ئاشکراکردن 18:21-19:16
Kurdi Sorani Standard
21 ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:
«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،
هەرگیز نادۆزرێتەوە.
22 ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا
تێیدا نابیسترێت.
هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،
دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.
23 هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،
ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.
بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و
هەموو نەتەوەکان بە جادووگەری تۆ گومڕابوون.
24 تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و
هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»
هەلیلویا! حوکمڕانی بۆ یەزدان
19 پاش ئەوەش گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو وەک دەنگی خەڵکانێکی زۆر لە ئاسمانەوە دەیگوت:
«هەلیلویا!
ڕزگاری و شکۆ و هێز بۆ خودامانە،
2 چونکە حوکمەکانی ڕاست و دادپەروەرن.
لەشفرۆشە گەورەکەی تاوانبار کرد
کە بە داوێنپیسییەکەی زەویی گەندەڵ دەکرد.
تۆڵەی خوێنی بەندەکانی خۆی لێکردەوە.»
3 دووبارە گوتیانەوە:
«هەلیلویا!
دووکەڵەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.»
4 بیست و چوار پیرەکە و چوار بوونەوەرەکە کەوتنە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتووی سەر تەختەکە برد، گوتیان:
«ئامین. هەلیلویا!»
5 دەنگێک لەلای تەختەکەوە هات، گوتی:
«ستایشی خودامان بکەن ئەی هەموو بەندەکانی،
ئەوانەی لێی دەترسن، گەورە و بچووک.»
6 پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر، وەک دەنگی خوڕەی ئاوێکی زۆر و وەک دەنگی هەورەگرمەی بەهێز بوو، دەیگوت:
«هەلیلویا!
خودای پەروەردگارمان هەرە بە توانایە، حوکومڕانی دەکات.
7 با دڵخۆش و شاد بین، شکۆداری بکەین،
چونکە زەماوەندی بەرخەکە هاتووە و
بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە.
8 کراسێکی کەتانی ناسکی پاک و پرشنگداری پێدرابوو لەبەری بکات.»
ئەم کەتانە ناسکە هێمای کردارە ڕاستودروستەکانی گەلی پیرۆزی خودایە.
9 پێی گوتم: «بنووسە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی بۆ خوانی زەماوەندی بەرخەکە بانگهێشت کراون!» هەروەها پێی گوتم: «ئەمانە وشە ڕاستەکانی خودان.»
10 کەوتمە بەرپێی تاکو کڕنۆشی بۆ ببەم. بەڵام پێی گوتم: «وا مەکە! منیش لەگەڵ تۆ و خوشک و برایانت بەندەی هاوکارم، ئەوانەی پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا. کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە ئەو ڕۆحەی کە سروشی بە پێغەمبەرەکان داوە، هەر ئەو شایەتی بۆ مەسیح دەدات.»
سواری ئەسپێکی سپی
11 پاشان ئاسمانم بە کراوەیی بینی، ئەسپێکی سپیم بینی و سوارەکەی بە «دڵسۆز» و «ڕاستگۆ» ناودەبردرا. بە دادپەروەری حوکم دەدات و دەجەنگێت. 12 چاوەکانی وەک گڕی ئاگر وابوون و ژمارەیەکی زۆر تاجی بە سەرەوەبوو، ناوێکی نووسراوی هەیە، خۆی نەبێت کەس نایزانێت. 13 کەوایەکی لە خوێن هەڵکێشراوی[a] لەبەربوو، ئەو ناوەی پێی بانگ دەکرێ «وشەی خودا»یە. 14 لەشکرەکانی ئاسمان بە سواری ئەسپی سپی شوێنی دەکەوتن و کەتانی ناسکی سپی پاکیان لەبەردا بوو. 15 لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو، تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات. [بە گۆچانێکی ئاسنین شوانەتییان دەکات.][b] گوشەری شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خودای هەرە بە توانا دەگوشێت. 16 ناوێکی هەیە لەسەر کەوا و ڕانی نووسراوە:
Footnotes
- 19:13 بڕوانە ئیشایا 63:3.
- 19:15 بڕوانە زەبوورەکان 2:9.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.