Add parallel Print Page Options

سەری ساڵ و جەژنی پەسخە

12 یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە. لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک. ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا ئەو لەگەڵ نزیکترین دراوسێی ماڵەکەی بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لە بەرخەکە حیسابی بۆ دەکرێت. دەبێت ئاژەڵێکی ساغ، نێر، یەک ساڵە دانێن بۆ خۆتان، لە بەرخ یان لە گیسک هەڵیاندەبژێرن. لەژێر پارێزگاریتان دەمێنێت هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەری دەبڕن. لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن. گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن. نەکەن بە خاوی یان لێنراو بە ئاو بیخۆن، بەڵکو بە ئاگر برژاو بێت، سەری و پێی و هەناوی. 10 لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن. 11 ئاواش دەیخۆن، ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان لە دەستتان بێت، بە پەلە دەیخۆن، پەسخەیە[a] بۆ یەزدان.

12 «من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم. 13 خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک خاکی میسر تووش دەکەم.

14 «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت. 15 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[b] دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش[c] لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت. 16 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[d] ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت، بۆ هەرکەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.

17 «ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت. 18 لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ. 19 حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت، ئەوانەی نامۆن و ئەوانەی هاوڵاتیشن. 20 شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»

21 ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن. 22 دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە. 23 یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.

24 «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن. 25 ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم خزمەتە دەپارێزن. 26 ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم خزمەتە چییە بۆ ئێوە؟“ 27 ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد. 28 نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.

29 ئەوە بوو لە نیوەی شەودا یەزدان لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش. 30 فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.

دەرچوون

31 بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد. 32 مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»

33 میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد هەتا پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.» 34 گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا. 35 هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی موسا گوتی، داوای خشڵی زیو و خشڵی زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد. 36 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.

37 نەوەی ئیسرائیل لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت، نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو بێجگە لە ئافرەت و منداڵ. 38 هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوت لەگەڵ ئاژەڵێکی زۆریش، مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ. 39 ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە، چونکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەیانتوانی دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.

40 مانەوەی نەوەی ئیسرائیلیش کە لە میسردا نیشتەجێ بوون چوار سەد و سی ساڵ بوو. 41 ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە. 42 لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوە هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.

فەرزی پەسخە

43 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە:

«هیچ بیانییەک لێی ناخوات. 44 هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات. 45 بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.

46 «لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت. 47 هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.

48 «ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنە نەکراو لێی ناخوات. 49 یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»

50 ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد. 51 ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.

Footnotes

  1. 12‏:11 پەسخە: عیبری پەسەح‏، واتە تێپەڕبوون یاخود لێخۆشبوون.‏
  2. 12‏:15 هەموو نانێکە کە هیچ جۆرە هەویرترشێکی تێنەکرێت.‏
  3. 12‏:15 هەویرترش: لە جیاتی خومرە بۆ هەوێن بەکارهاتووە.‏
  4. 12‏:16 بیرۆکەی بنەڕەتی سەرجەم جەژنەکان دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەمای سەرەکی: (1) یادکردنەوەی کار و چاکە مەزنەکانی خودا بەرامبەر بە گەلەکەی؛ (2) خۆتەرخانکردن لەم ڕۆژانەدا تەنها بۆ ستایش و پەرستنی خودا و فێربوون.‏