ئاشکراکردن 9-10
Kurdi Sorani Standard
9 کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی[a] پێدرابوو. 2 کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە، دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد. 3 لە دووکەڵەکەوە کوللە بارین بۆ سەر زەوی و توانا و دەسەڵاتێکی وەک توانا و دەسەڵاتی دووپشکی زەوییان پێدرابوو. 4 کوللەکان فەرمانی ئەوەیان پێدرابوو کە زیان بە گیای زەوی و هیچ سەوزایی و هیچ درەختێک نەگەیەنن، تەنها زیان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە مۆری خودایان بە نێوچەوانەوە نییە. 5 ڕێیان پێنەدرابوو ئەو خەڵکانە بکوژن، بەڵکو پێنج مانگ ئازار بچێژن، ئازارەکەی وەک ئازاری دووپشکە کاتێک بە مرۆڤەوە دەدات. 6 لەو ڕۆژانەدا خەڵک بەدوای مردندا دەگەڕێن بەڵام نایدۆزنەوە، حەز لە مردن دەکەن بەڵام مردن لێیان ڕادەکات.
7 شێوەی کوللەکان وەک ئەو ئەسپانە بوون کە بۆ شەڕ ئامادە دەکرێن، لەسەر سەریان شتێک لە شێوەی تاجێکی زێڕین هەبوو و ڕوخساریان وەک مرۆڤ بوو. 8 قژیان لە شێوەی قژی ئافرەت بوو و ددانەکانیشیان وەک ددانی شێر. 9 سپەریان هەبوو وەک سپەری ئاسنین، دەنگی باڵەکانیان وەک دەنگی ئەو گالیسکانە بوو کە ئەسپێکی زۆری پێوەیە و تاودەدرێن بەرەو جەنگ. 10 چەند کلکێکی چزووداری وەک دووپشکیان هەبوو، پێنج مانگ توانا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدرابوو کە بە کلکەکانیان ئازاری خەڵک بدەن. 11 فریشتە بەدکارەکەی بیری بێ بن پاشا بوو بەسەریانەوە، بە عیبری ناوی ئەبەدۆنە[b] و بە یۆنانی ناوی ئەپۆلیۆنە.
12 نەهامەتی یەکەم نەماوە، دوو نەهامەتی دیکە ماون کە دوای ئەمە دێن.
13 پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە گوێم، 14 کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.» 15 چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، ئازاد کران، تاکو سێیەکی مرۆڤ بکوژن. 16 گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو سەد ملیۆن بوو.
17 ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون: سپەری ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو، سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو. 18 بەو سێ بەڵایە سێیەکی مرۆڤایەتی کوژران، بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو. 19 هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیانە بوو، چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا.
20 پاشماوەی مرۆڤەکان کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن. 21 هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.
فریشتە و تۆمارە بچووکەکە
10 پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو، پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو، ڕووی وەک خۆر وابوو، پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون. 2 تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا. 3 بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێک نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان. 4 کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان، بەتەمابووم بنووسم، بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو: «ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.» 5 ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و 6 سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون، گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت! 7 بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە، پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت، نهێنی خودا دێتە دی، وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»
8 ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: «بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و سەر وشکانی وەربگرە.» 9 چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت تۆمارە بچووکەکەم بداتێ، پێی گوتم: «بیبە و بیخۆ. گەدەت تاڵ دەکات، بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.» 10 ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم، لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو، بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم. 11 پاشان پێم گوترا: «دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»
Footnotes
- 9:1 بڕوانە لۆقا 8:31.
- 9:11 ئەبەدۆن: لە پەیمانی کۆن، ئەم وشەیە بە (لەناوبەر) وەرگێڕدراوە، بڕوانە ئەیوب 26:6.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.