Beginning
کارەساتی هەشتەم: کوللە
10 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون، چونکە من دڵی ئەو و دڵی خزمەتکارانی ئەوم ڕەق کردووە، بۆ ئەوەی ئەم نیشانانەم لەنێویان ئەنجام بدەم. 2 هەروەها بۆ ئەوەی بۆ منداڵ و نەوەکانت باسی ئەوە بکەیت چۆن میسرم کردە گاڵتەجار بەو نیشانانەی لەنێویاندا ئەنجامم داوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.»
3 جا موسا و هارون چوونە لای فیرعەون و پێیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”هەتا کەی مل نادەیت و لەبەردەمم ملکەچ نابیت؟ ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و بمپەرستن، 4 چونکە ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت، ئەوا من بەیانی کوللە دەهێنمە سەر خاکەکەت. 5 ڕووی زەوی دادەپۆشرێت و ناتوانرێت تەماشای زەوی بکرێت، ئەوەی لە تەرزەکە بۆتان ماوەتەوە و دەرباز بووە دەیخوات، هەروەها هەموو دارێکیش کە لە کێڵگەکانتان گەشە بکات دەیخوات. 6 ماڵەکانت و ماڵی هەموو خزمەتکارەکانت و هەموو میسرییەکان پڕ دەکات، ئەو شتەی کە نە باوک و نە باپیرانت بینیویانە، لەو ڕۆژەوەی لەسەر زەوی پەیدا بوون هەتا ئەمڕۆ.“» ئینجا ڕووی وەرگێڕا و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
7 خزمەتکارانی فیرعەونیش پێیان گوت: «هەتا کەی ئەمە ببێتە تەڵە بۆمان؟ ڕێ بەو پیاوانە بدە با بڕۆن و یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن، ئایا هێشتا نازانیت کە میسر وێران بووە؟»
8 ئینجا موسا و هارونیان بردەوە لای فیرعەون، ئەویش پێی گوتن: «بڕۆن یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بەڵام کێ و کێ دەچن؟»
9 موساش وەڵامی دایەوە: «بە گەنج و پیرمانەوە دەچین، بە کوڕ و کچ و مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخمانەوە دەچین، چونکە پێویستە جەژن بۆ یەزدان بگێڕین.»
10 فیرعەونیش پێی گوتن: «یەزدان لەگەڵتان بێت![a] ئەگەر بهێڵم لەگەڵ ژن و منداڵەکانتان بڕۆن! دیارە ئێوە نیازتان خراپە. 11 نەخێر! تەنها پیاوان بڕۆن یەزدان بپەرستن، هەروەک خۆتان داواتان کردووە.» ئیتر موسا و هارون لەبەردەم فیرعەون دەرکران.
12 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر خاکی میسر درێژ بکە بۆ کوللە، بۆ ئەوەی بێتە سەر خاکی میسر و هەموو سەوزایی زەوییەکە بخوات، ئەوەی لە تەرزەکە ماوەتەوە.»
13 ئیتر موسا گۆچانەکەی بەسەر خاکی میسردا درێژکرد، بە درێژایی ئەو ڕۆژ و شەوە یەزدان بایەکی ڕۆژهەڵاتی هێنا، کاتێک بووە بەیانی بایەکەی ڕۆژهەڵات کوللەی هەڵگرت. 14 کوللە هاتە سەر هەموو خاکی میسر و لەسەر هەموو سنوورەکانی میسر نیشتەوە، ئەوەندە گران بوو کە لەوەوپێش کوللەی وا نەبووە و ناشبێت. 15 ڕووی هەموو خاکەکەی داپۆشی و خاکەکە تاریک بوو، هەموو سەوزاییەکی زەوی و هەموو بەروبوومی دارەکان کە تەرزە لێی نەدابوو خواردی، هیچ سەوزایی لە خاکی میسر نەهێشتەوە، بە دار و ڕووەکی کێڵگەوە.
16 فیرعەون بە خێرایی بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «گوناهم سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان و سەبارەت بە ئێوەش کرد. 17 ئێستاش تەنها ئەم جارە لەم گوناهەم خۆشبن، لە یەزدانی پەروەردگارتان بپاڕێنەوە با تەنها ئەم کارەساتە کوشندەیەم لەسەر لابدات.»
18 موساش لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە. 19 یەزدانیش بایەکی ڕۆژئاوایی زۆر بەهێزی وەرگێڕا و کوللەکەی هەڵگرت و فڕێیدایە ناو دەریای سوور[b] و یەک کوللە نەما لە هەموو خاکی میسردا. 20 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بە نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.
کارەساتی نۆیەم: تاریکی
21 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ ئاسمان درێژ بکە با تاریکی باڵ بەسەر خاکی میسردا بکێشێت، کە چاو چاو نەبینێت.» 22 ئیتر موسا دەستی بۆ ئاسمان درێژکرد و تاریکاییەکی سەخت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باڵی بەسەر خاکی میسردا کێشا. 23 بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەس کەسی نەبینی و کەس لە شوێنی خۆی هەڵنەستا، بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل لە نشینگەکانیان ڕووناکییان هەبوو.
24 ئینجا فیرعەون بانگی موسای کرد و گوتی: «بڕۆن یەزدان بپەرستن، تەنها مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخەکانتان بمێنێت، هەروەها ژن و منداڵەکانیشتان با لەگەڵتان بڕۆن.»
25 بەڵام موساش گوتی: «پێویستە ڕێگامان پێبدەیت بۆ ئەوەی قوربانی و قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەین بۆ یەزدانی پەروەردگارمان. 26 بەڵکو مەڕوماڵاتیشمان لەگەڵمان دەڕۆن تەنها سمێکیش بەجێنامێنێت، چونکە لەوان هەڵدەگرین بۆ پەرستنی یەزدانی پەروەردگارمان، ئێمە نازانین بە چی یەزدان بپەرستین، هەتا نەگەینە ئەوێ.»
27 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بڕۆن. 28 فیرعەونیش پێی گوت: «لەلام بڕۆ، ئاگاداری خۆت بە نەیەیتەوە بەرچاوم، چونکە ئەو ڕۆژەی ڕووم ببینیت دەمریت.»
29 موساش وەڵامی دایەوە: «هەروەک گوتت! جارێکی دیکە ناتبینمەوە.»
کارەساتی دەیەم: مردنی نۆبەرە
11 یەزدان بە موسای فەرموو: «کارەساتێکی دیکە بەسەر فیرعەون و میسردا دەهێنم، دوای ئەمە ڕێتان دەدات بڕۆن، کاتێک ڕێتان دەدات بڕۆن هەمووان لێرە بە دەرکردن دەردەکات. 2 بە گەل بڵێ با هەر پیاوێک یان ژنێک داوای خشڵی زێڕ و زیو لە دراوسێ میسرییەکەی بکات.» 3 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، هەروەها کاربەدەستانی فیرعەون و گەلی میسر بە چاوی ڕێزەوە سەیری موسایان دەکرد.
4 موسا گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”من لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر. 5 هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەمرێت، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەختەکەی دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو کەنیزەیەی لە پشت دەستاڕە، نۆبەرەی هەموو ئاژەڵێکی ماڵیش. 6 هاوارێکی مەزنیش لە هەموو خاکی میسردا دەبێت کە وەک ئەوە نەبووە و جارێکی دیکەش نابێت. 7 بەڵام بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل تەنانەت سەگیش پێیان ناوەڕێت، نە بە خەڵک و نە بە ئاژەڵ،“ بۆ ئەوەی بزانن یەزدان جیاوازی لەنێوان گەلی میسری و ئیسرائیلی دەکات. 8 ئیتر هەموو خزمەتکارانت دێنە لام و کڕنۆشم بۆ دەبەن و دەڵێن ”بڕۆن، خۆت و هەموو ئەو گەلەی لەدوای تۆن،“ ئیتر لەپاش ئەوە ئێرە بەجێدەهێڵم و دەڕۆم.» ئینجا موسا بە تووڕەییەوە لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
9 یەزدان بە موسای فەرموو: «فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، بۆ ئەوەی پەرجووەکانم لە خاکی میسردا زیاد بێت.» 10 موسا و هارون هەموو ئەم پەرجووانەیان لەبەردەم فیرعەون کرد، بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا لە خاکەکەی بڕۆن.
سەری ساڵ و جەژنی پەسخە
12 یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە. 3 لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک. 4 ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا ئەو لەگەڵ نزیکترین دراوسێی ماڵەکەی بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لە بەرخەکە حیسابی بۆ دەکرێت. 5 دەبێت ئاژەڵێکی ساغ، نێر، یەک ساڵە دانێن بۆ خۆتان، لە بەرخ یان لە گیسک هەڵیاندەبژێرن. 6 لەژێر پارێزگاریتان دەمێنێت هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەری دەبڕن. 7 لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن. 8 گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن. 9 نەکەن بە خاوی یان لێنراو بە ئاو بیخۆن، بەڵکو بە ئاگر برژاو بێت، سەری و پێی و هەناوی. 10 لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن. 11 ئاواش دەیخۆن، ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان لە دەستتان بێت، بە پەلە دەیخۆن، پەسخەیە[c] بۆ یەزدان.
12 «من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم. 13 خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک خاکی میسر تووش دەکەم.
14 «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت. 15 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[d] دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش[e] لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت. 16 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[f] ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت، بۆ هەرکەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.
17 «ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت. 18 لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ. 19 حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت، ئەوانەی نامۆن و ئەوانەی هاوڵاتیشن. 20 شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»
21 ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن. 22 دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە. 23 یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.
24 «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن. 25 ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم خزمەتە دەپارێزن. 26 ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم خزمەتە چییە بۆ ئێوە؟“ 27 ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد. 28 نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
29 ئەوە بوو لە نیوەی شەودا یەزدان لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش. 30 فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
دەرچوون
31 بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد. 32 مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»
33 میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد هەتا پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.» 34 گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا. 35 هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی موسا گوتی، داوای خشڵی زیو و خشڵی زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد. 36 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.
37 نەوەی ئیسرائیل لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت، نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو بێجگە لە ئافرەت و منداڵ. 38 هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوت لەگەڵ ئاژەڵێکی زۆریش، مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ. 39 ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە، چونکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەیانتوانی دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.
40 مانەوەی نەوەی ئیسرائیلیش کە لە میسردا نیشتەجێ بوون چوار سەد و سی ساڵ بوو. 41 ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە. 42 لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوە هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.
فەرزی پەسخە
43 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە:
«هیچ بیانییەک لێی ناخوات. 44 هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات. 45 بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.
46 «لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت. 47 هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.
48 «ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنە نەکراو لێی ناخوات. 49 یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»
50 ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد. 51 ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.