Add parallel Print Page Options

بەشداری ئازار بکە

بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە. ئەوەی لەبەردەم چەندەها شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن، خەڵکی دیکەش فێربکەن. بەشداری ئازار بکە وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح. سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات. ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت. جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم بێت لە بەشداری بەرهەم. بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ پێت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.

یادی عیسای مەسیح بکە، هەستاوەی نێو مردووان، لە نەوەی داودە، بەگوێرەی پەیامی ئینجیلەکەم، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم تاکو کۆتکردن وەک خراپەکار، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. 10 بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم، لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.

11 ئەم وشەیە ڕاستە:

«ئەگەر لەگەڵیدا مردبین،
    لەگەڵیشی دەژین،
12 ئەگەر دانبەخۆدا بگرین،
    لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین.
ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین،
    ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.
13 ئەگەر دڵسۆز نەبین،
    ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە،
    چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»

کارگەری وشەی ڕاست

14 ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. 15 کۆشش بکە خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، کارگەرێکی بێ شەرمەزاری، وشەی ڕاستی بە ڕێگای ڕاست لێک بدەیتەوە. 16 خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. 17 وشەکانیان وەک لاڕەشەیە[a] تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، 18 کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. 19 بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: [یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،][b] هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»

20 بەڵام لە ماڵی گەورەدا هەر قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو تەختە و قوڕیش، هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن ئەوانی دیکە بۆ سووکین. 21 بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە ئامانێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز[c] و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.

22 لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. 23 لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. 24 بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانە دان بەخۆی بگرێت. 25 ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ 26 و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ خواستی خۆی بەندی کردن.

Footnotes

  1. 2‏:17 یۆنانی: گانگرین‏، نەخۆشییەکی کوشندەیە.‏
  2. 2‏:19 سەرژمێری 16‏:5‏‏
  3. 2‏:21 تەرخانکراو‏