زەبوورەکان 47
Kurdi Sorani Standard
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح.
47 ئەی هەموو نەتەوەکان، چەپڵە لێبدەن،
بە هاواری شادییەوە هوتاف بۆ خودا بکێشن.
2 چونکە یەزدانی هەرەبەرز بە سامە،
پاشایەکی گەورەیە بەسەر هەموو زەوییەوە.
3 نەتەوەکانی خستە ژێر دەستمان،
گەلانی خستە ژێر پێمان.
4 میراتی بۆ هەڵبژاردین،
کە شانازی یاقوبە[a]، ئەوانەی خۆشویست.[b]
5 لەناو هوتافی شادی خودا بەرزبووەوە[c]،
یەزدان بەرزبووەوە، لەگەڵ دەنگی کەڕەنا.
6 گۆرانی ستایش بۆ خودا بڵێن، گۆرانی ستایش،
گۆرانی ستایش بۆ پاشامان بڵێن، گۆرانی ستایش.
7 چونکە خودا پاشای هەموو زەوییە،
هۆنراوەی ستایشی بە گۆرانی بۆ بڵێن.
8 خودا پاشایەتی نەتەوەکان دەکات،
خودا لەسەر تەختی پیرۆزی خۆی دادەنیشێت.
9 سەروەرانی گەلان وەک گەلی خودای ئیبراهیم کۆبوونەوە،
چونکە پاشاکانی[d] زەوی هی خودان،
ئەو پایەی زۆر بەرزبووەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.