Add parallel Print Page Options

چاککردنەوەی نەعمان لە نەخۆشی گولی

نەعمانی سەرکردەی سوپای پاشای ئارام پیاوێکی مەزن بوو لەلای گەورەکەی و سەر بڵند بوو، لەبەر ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئەوەوە ڕزگاریی بە ئارام بەخشی. ئەم پیاوە پاڵەوانێکی بەهێز بوو، بەڵام گەڕوگول[a] بوو.

چەند چەتەیەک لە ئارامییەکان بۆ تاڵان چووبوون و لە خاکی ئیسرائیلەوە کچێکی هەرزەکاریان لەگەڵ خۆیان هێنابووەوە، خزمەتی ژنەکەی نەعمانی دەکرد. کچە بە خانمەکەی گوت: «خۆزگە گەورەم پێغەمبەرەکەی سامیرەی دەبینی! چونکە ئەو لە گولییەکەی چاکی دەکردەوە.»

نەعمان چوو بۆ لای گەورەکەی و قسەکەی کچە ئیسرائیلییەکەی پێ ڕاگەیاند. پاشای ئارامیش گوتی: «کەواتە بڕۆ، منیش نامەیەک بۆ پاشای ئیسرائیل دەنێرم.» ئینجا نەعمان ڕۆیشت، لەگەڵ دەستی دە تالنت[b] زیو و شەش هەزار شاقل[c] زێڕ و دە قات جلی برد. نامەکەی بۆ پاشای ئیسرائیل هێنا، تێیدا نووسرابوو: «لەگەڵ ئەو نامەیە نەعمانی خزمەتکارم دەنێرمە لات، لە گولییەکەی چاکی بکەرەوە.»

هەر کە پاشای ئیسرائیل نامەکەی خوێندەوە، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ئایا من خودام هەتا بمرێنم و زیندوو بکەمەوە؟ بۆچی ئەمە پیاوێکی بۆ ناردووم هەتا لە گولییەکەی چاکی بکەمەوە؟ بزانن و سەیر بکەن چۆن شەڕم پێ دەفرۆشێت!»

کاتێک ئەلیشەعی پیاوی خودا بیستییەوە پاشای ئیسرائیل جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕیوە، ناردی بۆ لای پاشا و گوتی: «بۆچی جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕیوە؟ با بێتە لای من و بزانێت کە پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل هەیە.» ئینجا نەعمان بە ئەسپ و گالیسکەکانییەوە هات و لە بەردەرگای ماڵی ئەلیشەع وەستا. 10 ئەلیشەعیش نێردراوێکی ناردە لای و گوتی: «بڕۆ لە ڕووباری ئوردون حەوت جار خۆت بشۆ، گۆشتەکەت چاک دەبێتەوە و پاک دەبیتەوە.»

11 بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی: «وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت، بە ناوی یەزدانی خوداکەیەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە. 12 ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ، دوو ڕووبارەکەی دیمەشق، لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟ ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟» لەبەر ئەوە گەڕایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت.

13 خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت: «ئەی باوکمان، ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە، نەتدەکرد؟ بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی: ”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“» 14 ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا، حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد، گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە.

15 ئینجا نەعمان لەگەڵ هەموو لەشکرەکەی گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکەی خودا. لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «ئێستا دەزانم کە لە هەموو جیهان هیچ خودایەک نییە بێجگە لە خودای ئیسرائیل. ئێستاش ئەم دیارییە لە خزمەتکارەکەت وەربگرە.»

16 پێغەمبەرەکە وەڵامی دایەوە: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی دەیپەرستم، وەریناگرم.» ئینجا زۆری لێکرد هەتا وەریبگرێت، بەڵام ڕازی نەبوو.

17 نەعمان گوتی: «ئەگەر وەریناگریت، کەواتە ڕێم پێبدە باری دوو هێستر خۆڵ لەگەڵ خۆم ببەم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت جارێکی دیکە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو بۆ هیچ خودایەکی دیکە بێجگە لە یەزدان ناکات. 18 بەڵام با لە شتێک یەزدان لە خزمەتکارەکەت خۆشبێت: کاتێک گەورەکەم دەچێتە پەرستگای ڕیمۆن بۆ ئەوەی کڕنۆش ببات، پشت بە من دەبەستێت، دەبێ منیش لەگەڵ ئەو کڕنۆش ببەم، با یەزدان لەو شتەی خزمەتکارەکەت خۆشبێت.»

19 ئەلیشەعیش گوتی: «بەخێر بچیت.»

دوای ئەوەی نەعمان ڕۆیشت و کەمێک لێی دوورکەوتەوە، 20 گێحەزیی خزمەتکاری ئەلیشەعی پیاوی خودا گوتی: «گەورەم ڕازی نەبوو ئەو شتە لە نەعمانی ئارامی وەربگرێت کە هێنا بووی، بەڵام بە یەزدانی زیندوو من بەدوایدا ڕادەکەم و شتێکی لێ وەردەگرم.»

21 ئیتر گێحەزی دوای نەعمان کەوت، کاتێک نەعمان بینی بەدوایدا ڕادەکات، لە گالیسکەکە دابەزی بەرەوپیری چوو، گوتی: «ها خێرە؟»

22 گێحەزیش گوتی: «خێرە، گەورەم منی ناردووە بۆ ئەوەی پێت بڵێم: ”دوو گەنج لە کۆمەڵی پێغەمبەرانەوە هاتوونەتە لام، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە. تالنتێک[d] زیو و دوو دەستە جلیان پێبدە.“»

23 نەعمانیش گوتی: «فەرموو دوو تالنت زیو ببە.» زۆری لە گێحەزی کرد و دوو تالنت زیو لە دوو توورەکە لەگەڵ دوو قات جلی دایە دەست دوو خزمەتکاری خۆی، هەڵیانگرت و لەپێش گێحەزییەوە ڕۆیشتن. 24 کە گەیشتنە گردەکە، گێحەزی شتەکانی لێ وەرگرتن و خستییە ماڵەوە، خزمەتکارەکانی بەڕێکرد و گەڕانەوە.

25 کاتێک گێحەزی هات و لەبەردەم گەورەکەی ڕاوەستا، ئەلیشەعی لێی پرسی: «ئەی گێحەزی، لەکوێ بوویت؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «خزمەتکارەکەت بۆ هیچ جێگایەک نەچووە.»

26 بەڵام ئەلیشەع پێی گوت: «ئایا ڕۆحم لەگەڵتدا نەبوو کاتێک پیاوەکە لە گالیسکەکە دابەزی بۆ ئەوەی بەرەوپیرت بێت؟ ئێستا کاتی وەرگرتنی زیو و جلوبەرگە؟ یان وەرگرتنی باخی زەیتوون و ڕەز و مەڕ و مانگا و کۆیلە و کەنیزەیە؟ 27 گەڕوگولییەکەی نەعمان هەتاهەتایە بە خۆت و نەوەکانتەوە دەنووسێت و لە کۆڵتان نابێتەوە.» ئیتر گێحەزی بە گەڕوگولی لەبەردەم ئەلیشەع چووە دەرەوە، وەک بەفر سپی بوو.

Footnotes

  1. 5‏:1 گەڕوگول: نەک تەنها گولی، بەڵام ئەم وشەیە بۆ چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست بەکاردەهێنرا.‏
  2. 5‏:5 دە تالنت: نزیکەی 340 کیلۆگرام.‏
  3. 5‏:5 شەش هەزار شاقل: نزیکەی 70 کیلۆگرام.‏
  4. 5‏:22 تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.‏