Add parallel Print Page Options

بۆعەز ڕائووس لە خۆی مارە دەکات

هەر لەو ماوەیەدا بۆعەز بۆ دەروازەی شارۆچکەکە سەرکەوت و لەوێ دانیشت. ئەوە بوو ئەو خوێنگرەی کە بۆعەز باسی کرد لەوێوە تێپەڕی. بۆعەزیش گوتی: «خزمە، لابدە و لێرە دابنیشە.» ئەویش لایدا و دانیشت.

ئینجا بۆعەز دە پیاوی لە پیرانی شارۆچکەکە برد و پێی گوتن: «لێرە دابنیشن.» ئەوانیش دانیشتن. ئینجا بە خوێنگرەکەی[a] گوت: «ناعۆمی کە لە وڵاتی مۆئاب گەڕاوەتەوە، پارچە زەوییەکی هەیە کە هی ئەلیمەلەخی برامانە دەیفرۆشێت. منیش پێم وایە ئەرکی منە کە پێت بڵێم لەبەردەمی دانیشتووان و لەبەردەمی پیرانی گەلەکەم بیکڕە. ئیتر ئەگەر دەیکڕیتەوە بیکڕەوە و ئەگەر نایکڕیتەوە ئەوا پێم بڵێ با بزانم، چونکە تۆ لەپێشتریت بۆ کڕینەوەی، دوای تۆ من.»

ئەویش گوتی: «دەیکڕمەوە.»

بۆعەزیش گوتی: «ئەو ڕۆژەی زەوییەکە لە دەستی ناعۆمی دەکڕیتەوە هەروەها لە دەستی ڕائووسی مۆئابی کە ژنی مردووەکەیە، ڕائووسیش مارە دەکەیت، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەیت.»

خوێنگرەکەش گوتی: «ناتوانم بۆ خۆم بیکڕمەوە، نەوەک میراتەکەی خۆم تێکبدەم. جا تۆ خۆت بیکڕەوە، چونکە من ناتوانم بیکڕمەوە.»

وا باو بوو لە ئیسرائیلدا بۆ سەلماندنی ئەنجامدانی هەموو کارێکی مافی کڕینەوە و گواستنەوەی خاوەنداریێتی موڵک، کابرا پێڵاوەکەی دابکەنێت و بیداتە لایەنی بەرامبەر. ئیتر ئەمە ئەو نەریتە بوو کە لە ئیسرائیل دەگیرایەبەر.

ئینجا خوێنگرەکە بە بۆعەزی گوت «بۆ خۆت بیکڕە» و پێڵاوەکەی داکەند.

بۆعەزیش بە پیرەکان و هەموو خەڵکەکەی گوت: «ئێوە ئەمڕۆ شایەتن کە من هەرچییەک هی ئەلیمەلەخ و هەرچییەک هی کیلیۆن و مەحلۆن بوو لە دەستی ناعۆمی کڕیمەوە. 10 هەروەها ڕائووسی مۆئابی ژنی مەحلۆنیشم لە خۆم مارە کرد هەتا ببێت بە ژنم، بۆ ئەوەی میراتەکە بە ناوی مردووەکە بکەم، ناوی مردووەکە لەنێو گەلەکەی کوێر نەبێتەوە و لە تۆماری شارۆچکەکەیدا نەسڕێتەوە. ئێوە ئەمڕۆ شایەتن!»

11 هەموو خەڵکەکە و پیرەکان کە لەناو دەروازەکە دانیشتبوون گوتیان: «ئێمە شایەتین. ئەو ژنەی کە دێتە ماڵەکەت یەزدان وەکو ڕاحێل و لێئەی لێ بکات کە بنەماڵەی ئیسرائیلیان دروستکرد. ئیتر با مەزن بیت لە ئەفراتە و ناودار بیت لە بێت‌لەحم. 12 هەروەها ماڵەکەت و ئەو وەچەیەی یەزدان لەم ئافرەتە دەتداتێ وەکو بنەماڵەی پێرێز بێت ئەوەی لە تامار لەدایک بوو بۆ یەهودا.»

بنەچەی داود

13 ئیتر بۆعەز ڕائووسی هێنا و گواستییەوە، یەزدانیش سکپڕبوونی پێ بەخشی و کوڕێکی بوو. 14 ژنان بە ناعۆمییان گوت: «ستایش بۆ ئەو یەزدانەی ئەمڕۆ بێ خوێنگری نەکردیت. با ناوی بۆعەز لە ئیسرائیلدا دەنگ بداتەوە. 15 دەبێتە نوێکەرەوەی گیانت و لە پیریتدا بەخێوت دەکات، چونکە لە بووکەکەت بووە کە تۆی خۆشویست و ئەو بۆ تۆ لە حەوت کوڕ باشترە.»

16 ناعۆمیش کوڕەکەی هەڵگرت و لە باوەشی کرد و بوو بە دایەنی. 17 ژنە دراوسێکان گوتیان «کوڕێک لەدایک بوو بۆ ناعۆمی» و ناویان لێنا عوبێد، کە باوکی یەسای باوکی داود بوو.

18 ئەمانەش نەوەکانی پێرێزن:

پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،

19 حەسرۆنیش باوکی ڕام بوو،

ڕامیش باوکی عەمیناداب بوو،

20 عەمینادابیش باوکی نەحشۆن بوو،

نەحشۆنیش باوکی سەلمۆن بوو،

21 سەلمۆنیش باوکی بۆعەز بوو،

بۆعەزیش باوکی عوبێد بوو،

22 عوبێدیش باوکی یەسا بوو و

یەساش باوکی داود بوو.

Footnotes

  1. 4‏:3 یەکێک لە ئەرکەکانی خوێنگر پاراستنی ناو و سەروەتی مردووەکەیە.‏