Beginning
پاشایەتی عەزەریا لە یەهودا
15 لە ساڵی بیست و حەوتەمی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، عەزەریای[a] کوڕی ئەمەسیا بوو بە پاشای یەهودا. 2 گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. 3 بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، 4 تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.
5 یەزدان پاشای تووشی گەڕوگولی[b] کرد و هەتا ئەو ڕۆژەی مرد چاکنەبووەوە، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، یۆتامی کوڕی پاشاش سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.
6 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عەزەریا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
7 عەزەریا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیکی باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی زەکەریا لە ئیسرائیل
8 لە ساڵی سی و هەشتەمی پاشایەتی عەزەریای پاشای یەهودا، زەکەریای کوڕی یارۆڤعام شەش مانگ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 9 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد هەروەک چۆن باوباپیرانی کردیان و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
10 شەلومی کوڕی یاڤێش پیلانی لە دژی زەکەریا گێڕا، لەبەردەم گەل لێیدا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا. 11 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زەکەریاش، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
12 ئیتر فەرمایشتەکەی یەزدان کە بە یێهوی فەرموو هاتە دی، کە فەرمووی: «هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.»
پاشایەتی شەلوم
13 شەلومی کوڕی یاڤێش لە ساڵی سی و نۆیەمی عوزیای[c] پاشای یەهودا بوو بە پاشا و یەک مانگ لە سامیرە پاشایەتی کرد. 14 ئینجا مەنەحێمی کوڕی گادئی لە تیرزەیەوە سەرکەوت و هاتە سامیرە، لە سامیرە لە شەلومی کوڕی یاڤێشی دا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
15 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی شەلوم و ئەو پیلانەی کە گێڕای، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
16 لەو کاتەدا مەنەحێم لە تیرزەیەوە هێرشی کردە سەر تیفسەح و دەوروبەری و هەموو ئەوەی تێیدا بوو، چونکە دەروازەی شارەکەیان بۆی نەکردەوە. سکی هەموو ژنە سکپڕەکانیشی هەڵدڕی.
پاشایەتی مەنەحێم
17 لە ساڵی سی و نۆیەمی عەزەریای پاشای یەهودا، مەنەحێمی کوڕی گادئی دە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 18 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە درێژایی ماوەی حوکمڕانییەکەی لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
19 پاشان پولی[d] پاشای ئاشور هاتە سەر خاکەکە و مەنەحێمیش هەزار تالنت[e] زیوی دایە پول، هەتا پاڵپشتی بکات بۆ ئەوەی جڵەوی پاشایەتییەکەی بگرێتە دەست. 20 مەنەحێم ئەم بڕە زیوەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، بەسەر هەموو بە توانا و دەوڵەمەندەکان، هەتا بدرێتە پاشای ئاشور، پەنجا شاقل زیو[f] لەسەر هەر پیاوێک، جا پاشای ئاشور گەڕایەوە و لەوێ لە خاکەکە نەمایەوە.
21 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەحێم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
22 مەنەحێم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر پەقەحیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی پەقەحیا
23 لە ساڵی پەنجایەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحیای کوڕی مەنەحێم بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 24 پەقەحیا لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 25 یەکێک لە ئەفسەرەکانی، بە ناوی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، پیلانی لە دژی گێڕا. پەنجا پیاوی گلعادی لەگەڵ خۆی برد، لە سامیرە لەناو قەڵای کۆشکی پاشا پەقەحیای کوشت، هەروەها ئەرگۆڤ و ئەریەشی لەگەڵی کوشت. ئیتر پەقەح پەقەحیای کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەحیا و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
پاشایەتی پەقەح
27 لە ساڵی پەنجا و دووەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو بوو بە پاشا، بیست ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 28 ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
29 لە سەردەمی پەقەحی پاشای ئیسرائیل، تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور هات، عییۆن، ئابێلی بێتمەعکا، یانۆوەح، قەدەش، حاچۆر، گلعاد، جەلیل و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد، خەڵکەکەی ڕاپێچی ئاشور کرد. 30 ئینجا هۆشێیەعی کوڕی ئێلە پیلانی لە دژی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو گێڕا. هێرشی کردە سەری و کوشتی، لە ساڵی بیستەمینی یۆتامی کوڕی عوزیا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
31 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەح و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
پاشایەتی یۆتام لە یەهودا
32 لە ساڵی دووەمی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل، یۆتامی کوڕی عوزیا بوو بە پاشای یەهودا. 33 کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو. 34 بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، 35 تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. یۆتام بوو کە دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد ناوە.
36 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
37 لەو ڕۆژانەدا یەزدان دەستی بە ناردنی ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو کرد بۆ سەر یەهودا.
38 ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
پاشایەتی ئاحاز
16 لە ساڵی حەڤدەیەمی پاشایەتی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، ئاحازی کوڕی یۆتام بوو بە پاشای یەهودا. 2 ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری ڕاست بوو نەیکرد. 3 هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر، تەنانەت کوڕەکەشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن. 4 هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.
5 پاشان ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل بۆ جەنگ سەرکەوتنە ئۆرشەلیم و ئاحازیان گەمارۆ دا، بەڵام نەیانتوانی بەسەریدا زاڵ بن. 6 لەو کاتەدا ڕەچینی پاشای ئارام ئێلەتی بۆ ئارامییەکان گەڕاندەوە و پیاوانی یەهودای لە ئێلەت دەرکرد. ئەدۆمییەکانیش هاتنە ئێلەت و لەوێ نیشتەجێ بوون هەتا ئەمڕۆ.
7 ئاحاز نێردراوی ناردە لای تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور و گوتی، «من خزمەتکار و لەژێر فەرمانی تۆم، سەربکەوە و لە دەستی پاشای ئارام و پاشای ئیسرائیل ڕزگارم بکە کەوا لێم ڕاست بوونەتەوە.» 8 هەروەها ئاحاز ئەو زێڕ و زیوەی لەناو پەرستگای یەزدان و لەناو گەنجینەکانی کۆشکی پاشادا بوو بردی و بە دیاری بۆ پاشای ئاشوری نارد. 9 پاشای ئاشوریش بە قسەی کرد و هێرشی کردە سەر دیمەشق و داگیری کرد. خەڵکەکەی ڕاپێچی «قییر» کرد، ڕەچینیشی کوشت.
10 پاشان ئاحاز پاشا چوو بۆ دیمەشق بۆ بینینی تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور. ئەو قوربانگایەی بینی کە لە دیمەشقە، ئیتر نەخشەی قوربانگاکە و بیناسازییەکەی بە هەموو وردەکاری دروستکردنەوە، بۆ ئوریای کاهینی نارد. 11 ئوریای کاهینیش قوربانگایەکی بنیاد نا هەروەک ئەوەی ئاحازی پاشا لە دیمەشقەوە ناردی، ئوریای کاهین ئەوەی کرد هەتا ئاحازی پاشا لە دیمەشق هاتەوە. 12 کاتێک پاشا لە دیمەشق هاتەوە، قوربانگاکەی بینی و لێی نزیک بووەوە و پێشکەشکراوی لەسەر پێشکەش کرد. 13 قوربانی سووتاندنەکەی و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەسەر سووتاند، شەرابە پێشکەشکراوەکەی ڕشت، خوێنی قوربانی هاوبەشییەکەی[g] خۆی بەسەر قوربانگاکە پرژاند. 14 قوربانگا بڕۆنزییەکەی بەردەم یەزدانیش، ئەوەی لەبەردەم پەرستگاکە بوو لەنێوان قوربانگاکە و پەرستگای یەزدان، بردی لەلای باکووری قوربانگا نوێیەکە داینا.
15 ئینجا ئاحاز پاشا فەرمانی بە ئوریای کاهین کرد و پێی گوت: «لەسەر قوربانگا نوێیە گەورەکە، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی ئێواران، قوربانی سووتاندنی پاشا، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانی، قوربانی سووتاندنی هەموو خەڵکی خاکەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکانیان لەسەری دەسووتێنیت. هەروەها شەرابە پێشکەشکراوەکەیان و خوێنی هەموو قوربانی سووتاندنێک و هەموو قوربانی سەربڕاوێکی لەسەر دەپرژێنیت. بەڵام من قوربانگا بڕۆنزییەکە بەکاردەهێنم بۆ داواکردنی ڕێنمایی لە خودا.» 16 ئوریای کاهینیش هەمان ئەوەی کرد کە ئاحازی پاشا فەرمانی پێ کرد.
17 پاشان ئاحاز پاشا تەختەداری عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوەشی بڕییەوە و دەستشۆرەکەی لەسەری لابرد، حەوزە بڕۆنزییەکەشی[h] لەسەر گایە بڕۆنزییەکان هێنایە خوارەوە کە لە ژێری بوون و لەسەر جێگایەکی بەردڕێژکراو دانا. 18 ئاحاز لە پێناو ڕەزامەندی پاشای ئاشور کەپری شەممەی لادا کە لەناو پەرستگای یەزدان دروستکرابوو، ئەو دەروازەیەشی داخست کە پاشا لێیەوە دەهاتە ژوورەوە.
19 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاحاز و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
20 ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود نێژرا. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
هۆشێیەعی دواهەمین پاشای ئیسرائیل
17 لە ساڵی دوازدەیەمی ئاحازی پاشای یەهودا، هۆشێیەعی کوڕی ئێلە لە سامیرە بوو بە پاشا، ماوەی نۆ ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 2 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو پاشاکانی ئیسرائیل، ئەوانەی کە لەپێش خۆی بوون.
3 شەلمەنئەسەری پاشای ئاشور هێرشی کردە سەری. پێشتر هۆشێیەع ملکەچی بوو و سەرانەی دەدایێ، 4 بەڵام پاشای ئاشور ناپاکی لە هۆشێیەع بینی، لەبەر ئەوەی چەند نێردراوێکی بۆ سۆئای[i] پاشای میسر ناردبوو، هەروەها ئەو سەرانەی کە ساڵانە دەیدایە پاشای ئاشوری ڕایگرتبوو. ئیتر شەلمەنئەسەر گرتی و زیندانی کرد. 5 پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو خاکەکە و سەر سامیرە، سێ ساڵ گەمارۆی دا. 6 لە ساڵی نۆی پاشایەتی هۆشێیەع، پاشای ئاشور سامیرەی داگیر کرد و خەڵکی ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور کرد، لە حەلەح و گۆزانی کەناری ڕووباری خابوور و شارۆچکەکانی مادی نیشتەجێی کردن.
بە دیل گرتنی ئیسرائیل بەهۆی گوناهەوە
7 هەموو ئەمانە ڕوویدا، لەبەر ئەوەی خەڵکی ئیسرائیل گوناهیان کردبوو بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاریان، ئەوەی لە خاکی میسرەوە لەژێر دەستی فیرعەونی پاشای میسر دەریهێنان. بەڵام خودای دیکەیان[j] پەرست و 8 بەدوای بەجێهێنانی نەریتی ئەو گەلانە کەوتن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون، پەیڕەویان لە کار و کردەوەی پاشاکانی ئیسرائیل کرد. 9 نەوەی ئیسرائیل بە نهێنی چەند کارێکیان لە دژی یەزدانی پەروەردگاریان کرد کە ڕاست نەبوون. لە قوللەکانی چاودێرییەوە هەتا شارە قەڵابەندەکان لە هەموو شارۆچکەکان نزرگەی سەر بەرزاییان بنیاد نا. 10 لەسەر هەموو گردێکی بەرز و لەژێر هەموو دارێکی سەوز بەردی تەرخانکراو و ستوونە ئەشێراکانیان بۆ خۆیان دامەزراند. 11 لەوێ لەسەر هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی بخووریان سووتاند، وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەپێشیان ڕایماڵین، بە کارە خراپەکانیان یەزدانیان پەست کرد. 12 ئەو بتانەیان پەرست کە یەزدان پێی فەرمووبوون، «ئەم شتە نەکەن.» 13 یەزدانیش لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەران و ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودا ئیسرائیل و یەهودای ئاگادار کردەوە، فەرمووی: «لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە و فەرمان و فەرزەکانم بەجێبهێنن، بەگوێرەی تەواوی ئەو تەوراتەی کە باوباپیرانی ئێوەم پێی ڕاسپارد، ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانمەوە بۆم ناردن.»
14 بەڵام گوێیان نەگرت و وەک باوباپیرانیان کەللەڕەقییان کرد، ئەوانەی بڕوایان بە یەزدانی پەروەردگاریان نەکرد. 15 فەرزەکانی ئەویان ڕەتکردەوە، هەروەها ئەو پەیمانەی کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستبووی و ئەو ئاگادارکردنەوانەی کە پێیدان ڕەتیان کردەوە. دوای بتی پووچ کەوتن و پووچ بوون. بەدوای ئەو گەلانەی دەوروبەریان کەوتن، کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، «وەک ئەوان نەکەن.»
16 وازیان لە هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێرەکەی لەقاڵبدراویان دروستکرد و ستوونە ئەشێرایەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان برد و بەعلیان پەرست. 17 کوڕ و کچەکانیان وەک قوربانی سووتاند. فاڵیان گرتەوە و جادووگەرییان کرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئەنجامدانی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپ بوو، ئیتر پەستیان کرد.
18 لەبەر ئەوە یەزدان زۆر لە ئیسرائیل تووڕە بوو و لەبەردەمی خۆی دووری خستنەوە. تەنها هۆزی یەهودای هێشتەوە، 19 هەروەها یەهوداش فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریان بەجێنەگەیاند. نەریتەکانی ئیسرائیلیان پەیڕەو کرد کە دایانهێنابوو. 20 لەبەر ئەوە یەزدان هەموو وەچەی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە، زەلیلی کردن و ڕادەستی تاڵانکەرانی کردن، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆی دووری خستنەوە.
21 کاتێک خودا ئیسرائیلی لە بنەماڵەی داود جیا کردەوە، یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتیان کردە پاشای خۆیان. یارۆڤعام ئیسرائیلی لە شوێنکەوتنی یەزدان دوورخستەوە و بووە هۆی ئەوەی کە ئەوان گوناهێکی گەورە بکەن. 22 نەوەی ئیسرائیلیش هەموو ئەو گوناهانەی یارۆڤعامیان پەیڕەو کرد کە کردنی و خۆیان لێی لانەدا، 23 هەتا ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لەبەردەم خۆی دوورخستەوە، هەروەک چۆن لە ڕێگەی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانییەوە فەرمووبووی. ئیتر ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆیانەوە ڕاپێچی ئاشور کران، هەتا ئەمڕۆش هەر لەوێن.
نیشتەجێکردنی خەڵکی بێگانە لە سامیرە
24 ئینجا پاشای ئاشور خەڵکی لە بابل و کووتا و عەڤا و حەمات و سفەرڤەیمەوە هێنا و لە شارۆچکەکانی سامیرە لە جێی نەوەی ئیسرائیل نیشتەجێی کردن. سامیرە بووە موڵکیان و لە شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. 25 لە سەرەتای حەوانەوەیان لەوێ، لە یەزدان نەترسان، ئیتر یەزدان شێری ناردە سەریان و لێی دەکوشتن. 26 هەواڵیان گەیاندە پاشای ئاشور و گوتیان: «ئەو گەلانەی ڕاپێچت کردوون و لە شارۆچکەکانی سامیرە نیشتەجێت کردوون، داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە نازانن، ئەویش شێری ناردووەتە سەریان و لێیان دەکوژێت، چونکە نازانن داواکارییەکانی خوداوەندی خاکەکە چییە.»
27 پاشای ئاشور فەرمانی دا و گوتی: «یەکێک لەو کاهینانەی کە لەوێوە ڕاپێچتان کردوون بینێرنە ئەوێ، با بچێت و لەوێ نیشتەجێ بێت، یاساکانی خوداوەندی خاکەکەیان فێر بکات.» 28 ئیتر یەکێک لەو کاهینانەی کە لە سامیرەوە ڕاپێچیان کردبوون هات و لە بێتئێل نیشتەجێ بوو، فێری کردن کە چۆن یەزدان بپەرستن.
29 لەگەڵ ئەوەش هەر گەلە لەو شارۆچکەیەی کە تێیدا نیشتەجێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستکرد و لە نزرگەکانی سەر بەرزایی کە سامیرەییەکان دروستیان کردبوون دایاننان. 30 جا خەڵکی بابل سوکۆت بەنۆتیان دروستکرد، خەڵکی کووتا نێرگەلیان دروستکرد، خەڵکی حەمات ئەشیمایان دروستکرد؛ 31 عەڤییەکان نیڤحەز و تەرتاقیان دروستکرد، سفەرڤییەکانیش کوڕەکانی خۆیان دەسووتاند وەک قوربانی بۆ ئەدرەمەلەخ و عەنەمەلەخ، دوو خوداوەندی شاری سفەرڤەیم بوون. 32 یەزدانیان دەپەرست و لەنێوان خۆشیاندا کاهینیان بۆ نزرگەی بەرزاییەکان دەستنیشان دەکرد، هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانییەکانیان بکەن. 33 یەزدانیان دەپەرست، بەڵام خوداوەندەکانی خۆشیان دەپەرست، وەک نەریتی ئەو گەلانەی کە لێیەوە ڕاپێچ کرابوون.
34 هەتا ئەمڕۆش هەروەک نەریتی یەکەم جاریان دەکەن. نە یەزدان دەپەرستن، نە ئەو فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانانەی بەجێدەهێنن کە یەزدان دایە نەوەی یاقوب، کە ناوی لێنا ئیسرائیل. 35 کاتێک یەزدان پەیمانی لەگەڵ بەستن و فەرمانی پێ کردن و فەرمووی: «لە خودای دیکە مەترسن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن و قوربانییان بۆ سەر مەبڕن. 36 بەڵکو دەبێت یەزدان بپەرستن، ئەوەی بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە لە خاکی میسر دەریهێنان، کڕنۆش بۆ ئەو ببەن و قوربانی بۆ ئەو سەرببڕن. 37 بەردەوام فەرز و حوکم و فێرکردن و فەرمانەکان کە بۆی نووسین بەجێی بهێنن. خودای دیکە مەپەرستن. 38 ئەو پەیمانەش کە لەگەڵتان بەستم لە یادی مەکەن، خودای دیکە مەپەرستن، 39 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، ئەو لە دەست هەموو دوژمنەکانتان فریاتان دەکەوێت.»
40 بەڵام گوێیان نەگرت، بەڵکو وەک نەریتی پێشوویان کرد. 41 ئەو گەلانە یەزدانیان دەپەرست، لە هەمان کاتیشدا خزمەتی بتەکانی خۆیان دەکرد. هەروەها کوڕەکانیان و کوڕی کوڕەکانیشیان وەک باوباپیرانیان دەکەن، هەتا ئەمڕۆش.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.