Add parallel Print Page Options

هەڵبژاردنی حەوت خزمەتکار

لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد، جولەکە یۆنانییەکان[a] بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان[b] کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانەی بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن. بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان: «باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین. خوشک و برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین. ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.»

هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە. لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان.

ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو، ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون، ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون.

گرتنی ستیفانۆس

ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. 10 بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.

11 بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»

12 ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان، بۆ سەنهەدرینیان هێنا. 13 شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە[c] و تەورات، 14 ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»

15 جا هەموو ئەوانەی لە سەنهەدرین دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.

Footnotes

  1. 6‏:1 ئەو جولەکانەی لە دەرەوەی فەلەستین بە زمانی یۆنانی قسە دەکەن.‏
  2. 6‏:1 ئەو جولەکانەی لەناو فەلەستین بە زمانی عیبری قسە دەکەن.‏
  3. 6‏:13 پەرستگا‏