مەلاخی 4
Kurdi Sorani Standard
ڕۆژی یەزدان
4 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بێگومان ئەو ڕۆژە دێت کە وەک تەنوور داگیرساوە. جا هەموو لووتبەرزان و هەموو بەدکاران دەبنە پوشوپەڵاش، ئەو ڕۆژەش کە دێت دەیانسووتێنێت. نە ڕەگ و نە لقیان بۆ نامێنێتەوە. 2 ئەی ئەوانەی لە ناوەکەم دەترسن، بەڵام ئێوە خۆری ڕاستودروستیتان لێ هەڵدێت و تیشکەکانی دەبێتە هۆی چاکبوونەوە. جا دێنە دەرەوە و قەڵەمباز دەدەن وەک چۆن جوانەگای قەڵەو لە تەویلە بەڕەڵا دەکرێن. 3 ئینجا لەو ڕۆژەی ئەوە دەکەم، ئێوە خراپەکاران پێشێل دەکەن، دەبنە خۆڵەمێش لەژێر نەعلی پێتان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
4 «تەوراتی موسای بەندەی منتان لە یاد بێت، فەرز و حوکمەکان، کە من لە حۆرێڤ فەرمانم پێی کرد بۆ هەموو ئیسرائیل.
5 «گوێ بگرن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت، من ئەلیاسی پێغەمبەرتان بۆ دەنێرم. 6 دڵی باوکان بۆ منداڵ و دڵی منداڵان بۆ باوک دەگەڕێنێتەوە، نەوەک بێم و خاکەکە بە تەواوی وێران بکەم.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.