پەندەکانی سلێمان 24:23-34
Kurdi Sorani Standard
قسەی دیکەی دانایان
23 هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە:
لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.
24 ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،»
گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.
25 بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و
بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.
26 وەڵامی ڕاست
وەک ماچی لێوە.
27 کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و
لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە،
دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.
28 بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە،
بە لێوەکانت فێڵ مەکە.
29 مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم،
سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»
30 بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم،
بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.
31 چقڵ هەمووی داگرتبوو،
گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو،
کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.
32 تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە،
بینیم و وانەم لێ وەرگرت:
33 کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،
کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
34 ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،
نەبوونیشت وەک چەکدار.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.