Add parallel Print Page Options

لە پۆڵسەوە، ئەوەی نە لەلایەن خەڵک و نە بەهۆی مرۆڤێکە نێردراوە، بەڵکو لەلایەن عیسای مەسیح و خودای باوکە، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، هەروەها هەموو ئەو برایانەی لەگەڵمدان،

بۆ ئەو کڵێسایانەی لە گەلاتیان:

با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت، ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان خۆی بەخشی، تاکو بەگوێرەی خواستی خودای باوکمان، لەم دنیایە خراپەی ئێستا ڕزگارمان بکات. هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.

مژدەیەکی دیکە نییە

پێم سەیرە چۆن وا بە خێرایی، لەوەی بە نیعمەتی مەسیح بانگی کردوون، بۆ ئینجیلێکی دیکە[b] وەردەگەڕێن! ئینجیلێکی دیکە بوونی نییە، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت سەرتان لێ بشێوێنن و پەیامی ئینجیلی مەسیح بگۆڕن. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان ئینجیلێکمان پێدان، جگە لەو ئینجیلەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەت لێکراو بێت. وەک پێشتر پێمان گوتوون ئێستاش پێتان دەڵێمەوە: ئەگەر یەکێک ئینجیلێکی پێدان جگە لەوەی پەسەندتان کرد، با نەفرەت لێکراو بێت.

10 ئایا ئێستا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک هەوڵ دەدەم، یاخود ڕەزامەندی خودا؟ یان ئایا داوای ئەوە دەکەم خەڵک ڕازی بکەم؟ ئەگەر هەتا ئێستا خەریکی ڕازیکردنی خەڵک بوومایە، ئەوا نەدەبوومە بەندەی مەسیح.

چۆن پۆڵس بوو بە نێردراو؟

11 پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە. 12 لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە.

13 بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، دڕندانە کڵێسای خودام دەچەوساندەوە و هەوڵم داوە لەناوی ببەم. 14 لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان. 15 بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو 16 کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوەکان مژدە بدەم، دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد، 17 سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق.

18 ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس[c] بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە. 19 بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی. 20 خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە. 21 دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا، 22 بەڵام هێشتا لەلای کڵێساکانی یەهودیا کە سەر بە مەسیحن بە ڕوخسار نەناسراو بووم، 23 تەنها بیستبوویان: «ئەوەی جاران ئێمەی دەچەوساندەوە، ئێستا مژدەی ئەو باوەڕە دەدات، کە جاران لەناوی دەبرد.» 24 بەهۆی منەوە ستایشی خودایان دەکرد.

Footnotes

  1. 1‏:3 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏
  2. 1‏:6 مەبەست لە مژدەیەکی جیاوازە.‏
  3. 1‏:18 یۆنانی: کێفاس‏.‏