کردار 17:22-31
Kurdi Sorani Standard
وتارێک لە ئاریۆپاگۆس
22 پۆڵس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. 23 کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن.
24 «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. 25 بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. 26 هەموو نەتەوەکانی لە یەکێک دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاریی کردوون، 27 تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. 28 ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“[a] وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“[b]
29 «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە بیرنەکەینەوە کە خودایەتی لە پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. 30 لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، 31 چونکە ڕۆژێکی داناوە تێیدا بەتەمایە بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات، بە پیاوێک کە دیاریی کردووە، بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»
Read full chapterHoly Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.