Add parallel Print Page Options

چاکبوونەوەی ئیفلیجێک

لە کاتی نوێژی کاتژمێر سێی[a] پاش نیوەڕۆ پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا. لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە. پەترۆس و یۆحەنای بینی بە نیازن بێنە ناو پەرستگا، داوای خێری لێکردن. پەترۆس لەگەڵ یۆحەنا تێیڕووانی، گوتی: «سەیرمان بکە!» ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەرگرێت.

پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!» ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی. ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد. هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات. 10 جا خەڵکەکە ناسییانەوە کە ئەوەیە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی کە پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساویش دایگرتن لەوەی بەسەری هات.

وتاری پەترۆس لە پەرستگا

11 کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسی بوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. 12 پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟ 13 خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات. 14 ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە[b] کرد و داوای وەرگرتنەوەی بکوژێکتان کرد. 15 سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە. 16 ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن ‏و دەیناسن،‏ باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لە‏بەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.

17 «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان. 18 بەڵام خودا ئەوەی پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاند، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت، ئاوا هێنایە دی. 19 کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، تاکو لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و 20 مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو. 21 ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک[c]، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە. 22 موساش گوتی: [یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، لە هەموو ئەوەی پێتانی دەڵێت گوێی لێ بگرن. 23 جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دەبڕدرێتەوە.][d]

24 «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە. 25 ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، بە ئیبراهیمی فەرموو: [لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.][e] 26 کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»

Footnotes

  1. 3‏:1 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏
  2. 3‏:14 مەبەست لە مەسیحە.‏
  3. 3‏:21 گەڕانەوەی مەسیح، بڕوانە ئاشکراکردن 21‏‏.‏
  4. 3‏:23 دواوتار 18‏:15‏،18‏،19.‏‏
  5. 3‏:25 پەیدابوون 22‏:18؛ 26‏:4.‏‏