمێر:
ئەحی، ڕوهگا، هوبا و ئارام.
35 کوڕەکانی هێلەمی براشی:
چۆفەح، یەمناع، شێلەش و عامال.
36 کوڕەکانی چۆفەح:
سووەح، حەرنەفەر، شوعال، بێری، یەمرا، 37 بەچەر، هۆد، شەما، شیلشا، یەتران و بئێرا.
38 کوڕەکانی یەتەر:
یەفونە، پیسپا و ئەرا.
39 کوڕەکانی عولا:
ئارەح، حەنیێل و ڕیچیا.
40 هەموو ئەوانە لە نەوەی ئاشێر بوون. گەورەی بنەماڵە و پیاوی هەڵبژاردە و جەنگاوەر و سەرکردەی دیار بوون. بەپێی ڕەچەڵەکیان لە تۆمارەکاندا ژمارەی ئەو پیاوانەی ئامادەباش بوون بۆ جەنگ بیست و شەش هەزار بوون.
بنەچەی شاولی بنیامینی
8 بنیامین بەلەعی بوو کە کوڕە نۆبەرەکەی بوو،
ئەشبێل دووەم، ئەحەرەح سێیەم،
2 نۆحا چوارەم و ڕافا پێنجەم بوو.
3 کوڕانی بەلەع:
ئەدار، گێرا، ئەبیهود، 4 ئەبیشوەع، نەعمان، ئەحۆحا، 5 گێرا، شەفوفان و حورام.
6 ئەمانەش نەوەکانی ئیحودن، کە گەورەی بنەماڵەکانی دانیشتووانی گەڤەع بوون و بۆ مەناحەت ڕاگوێزران:
7 نەعمان، ئاحییا و گێرا. گێراش سەرپەرشتیاری کۆچکردنیان بوو، هەروەها باوکی عوزە و ئەحیحود بوو.
8 شەحەرەیم لە وڵاتی مۆئاب چەند کوڕێکی بوو، پاش ئەوەی حوشیم و بەعرای ژنی تەڵاق دا، 9 لە حۆدەشی ژنی، یۆڤاڤ، چیبیا، مێشا، مەلکام، 10 یەعوچ، ساخیا و میرمای بوو، ئەوانە کوڕەکانی بوون و گەورەی بنەماڵەکانیان بوون. 11 لە حوشیمی ژنیشی ئەبیتوڤ و ئەلپەعەلی بوو.
12 کوڕەکانی ئەلپەعەل:
عێبەر، میشعام و شەمەد، شەمەد ئەوەی کە شارۆچکەی ئۆنۆ و شارۆچکەی لۆد و دەوروبەری بنیاد نا. 13 هەروەها بەریعە و شەمەع، ئەوان گەورەی بنەماڵەکانی دانیشتووانی ئەیالۆن بوون و ئەوان دانیشتووانی گەتیان وەدەرنا.
14 هەروەها ئەحیۆ، شاشاق، یەرێمۆت، 15 زەڤەدیا، عەراد، عەدەر، 16 میکائیل، یەشپا و یۆحا، کوڕی بەریعە بوون.
17 زەڤەدیا، مەشولام، حیزقی، حەڤەر، 18 یەشمەری، یزلیا و یۆڤاڤ کوڕی ئەلپەعەل بوون.
19 یاقیم، زکری، زەبدی، 20 ئەلیعێنەی، چیلەتەی، ئەلیێل، 21 عەدایا، بەرایا و شیمرات کوڕی شیمعی بوون.
22 یەشپەن، عێبەر، ئەلیێل، 23 عەڤدۆن، زکری، حانان، 24 حەنەنیا، ئیلام، عەنتۆتیا، 25 یەفدەیا و پەنوئێل کوڕی شاشاق بوون.
26 شەمشەرەی، شەحەریا، عەتەلیا، 27 یەعەرەشیا، ئەلیاس و زکری کوڕی یەرۆحام بوون.
28 ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانیان و بەپێی ڕەچەڵەکیان کە لە تۆمارەکاندا هاتووە سەرکردە بوون و لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون.
29 یەعیێلی باوکی گبعۆنیش لە گبعۆندا نیشتەجێ بوو.
ژنەکەی ناوی مەعکا بوو، 30 عەڤدۆن کوڕە نۆبەرەکەی بوو، پاشان چوور، قیش، بەعل، نێر، ناداب، 31 گەدۆر، ئەحیۆ، زەکەریا و 32 میقلۆت بوو، میقلۆتیش شیمەعای بوو. ئەوانیش لەگەڵ خزمەکانیان، لە نزیکی یەکتر لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوون.
33 نێر قیشی بوو، قیش شاولی بوو، شاولیش ئەم کوڕانەی بوو: یۆناتان، مەلکیشوەع، ئەبیناداب و ئەشبەعل[b].
34 یۆناتان مەریڤبەعلی بوو،
مەریڤبەعلیش[c] میخای بوو.
35 ئەمانە کوڕەکانی میخا بوون:
پیتۆن، مەلەخ، تەرێیەع و ئاحاز.
36 ئاحاز یەهۆعەدای بوو، یەهۆعەداش ئەم کوڕانەی بوو: عالەمەت، عەزماڤەت و زیمری؛ زیمریش مۆچای بوو. 37 مۆچا بینەعای بوو، بینەعا ڕافەی بوو، ڕافە ئەلیعاسای بوو، ئەلیعاسا ئاچێلی بوو.
38 ئاچێل شەش کوڕی هەبوو، ئەمەش ناوەکانیانە:
عەزریقام، بۆخەرو، ئیسماعیل، شەعەریا، عۆبەدیا و حانان. هەموو ئەمانە کوڕەکانی ئاچێل بوون.
39 کوڕەکانی عێشەقی برای:
ئولام کوڕە نۆبەرەکەی بوو، یەعوش دووەم و ئەلیفەلەت سێیەم بوو. 40 کوڕەکانی ئولامیش پاڵەوانی ئازا و تیرئەنداز بوون و کوڕ و کوڕەزایەکی زۆریان هەبوو و هەموویان سەد و پەنجا کەس بوون.
ئەمانە هەموویان لە نەوەی بنیامین بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.