زەکەریا 1-2
Kurdi Sorani Standard
بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان
1 لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:
2 «یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. 3 لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 4 وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 5 ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ 6 بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟
«ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»
پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان
7 لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.
8 لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان[a] ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.
9 ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.» 10 ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»
11 ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو، گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»
12 ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» 13 یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
14 ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم[b] بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. 15 زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“
16 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
17 «هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»
چوار قۆچ و چوار پیشەوەر
18 پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. 19 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟»
ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»
20 ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. 21 پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟»
ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەمانە هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»
پیاوێک بە گوریسی پێوانەوە
2 ئینجا چاوم هەڵبڕی و پیاوێکم لەبەردەمم بینی گوریسی پێوانەی بەدەستەوە بوو. 2 لێم پرسی: «بۆ کوێ دەچیت؟»
وەڵامی دامەوە: «بۆ پێوانی ئۆرشەلیم، تاکو درێژی و پانییەکەی بزانم.» 3 لەو کاتەدا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم هاتە دەرەوە، فریشتەیەکی دیکەش بەرەوپیری هاتە دەرەوە و 4 پێی گوت: «ڕاکە و بەو گەنجە بڵێ: ”ئۆرشەلیم دەبێتە شارێکی بێ شوورا، لەبەر زۆری خەڵک و ئاژەڵی ماڵی تێیدا. 5 منیش بۆی دەبمە شوورای ئاگرین لە هەر چواردەوری، دەبمە شکۆ لەناوەڕاستی.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
6 یەزدان دەفەرموێت: «هۆی، هۆی! لە خاکی باکوور هەڵێن، چونکە وەک چوار باکەی ئاسمان پەرتەوازەم کردوون.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 «هۆی، دەرباز بە، ئەی خەڵکی سییۆن کە لە بابل دەژین!» 8 چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەدوای ئەوەی خودای شکۆدار منی نارد بۆ ئەو نەتەوانەی ئێوەیان تاڵان کرد، چونکە ئەوەی دەستتان لێدەدات، دەست لە بیلبیلەی چاوی دەدات، 9 بێگومان من دەستیان لێ دەوەشێنم و دەبنە تاڵانی بۆ کۆیلەکانیان. ئینجا دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی ناردووە.
10 «ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گۆرانی بڵێن و دڵخۆش بن، چونکە من دێم و لەنێوتاندا نیشتەجێ دەبم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 11 «لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە نەتەوەکان دێنە پاڵ یەزدان و دەبنە گەلی من. لەنێو ئێوەدا نیشتەجێ دەبم و دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. 12 یەزدان یەهودا دەکاتە میراتی خۆی، بەشی خۆی لەسەر خاکی پیرۆز، دووبارە ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە. 13 ئەی هەموو ئادەمیزاد، لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بن، چونکە لە نشینگە پیرۆزەکەیەوە هەستا!»
مەلاخی 1
Kurdi Sorani Standard
1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش[a] بۆ ئیسرائیل لەسەر زاری مەلاخی[b]:
گومان لە خۆشەویستی خودا
2 یەزدان دەفەرموێت: «خۆشمویستن.»
«بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”بە چی خۆشتویستین؟“»
یەزدان دەفەرموێت: «ئایا عیسۆ برای یاقوب نەبوو؟ لەگەڵ ئەوەشدا، یاقوبم خۆشویست، 3 بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە[c]، چیاکانی ئەوم وێران کرد و میراتەکەیم دایە چەقەڵی چۆڵەوانی.»
4 ئەگەر ئەدۆم بڵێت: «وردوخاش کراین، بەڵام دەگەڕێینەوە و کاولەکەمان بنیاد دەنێینەوە.»
بەڵام یەزدانی سوپاسالار وا دەفەرموێت: «ئەوان بنیاد دەنێن و منیش دادەڕمێنم. ناویان دەنێن ”خاکە خراپەکارەکە“، ئەو گەلەی کە هەتاهەتایە یەزدان لێی تووڕەیە. 5 بە چاوی خۆتان دەبینن و دەڵێن: ”یەزدان مەزنە، تەنانەت لەو دیوی سنووری ئیسرائیلیشەوە!“»
قوربانی کوێر و شەل
6 یەزدانی سوپاسالار بە ئێوە دەفەرموێت: «کوڕ ڕێزی باوکی دەگرێت و خزمەتکاریش ڕێزی گەورەکەی. ئەگەر من باوکم، کوا ڕێز لێگرتنم؟ ئەگەر گەورەشم، کوا ترستان لە من؟»
«ئەی کاهینان، ئێوە گاڵتە بە ناوەکەم دەکەن.»
«بەڵام لێم دەپرسن: ”چۆن گاڵتەمان بە ناوی تۆ کردووە؟“
7 «بە پێشکەشکردنی نانی گڵاو لەسەر قوربانگاکەم.
«بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”چۆن گڵاومان کردوویت؟“
«بەوەی کە دەڵێن، خوانی یەزدان مایەی گاڵتە پێکردنە. 8 کاتێک ئاژەڵی کوێر وەک قوربانی پێشکەشی دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ کاتێک ئاژەڵی شەل و نەخۆش پێشکەش دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ ئێستاش پێشکەشی بکەن بە فەرمانڕەواکەتان، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟ ئایا سەربەرزتان دەکات؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
9 «ئێستاش لە یەزدان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت. بە قوربانی وەک ئەمانە، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
10 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «خۆزگە کەسێک لەنێو ئێوەدا دەروازەکانی پەرستگا دابخات، تاکو لەخۆڕا ئاگر لەسەر قوربانگاکەم نەکەنەوە! پێتان دڵخۆش نیم. لە قوربانی دەستتان ڕازی نیم. 11 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت. لە هەموو شوێنێک بخوور دەسووتێنن و قوربانی بێگەرد بۆ من پێشکەش دەکەن، چونکە لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
12 «بەڵام ئەی کاهینان، ئێوە ناوی من گڵاو دەکەن کە دەڵێن: ”خوانی پەروەردگار گڵاوە،“ هەروەها ”خۆراکەکەی سەری قێزەونە.“ 13 دەڵێن: ”لەمە ماندوو بووین!“ سووکایەتی پێ دەکەن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
«کاتێک ئاژەڵی زەوتکراو و شەل و نەخۆشتان هێنا، ئاوا قوربانی پێشکەش دەکەن، ئایا لێتان ڕازی دەبم؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە. 14 «نەفرەت لێکراوە ئەو فێڵبازەی کە لە مێگەلەکەی نێرینەی ساغ هەیە و نەزر[d] دەکات، بەڵام ئاژەڵێکی عەیبدار بۆ پەروەردگار دەکاتە قوربانی، چونکە من پاشایەکی مەزنم، ناوەکەشم لەنێو نەتەوەکاندا سامناک دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
Footnotes
- 1:1 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
- 1:1 لە زمانی عیبری مەلاخی واتە پەیامنێرەکەم.
- 1:3 بە واتای ڕەتکردنەوە.
- 1:14 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21:2.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.