ئەیوب 32-34
Kurdi Sorani Standard
ئەلیهو
32 ئیتر ئەو سێ پیاوە لە وەڵامدانەوەی ئەیوب وازیان هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی. 2 بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد. 3 لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد. 4 ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون. 5 کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.
6 ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە:
«من تەمەنم کەمە و
ئێوەش پیرن؛
لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام
بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.
7 گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و
با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“
8 بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بە توانایە،
ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.
9 تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و
تەنها پیران نین کە دادوەری تێدەگەن.
10 «لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛
منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
11 ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان،
گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛
هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە
12 لێتان وردبوومەوە.
بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و
وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.
13 لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛
با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“
14 ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و
منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.
15 «واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛
قسەیان لێ داماڵرا.
16 ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم،
کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟
17 ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛
منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
18 چونکە پڕم لە قسەکردن و
ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛
19 ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە،
وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.
20 قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛
لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.
21 لایەنگری کەس ناکەم و
مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛
22 چونکە زمانلووسی نازانم
جارێ دروستکەرەکەم نامبات.
33 «بەڵام ئەی ئەیوب، ئێستا گوێ لە قسەکانم بگرە!
گوێ شل بکە بۆ هەموو وشەکانم.
2 ئەوەتا من دەمم کردەوە؛
قسەکانم لەسەر زمانی منن.
3 قسەکانم لە دڵی پاکمەوەن؛
زمانیشم بە دڵسۆزییەوە ئەوە دەردەبڕێت کە دەیزانم.
4 ڕۆحی خودا دروستی کردم،
هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم.
5 ئەگەر دەتوانیت، وەڵامم بدەوە و
هەستە سەرپێ و کێشەکەت بخەرە بەردەمم.
6 لەبەرچاوی خودا منیش هەروەکو تۆم،
لە قوڕ دروستکراوم.
7 ناشێت شەوکەتم بتترسێنێت و
زۆرکردنم لێت بارت گران بکات.
8 «تۆ لەبەردەمم گوتت،
من بە وردی گوێم لێت بوو،
9 گوتت: ”من بێتاوانم بەبێ یاخیبوون،
بێگەردم و تاوانم نییە.
10 لەگەڵ ئەوەشدا خودا دەگەڕێت هەڵەم لێ بدۆزێتەوە و
بە دوژمنی خۆی دامدەنێت.
11 پێیەکانمی لەناو کۆت داناوە؛
چاودێری هەموو ڕێگاکانم دەکات.“
12 «بەڵام پێتان دەڵێم، لەمەدا ڕاست ناکەیت،
چونکە خودا لە مرۆڤ مەزنترە.
13 بۆچی سکاڵای لێ دەکەیت:
”وەڵامی هیچ کام لە وشەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟“
14 چونکە بە ڕاستی خودا هەرجارەو بە ڕێگایەک دەدوێت،
کەس ڕامانی ئەوە ناکات.
15 لە خەون، لە خەون بینینی شەودا،
کاتێک هەموو خەڵک خەوی قورسیان لێدەکەوێت
لە کاتی خەواڵووبوون لەناو جێگا،
16 ئەو کاتە گوێی خەڵک دەکاتەوە و
بە ئاگادارکردنەوەکانی دەیانتۆقێنێت،
17 تاکو لە خراپەکردن بیانگەڕێنێتەوە و
لە لووتبەرزیش بیانپارێزێت،
18 هەتا لە کەوتنە ناو گۆڕ ڕزگاریان بکات،
ژیانیشیان لە لەناوچوون بە شمشێر.
19 «یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و
ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە،
20 ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و
نەوسیشی لە خواردنی خۆش.
21 گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت،
ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن.
22 گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە،
ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ.
23 لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەلایان نێردراوێک هەبێت،
پەیوەندی ڕێکخەرێک، یەک لە هەزار
تاکو ڕاستودروستی بە مرۆڤ بناسێنێت،
24 لەگەڵ ئەو کەسە میهرەبان دەبێت و بە خودا دەڵێت:
”بیانگەڕێنەوە با نەکەونە گۆڕ؛
کڕینەوەی ژیانی ئەوانم بۆ دۆزینەوە.
25 با گۆشتیان لە گۆشتی منداڵ ناسکتر بێت؛
با ڕۆژانی گەنجیێتییان بگەڕێتەوە.“
26 ئەو کاتە ئەوانە داوا لە خودا دەکەن و لێیان ڕازی دەبێت،
بە هاواری خۆشییەوە ڕووی خودا دەبینن،
ئەویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ دەداتەوە.
27 دەچن بۆ لای کەسانی دیکە و دەڵێن:
”گوناهم کرد و ڕاستیم خواروخێچ کرد و
بەڵام سزا نەدرام لەسەری.
28 خودا منی کڕییەوە لە جیهانی مردووان،
ئیتر ژیانم ڕووناکی دەبینێت.“
29 «خودا هەموو ئەمانە دەکات،
دوو جار و سێ جار لەگەڵ مرۆڤ،
30 بۆ ئەوەی بیانگەڕێنەوە لە کەوتنی ناو گۆڕ و
تاوەکو بە ڕووناکی زیندووان ڕووناک بێتەوە.
31 «جا گوێ شل بکە و گوێم لێ بگرە ئەیوب!
بێدەنگ بە من قسە دەکەم.
32 ئەگەر قسەت لەلایە وەڵامم بدەوە،
قسە بکە! چونکە دەمەوێت ئەستۆ پاکت بکەم.
33 ئەگەر نا، تۆ گوێم لێ بگرە؛
بێدەنگ بە فێری داناییت دەکەم.»
34 ئیتر ئەلیهو گوتی:
2 «گوێ لە قسەکانم بگرن دانایان،
گوێم بۆ شل بکەن، ئەی ئەوانەی دەزانن.
3 چونکە گوێ قسە تاقی دەکاتەوە
وەک چۆن مەڵاشوو خواردن تام دەکات.
4 با بۆ خۆمان دادگەری تاقی بکەینەوە و
لەنێو خۆمان بزانین چی باشە.
5 «چونکە ئەیوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم،
بەڵام خودا مافی منی داماڵی.
6 لە کاتی دادگاییم
بە درۆ دەخرێمەوە و
برینەکەم ساڕێژ نابێت
لەگەڵ ئەوەی بێ یاخیبوونم.“
7 چ پیاوێک وەک ئەیوبە؟
سووکایەتیکردن وەک ئاو دەخواتەوە و
8 پێکەوە لەگەڵ بەدکاران ملی ڕێ دەگرێت و
لەگەڵ خراپەکاران دەڕوات؟
9 چونکە گوتی: ”سوودی نییە بۆ مرۆڤ
جێی ڕەزامەندی بێت لەلای خودا.“
10 «لەبەر ئەوە گوێم لێ بگرن، ئەی تێگەیشتووان.
خراپە لە یەزدان بە دوورە و
ستەمیش لە خودای هەرە بە توانا،
11 چونکە مرۆڤ بەگوێرەی کردەوەکانی پاداشت دەداتەوە و
پیاویش بەپێی ڕێگاکەی تووش دەکات.
12 جا بە ڕاستی خودا خراپە ناکات،
توانادارەکەش دادپەروەری خوار ناکاتەوە.
13 کێ کردی بە لێپرسراو لەسەر زەوی و
کێ لەسەر هەموو جیهان داینا؟
14 ئەگەر بیخاتە دڵی خۆیەوە
ڕۆح و هەناسەی بۆ خۆی کۆبکاتەوە،
15 هەموو مرۆڤ پێکەوە ڕۆح بەدەستەوە دەدەن و
مرۆڤ بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە.
16 «ئەگەر تێگەیشتنت هەیە،
ئەمە ببیستە و بۆ دەنگی وشەکانم گوێ شل بکە.
17 ئایا ئەوەی ڕقی لە دادپەروەرییە دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات؟
یان ئەوەی ڕاستودروست و مەزنە تاوانباری دەکەیت؟
18 ئایا خودا نییە کە بە پاشا دەفەرموێت: ”ئەی هیچوپووچ!“
یان بە پیاوماقوڵان: ”ئەی خراپەکاران!“
19 ئایا خودا نییە ئەوەی لایەنگری میران ناکات و
دەوڵەمەند لە هەژار بە زیاتر دانانێت،
چونکە هەمووان کاری دەستی ئەون؟
20 لەناکاو دەمرن، لە نیوەشەودا؛
گەل دەهەژێن و بەسەردەچن؛
بەهێزەکان دادەماڵرێن، بەڵام نەک بە دەستی مرۆڤ.
21 «چونکە چاوەکانی لەسەر ڕێگاکانی مرۆڤە؛
ئەو هەموو هەنگاوەکانی دەبینێت.
22 نە تاریکی هەیە و نە سێبەری مەرگ،
کە بەدکاران دەتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە.
23 پێویست ناکات خودا زیاتر لێکۆڵینەوە لەگەڵ مرۆڤ بکات،
هەتا بێتە بەردەمی بۆ دادگاییکردن.
24 دلێران بەبێ پشکنین تێکدەشکێنێت و
خەڵکی دیکە لە جێیان دادەنێت.
25 لەبەر ئەوەی تێبینی کردەوەکانیان دەکات،
بە شەو سەرەوژێریان دەکات و وردوخاش دەبن.
26 لەبەر ئەوەی خراپەکارن
لەبەرچاوی بینەران سزایان دەدات،
27 چونکە لەدوای ئەو لایاندا و
لە هیچ یەکێک لە ڕێگاکانی ئەو وردنەبوونەوە،
28 بەم جۆرەیان کرد هاواری هەژار پێی بگات،
بەم شێوەیە گوێی لە قیژەی زەلیلان بوو.
29 بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت،
کێ هەیە تاوانباری بکات؟
ئەگەر ڕووی خۆی بشارێتەوە، کێ دەیبینێت؟
لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانڕەوایەتی نەتەوە و تاکە کەسیش دەکات
30 بۆ ئەوەی خوانەناس پاشایەتی نەکات و
نەبێت بە تەڵە بۆ گەل.
31 «ئەگەر بە خودا بگوترێت:
”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم،
32 ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە،
ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“
33 ئایا دەبێت خودا بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێت باشە پاداشتت[a] بداتەوە،
لە کاتێکدا کە تۆ ئامادە نیت تۆبە بکەیت؟
تۆ هەڵدەبژێریت نەک من،
ئەوەی دەیزانیت دەیڵێیت.
34 «تێگەیشتووان پێم دەڵێن،
ئەو پیاوە دانایانەی گوێیان لێمە دەڵێن:
35 ”ئەیوب بەبێ زانین قسە دەکات و
قسەکانی بەبێ وریاین.“
36 خۆزگە ئەیوب هەتاسەر تاقی دەکرایەوە
لەبەر وەڵامەکانی وەک بەدکاران!
37 چونکە یاخیبوونی بۆ سەر گوناهەکەی زیاد کرد؛
بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵە لێدەدات و
زیادەڕۆیی لەسەر خودا دەکات.»
Footnotes
- 34:33 ئەم وشەیە لە زمانی عیبری بە هەردوو واتای پاداشت و سزا دێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.