Add parallel Print Page Options

داود و بەتشەبەع

11 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، داود یۆئابی لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عەمۆنییەکانیان تێکشکاند و ڕەبەیان گەمارۆ دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە.

ئەوە بوو دەمەو ئێوارە داود لەسەر قەرەوێڵەکەی هەستا و لە سەربانی کۆشکی پاشا پیاسەی دەکرد، لە سەربانەوە ژنێکی بینی خۆی دەشوات. ژنێکی زۆر جوان بوو، داودیش خەڵکی نارد بۆ سۆراغی ژنەکە، جا یەکێک گوتی: «ئەمە بەتشەبەعی کچی ئەلیعامە و ژنی ئوریای حیتییە.» ئینجا داود چەند نێردراوێکی نارد بۆ هێنانی، ژنەکەش لە خوێنلێچوونی مانگانەی پاک ببووەوە و هاتە لای داود، ئەویش لەگەڵی جووت بوو، پاشان ژنەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. ژنەکە سکی پڕ بوو، ناردی و بە داودی ڕاگەیاند، گوتی: «سکم پڕە.»

داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی: «ئوریای حیتیم بۆ بنێرە.» یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد. کاتێک ئوریا هاتە لای، داود لە هەواڵی سەلامەتی یۆئاب و سوپا و چۆنیەتی سەرکەوتنی جەنگی پرسی. پاشان داود بە ئوریای گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و قاچەکانت بشۆ.» جا ئوریا لە کۆشکی پاشا چووە دەرەوە، دوابەدوای ئەویش دیارییەک لەلایەن پاشاوە نێردرا بۆی. بەڵام ئوریا لە دەروازەی کۆشکی پاشادا لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا خەوت و نەگەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.

10 ئینجا بە داود ڕاگەیەنرا کە ئوریا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. داودیش بە ئوریای گوت: «تۆ لە ڕێوە نەهاتوویت؟ ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە ماڵەوە؟»

11 ئوریاش بە داودی گوت: «سندوقەکە و ئیسرائیل و یەهودا لەناو چادردا نیشتەجێن، یۆئابی گەورەم لەگەڵ پیاوەکانی پاشام لە دەشتودەر چادریان هەڵداوە. ئایا منیش بچمەوە ماڵەکەم بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا پاڵ بکەوم؟ بە گیانی تۆ، دڵنیابە، من کاری وا ناکەم!»

12 ئینجا داود بە ئوریای گوت: «ئەمڕۆش لێرە بمێنەرەوە و سبەینێ دەتنێرمەوە.» ئیتر ئوریا بۆ ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتریش لە ئۆرشەلیمدا مایەوە. 13 داود بانگی کرد، ئەویش لەگەڵیدا خواردی و خواردیەوە هەتا ئەوەی داود ئەوی مەست کرد، بەڵام ئوریا بۆ ئێوارە ڕۆیشت تاوەکو لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا لە جێگاکەی بنووێت و نەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.

14 بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی. 15 لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»

16 جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن. 17 لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.

18 یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند. 19 فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت، 20 ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟ 21 کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی[a] کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»

22 نێردراوەکە ڕۆیشت، کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕایسپاردبوو. 23 هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت: «خەڵکەکە بەسەرماندا زاڵ بوون، هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن، بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن. 24 ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران، ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.»

25 داودیش بە نێردراوەکەی گوت: «ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت: ”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت، چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات. شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“ ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»

26 کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا. 27 پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود ناردی بەدوایدا و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە و بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام ئەم کارەی داود کردی، لەبەرچاوی یەزدان ناپەسەند بوو.

Footnotes

  1. 11‏:21 یەروبەشەت: کە یەروبەعل، کە گدعۆن.‏