Add parallel Print Page Options

چاککردنەوە لە ڕۆژی شەممە

لەدوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم چونکە لەوێ جەژنێکی جولەکەکان هەبوو. لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێت‌حەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون. لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، ⌟چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون، چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان بۆ حەوزەکە دەهاتە خوارەوە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.⌞ کابرایەک لەوێ بوو سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو. عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی درێژە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»

نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکە. کاتێکیش دێم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.»

عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!» دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت.

ئەو ڕۆژەش شەممە بوو، 10 لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.»

11 کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“»

12 لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟»

13 بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوورکەوتەوە.

14 دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.» 15 کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە.

دەسەڵاتی مەسیح

16 لەبەر ئەمە ڕابەرانی جولەکە عیسایان چەوساندەوە، چونکە ئەم شتانەی لە شەممەدا دەکرد. 17 بەڵام عیسا وەڵامی دانەوە: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.» 18 لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند[a]، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکییەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.

19 لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات. 20 باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن. 21 وەک باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. 22 هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە، 23 تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن هەروەک ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی.

لە مردنەوە بەرەو ژیان

24 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. 25 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە، 26 چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت.[b] 27 دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە.

28 «لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و 29 دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن. 30 لە خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.

شایەتی باوک بۆ کوڕی خۆی

31 «ئەگەر شایەتی بۆ خۆم بدەم شایەتییەکەم ڕاست نییە. 32 یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو شایەتییەی بۆ منی دەدات ڕاستە.

33 «لەدوای یەحیاتان نارد، ئەویش شایەتی بۆ ڕاستی دا. 34 من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن. 35 ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و بریسکەدار بوو، دەتانویست ماوەیەک بە ڕووناکییەکەی دڵخۆش بن.

36 «بەڵام من شایەتییەکم هەیە لەوەی یەحیا گرنگترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێیداوم تەواوی بکەم، ئەم کارانە خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن کە باوکم منی ناردووە. 37 باوکیشم کە ناردوومی، خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە، 38 فەرمایشتەکەشی لە دڵی ئێوەدا نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێ ناکەن. 39 نووسراوە پیرۆزەکان[c] دەپشکنن، چونکە وادەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن، 40 بەڵام ناتانەوێ بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت.

41 «من شکۆ لە خەڵک وەرناگرم. 42 بەڵام ئێوەم ناسی کە خۆشەویستی خوداتان لە دڵدا نییە. 43 بە ناوی باوکمەوە هاتووم، پێشوازیم لێ ناکەن، بەڵام ئەگەر یەکێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە بێت، پێشوازی لێدەکەن. 44 چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆمەندی لە یەکتری وەربگرن و داوای ئەو شکۆمەندییە نەکەن کە لە تاکە خوداوەیە؟

45 «وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێ دەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێ بکات، کە موسایە، ئەوەی هیواتان پێیەتی. 46 ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی. 47 ئەگەر باوەڕیش بە نووسراوی ئەو نەکەن، چۆن باوەڕ بە وتەکانی من دەکەن؟»

Footnotes

  1. 5‏:18 یەکێک لە ڕاسپاردە گرنگەکانی جولەکە ئەوەیە کە لە ڕۆژی شەممە کردنی هەموو کارێک قەدەغەیە.‏
  2. 5‏:26 ژیانی لە خۆیدا هەیە: خۆی سەرچاوەی ژیانی خۆیەتی.‏
  3. 5‏:39 پەیمانی کۆن.‏