Beginning
داواکردنی دانایی لەلایەن سلێمانەوە
3 سلێمان خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر کرد و کچەکەی فیرعەونی هێنا. کچەکەی بردە شاری داود هەتا ئەو کاتەی لە بنیادنانی کۆشکەکەی و پەرستگای یەزدان و شووراکەی چواردەوری ئۆرشەلیم بووەوە. 2 لەو کاتە گەل لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا[a] قوربانییان سەردەبڕی، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانە پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان دروستنەکرابوو. 3 سلێمانیش خۆشەویستی بۆ یەزدان دەربڕی بەوەی بەپێی فەرزەکانی داودی باوکی دەڕۆیشت، تەنها ئەوە نەبێت کە لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانی سەردەبڕی و بخووری دەسووتاند.
4 پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە. 5 لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟»
6 سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ.
7 «ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە. 8 خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن. 9 ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»
10 ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد. 11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو لێک جیاکردنەوە بۆ تێگەیشتنی دادپەروەری، 12 ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت. 13 هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت. 14 جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.» 15 کە سلێمان هەستا، زانی خەونە، هاتە ئۆرشەلیم و لەبەردەم سندوقی پەیمانی پەروەردگار ڕاوەستا و قوربانی سووتاندنی سەرخست و قوربانی هاوبەشی[b] پێشکەش کرد، خوانێکی بۆ هەموو خزمەتکارەکانی ساز کرد.
بڕیاردانی دانا
16 لەو کاتەدا دوو ژنی لەشفرۆش هاتنە لای پاشا و لەبەردەمی ڕاوەستان. 17 یەکێک لە ژنەکان گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، من و ئەم ژنە لە یەک ماڵ دەژین و من لەو ماڵە منداڵم بوو. 18 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەمی لەدایکبوونی منداڵەکەم ئەم ژنەش منداڵێکی بوو، هەردووکمان بە تەنها بووین و لە ماڵەکە هیچ کەسێکی دیکەمان لەگەڵ نەبوو، تەنها هەردووکمان لە ماڵەکە بووین.
19 «شەوێ کوڕەکەی ئەم ژنە مرد، لەبەر ئەوەی خۆی بەسەریدا دابوو. 20 ئیتر لە نیوەی شەو هەستا و کوڕەکەی منی لەتەنیشتمەوە برد، کەنیزەکەشت نوستبوو. کوڕەکەی منی لە باوەشی کرد و کوڕە مردووەکەشی لە باوەشی من دانا. 21 بۆ بەیانی کە لە خەو هەستام هەتا شیر بدەمە کوڕەکەم تەماشام کرد مردووە! بەڵام کاتێک لێی ورد بوومەوە تەماشام کرد ئەوە ئەو کوڕە نییە کە من بوومە.»
22 ژنەکەی دیکەیان گوتی: «نەخێر! زیندووەکە کوڕی منە و مردووەکەش هی تۆیە!»
ئەمەشیان دەیگوت: «نەخێر! مردووەکە هی تۆیە و زیندووەکە هی منە!» بەم شێوەیە لەبەردەم پاشا دەمەقاڵێیان کرد.
23 پاشاش گوتی: «ئەمیان دەڵێت ”ئەمە کوڕەکەی منە زیندووە و کوڕەکەی تۆ مردووە،“ ئەویشیان دەڵێت ”نەخێر! کوڕەکەی تۆ مردووە و کوڕەکەی من زیندووە!“»
24 پاشا گوتی: «شمشێرێکم بۆ بهێنن.» ئەوانیش شمشێرێکیان بۆ پاشا هێنا. 25 پاشا گوتی: «منداڵە زیندووەکە بکەنە دوو بەش، نیوەی بدەنە یەکێکیان و نیوەکەی دیکەش بدەن ئەوی دیکەیان.»
26 ئەو ژنەیان کە کوڕەکەی زیندوو بوو لەبەر ئەوەی هەناوی بۆ کوڕەکەی سووتا بە پاشای گوت: «تکایە، گەورەم، منداڵە زیندووەکەی بدەنێ و مەیکوژن!»
بەڵام ئەوی دیکەیان گوتی: «نە بۆ من دەبێت و نە بۆ تۆ، بیکەنە دوو بەش!»
27 ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕە زیندووەکە بدەنە ژنی یەکەم و مەیکوژن، ئەو دایکییەتی.»
28 کاتێک هەموو ئیسرائیل ئەو بڕیارەیان بیستەوە کە پاشا دابووی، ترسیان لێ نیشت، چونکە بینییان دانایی خودایی تێدا بوو بۆ پەیڕەوکردنی دادپەروەری.
کاربەدەست و بریکارەکانی سلێمان
4 ئیتر سلێمان پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. 2 ئەمانەش باڵاترین کاربەدەستانی ئەو بوون:
عەزەریای کوڕی سادۆقی کاهین،
3 ئەلیحۆرەف و ئاحییا، دوو کوڕەکەی شیشا، خامەی نهێنی[c] بوون،
یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلود، تۆمارکار.
4 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش سوپاسالار،
سادۆق و ئەبیاتاریش هەردووکیان کاهین بوون.
5 عەزەریای کوڕی ناتان سەرۆکی بریکارەکان و
زەڤودی کوڕی ناتان، کاهین و یاوەری پاشا بوون.
6 ئەحیشار سەرپەرشتیاری کۆشک،
ئەدۆنیرامی کوڕی عەڤدا سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.
7 هەروەها سلێمان دوازدە بریکاری لەسەر هەموو ئیسرائیل هەبوو، ئازووقەیان بۆ پاشا و ماڵەکەی دابین دەکرد و ساڵی مانگێک لەسەر هەریەکەیان بوو بۆ دابینکردنی ئازووقە. 8 ئەمانەش ناوەکانیانە:
بەنحور لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم.
9 بەندەقەر لە ماقەچ و شەعەلڤیم و بێتشەمەش و ئێلۆن بێتحانان.
10 بەنحەسەد لە ئەروبۆت، سۆکۆ و هەموو خاکی حێفەر سەر بە ئەو بوو.
11 بەنئەبیناداب لە هەموو بەرزاییەکانی دۆردا، تافەتی کچی سلێمانیش بووە ژنی.
12 بەعنای کوڕی ئەحیلود، تەعنەک و مەگیدۆ و هەموو بێتشان ئەوەی لەتەنیشت چەرەتانە لە خوار یەزرەعیل، لە بێتشانەوە هەتا ئابێل مەحۆلا، هەتا ئەو بەری یۆقمەعام.
13 بەنگەڤەر لە ڕامۆتی گلعاد، ئاواییەکانی یائیری کوڕی مەنەشە، ئەوەی لە گلعادە سەر بە ئەو بوون، لەگەڵ ناوچەی ئەرگۆڤ ئەوەی لە باشانە، شەست شاری گەورەی شوورابەند کە شمشیرەی[d] دەرگاکانی لە بڕۆنز دروستکرا بوون.
14 ئەحینادابی کوڕی عیدۆ لە مەحەنەیم بوو.
15 ئەحیمەعەچ لە نەفتالی، ئەویش باسمەتی کچی سلێمانی هێنا ببێتە ژنی.
16 بەعنای کوڕی حوشەی لە ئاشێر و لە عالۆت بوو.
17 یەهۆشافاتی کوڕی پاروەح لە یەساخار بوو.
18 شیمعی کوڕی ئێلا لە بنیامین بوو.
19 گەڤەری کوڕی ئوری لە خاکی گلعاد، خاکی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان و عۆگی پاشای باشان، تاکە بریکار بوو لەسەر ناوچەکە.
ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان
20 یەهودا و ئیسرائیل لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و دڵخۆش بوون. 21 سلێمان دەسەڵاتدار بوو لەسەر هەموو پاشایەتییەکان، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر، سەرانەیان پێدەدا و بە درێژایی ژیانی خزمەتکاری سلێمان بوون.
22 ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان، سی کۆڕ[e] لە باشترین ئارد و شەست کۆڕ[f] بڕوێش، 23 دە گای قەڵەو و بیست گای لەوەڕگا و سەد مەڕ و بزن، جگە لە ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و پەلەوەڕی قەڵەو. 24 لەبەر ئەوەی فەرمانڕەوا بوو لەسەر هەموو شانشینەکانی ئەم بەری ڕووباری فورات، لە تیفسەحەوە هەتا غەزە، لە هەموو لایەکەوە ئاشتی هەبوو. 25 هەموو سەردەمی سلێمان یەهودا و ئیسرائیلی هەریەکە لەژێر دار مێو و دار هەنجیرەکەی خۆی بە ئاسوودەیی نیشتەجێ بوون، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[g].
26 سلێمان چوار هەزار ئاخوڕی هەبوو بۆ ئەسپی گالیسکەکانی، لەگەڵ دوازدە هەزار ئەسپ.
27 ئەم بریکارانە ئازووقەیان دابین دەکرد بۆ سلێمانی پاشا و هەموو ئەوانەی دەهاتنە سەر خوانەکەی، هەریەکە و لە مانگی خۆی، ئیتر پێویستیان بە هیچ نەبوو. 28 جۆ و کاش بۆ ئەسپی گالیسکەکان و ئەسپەکانی دیکە دەهێنران بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەبوون، هەرکەسە و بەگوێرەی ئەرکی خۆی.
دانایی سلێمان
29 خودا دانایی و تێگەیشتنێکی زۆر زۆری دایە سلێمان، هەروەها مێشکێکی فراوان وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریایە. 30 دانایی سلێمان زیاتر بوو لە دانایی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو دانایی میسرییەکان. 31 لە هەموو خەڵک داناتر بوو، تەنانەت داناتر بوو لە ئێیتانی ئەزراحی و لە هێیمان و لە کەلکۆل و لە دەردەعی کوڕانی ماحۆل، ناوبانگیشی لەنێو هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری بڵاو بووەوە. 32 سێ هەزار پەند و هەزار و پێنج سروودیشی هەبوو. 33 دەربارەی دارودرەخت قسەی کردووە، لە دار ئورزەوە ئەوەی لە لوبنانە هەتا ئەو زوفایەی لەبن دیوار دەڕوێت، هەروەها دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و خشۆک و ماسیش قسەی کردووە. 34 لە هەموو گەلانەوە دەهاتن بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان، هەموو پاشایانی زەوی کە دەربارەی داناییەکەی بیستبوویان خەڵکیان دەناردە لای.
ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا
5 کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو. 2 سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:
3 «تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی خوداکەی بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە. 4 بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ. 5 لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“
6 «ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»
7 ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو، گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»
8 ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی:
«ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان. 9 خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»
10 ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ. 11 سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆڕ[h] گەنم و بیست هەزار بەت[i] زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام. 12 یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست.
13 سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد. 14 هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگار بوو. 15 سلێمان حەفتا هەزار بارهەڵگر و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو. 16 بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد. 17 هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو. 18 وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل[j] دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.