Add parallel Print Page Options

پاڕانەوەیەکی داود.

16 ئەی خودایە، بمپارێزە،
    چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.

بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
    بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
    ئەوانە شکۆدارن.
ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
    دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
    ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.

ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
    تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
گوریس[a] کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
    بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
    تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
    لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.

بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
    تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
    هەروەها ڕێگا نادەیت ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە[b] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
    تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
    خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.

نوێژێکی داود.

17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
    بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
    لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
    چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.

ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
    ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
    پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
    خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
    پێم نەخلیسکاوە.

ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
    گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
    ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
    کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،
    لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.

10 دڵە بەردینەکانیان داخستووە،
    بە دەمیش لاف لێدەدەن.
11 شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،
    چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
12 وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،
    وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.

13 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!
    بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
14 ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،
    لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،
ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،
    کوڕەکانیان تێر دەخۆن،
    ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.

15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
    کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.

Footnotes

  1. 16‏:6 دیاریکردنی سنووری زەوی بە گوریس بووە.‏
  2. 16‏:10 مەبەستی ئەوەی بۆ خودا تەرخان کراوە، وەک مەسیح.‏

پۆڵس لە مەکدۆنیا و یۆنان

20 دوای نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگکرد و ورەی بەرزکردنەوە، ماڵئاوایی لێکردن و بەرەو مەکدۆنیا بەڕێکەوت. کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وشە ورەیانی بەرز کردەوە، هاتە یۆنان، لەوێ سێ مانگی بەسەربرد. کە بەتەمابوو بە دەریادا بچێتە سوریا جولەکە پیلانیان بۆی گێڕا، بڕیاری دا بە مەکدۆنیادا بگەڕێتەوە. ئەمانەی لەگەڵ بوو: لە بیریە سوپاترۆسی کوڕی پیڕۆس، لە سالۆنیکییان ئەریستارخۆس و سەکوندۆس، گایۆس لە دەربە و تیمۆساوس، لە ئاسیاش تیخیکۆس و تروفیمۆس. ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆیاس چاوەڕێیان دەکردین. بەڵام ئێمە دوای جەژنی فەتیرە، سواری کەشتی بووین و فیلیپیمان بەجێهێشت، پاش گەشتی پێنج ڕۆژ گەیشتینە بەندەری ترۆیاس، لەوێ بەوانەی دیکە شاد بووینەوە و حەوت ڕۆژ لەوێ ماینەوە.

پۆڵس لە ترۆیاس

لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە، پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن. ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو. گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە. 10 پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت، گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!» 11 دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت. 12 گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران.

لە تروادەوە بۆ میلیتۆس

13 پۆڵس بە ڕێگای وشکانی چوو بۆ ئەسۆس، ئێمەش بە سواری کەشتی بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتین چونکە بڕیاری دابوو کە لەوێ چاومان پێی بکەوێت. 14 کاتێک لە ئەسۆس تووشمان بوو، هەڵمانگرت و هاتینە میتیلینی. 15 لەوێش بە دەریادا ڕۆیشتین و بۆ بەیانی گەیشتینە بەرامبەر خیۆس، بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە سامۆس، ڕۆژی دوای ئەوەش هاتینە میلیتۆس. 16 جا پۆڵس بڕیاری دابوو کە ئەفەسۆس بەجێبهێڵێت نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە ئۆرشەلیم.

Read full chapter