Add parallel Print Page Options

پاکبوونەوەی ژنان لەدوای منداڵبوون

12 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو[a] دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت، ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت. ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی[b] پاک ببێتەوە.

«”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی[c] تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه[d] دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە. ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.[e]

«”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت. بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»

Footnotes

  1. 12‏:2 لە پەیمانی کۆن خوێن بە پیرۆز هەژمارد کراوە، بەڵام کاتێک ئافرەت دەکەوتە سووڕی مانگانە و خوێنی لێ دەرچوو، ئەو ماوەیە ئافرەتەکە بە گڵاو هەژمارد دەکرا. خۆشبەختانە لە پەیمانی نوێ بەهۆی عیسای مەسیحەوە بە پاک دادەنرێت. بڕوانە مەرقۆس 7‏:17‏-23.‏‏
  2. 12‏:5 زەیستانی: منداڵبوون نابێتە هۆی گڵاوی، بەڵام مەبەستی پاکبوونەوەیە لە خوێنی زەیستانی.‏
  3. 12‏:6 مریەم لە کاتی لەدایکبوونی عیسا ئەم نەریتەی جێبەجێ کرد، بڕوانە لۆقا 2‏:22‏-24.‏‏
  4. 12‏:6 قوربانی گوناه: پێشکەشکردنی قوربانی لە پێناو گوناه یاخود تاوان، کاریگەری هەیە لەسەر دووبارە گەڕاندنەوەی مرۆڤ بۆ ناو ژیانی خواپەرستی.‏
  5. 12‏:7 لە زمان و کەلتوری عیبری خوێن هێمای ژیانە، ژیانیش لەلایەن یەزدانەوە پیرۆزکراوە کە بەخشیویەتی. لەبەر ئەو هۆکارە بووە کە جولەکەکان ڕێگەیان نەدابوو بە خواردنی گۆشت کە خوێنی تێدابێت. (پەیدابوون 9‏:4‏‏) هەموو لێچوونێکی خوێنیش پێویست بوو بە باشترین شێوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. لەبەر ئەوە کوشتار و خوێنڕشتن بە کۆتایی پێهێنانی ژیان زانراوە، بۆیە لەلایەن یەزدانەوە پێویستی بە لێپرسینەوە هەیە (پەیدابوون 9‏:5‏‏).‏