Add parallel Print Page Options

ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما

یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.[a]“» هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.

لە پێغەمبەرە ژن[b] نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»

ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:

«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
    ئاوی هێمنی شیلۆوەحی[c] ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
    کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
    ئاوی ڕووبارە[d] بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
    مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
    بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
    تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
    ئەی ئیمانوێل!»

ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
    ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
    خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
    قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.[e]

11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:

12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
    بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
    مەتۆقە.
13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
    دەبێ لەو بترسی،
    لەو بتۆقی.
14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
    بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
    دەبێت بە تەڵە و داو.
15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
    دەکەون و تێکدەشکێن،
    بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»

16 ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
    فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
17 چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
    ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
پشتبەستنم بەوە.

18 ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی یەزدان پێیداوم، وەک نیشانە و هێما لەناو ئیسرائیل، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.

تاریکی دەبێتە ڕووناکی

19 کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان[f] و ڕۆح ئامادەکاران[g] بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 20 بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 21 بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 22 ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»

Footnotes

  1. 8‏:1 مەهێر شالال حاش بەز: واتە خێرا بۆ تاڵانکردن.‏
  2. 8‏:3 مەبەست لە ژنەکەی خۆیەتی کە ئەویش پێغەمبەر بووە.‏
  3. 8‏:6 شیلۆوەح: هەمان ئاوی سیلوامە. بڕوانە نەحەمیا 3‏:15 و یۆحەنا 9‏:7‏.‏‏
  4. 8‏:7 واتە ڕووباری فورات.‏
  5. 8‏:10 عیبری: ئیمانوێل‏. بڕوانە 7‏:14 و مەتا 1‏:23‏‏.‏
  6. 8‏:19 نێوانگرەکان: لێرە بەو واتایە دێت، ئەو کەسانە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرن لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏
  7. 8‏:19 ڕۆح ئامادەکاران: بەو کەسانە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکەن. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏‏.‏