Add parallel Print Page Options

یەک ڕووداو بۆ هەمووان

ئیتر هەموو لە هەموو ئەوانە تێڕامام کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت. هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، بۆ کەسی ڕاستودروست و بۆ بەدکار، بۆ چاک و بۆ خراپ، بۆ پاک بۆ گڵاو، بۆ قوربانی سەربڕ و بۆ ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت.

چاکەکار و گوناهبار،
سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.

ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە و شێتی لە دڵیاندایە کە زیندوون و پاشانیش کە دەچنە پاڵ مردووان. هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!

چونکە زیندووان دەزانن کە دەمرن،
    بەڵام مردووان هیچ نازانن و
لەمەودواش پاداشتیان نییە،
    تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.
خۆشەویستی و ڕق و
    بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون،
ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە
    لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.

بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە. با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە. خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت. 10 ئەوەی لە دەستت دێ بیکەیت، بە هێزەوە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.

11 دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی:

ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و
    جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و
نان بۆ دانایان نییە و
    دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و
    پەسەندی بۆ زانایان نییە،
چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.

12 هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت:

وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن
    یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن،
وەک ئەوان ئادەمیزاد ڕاو دەکرێن لە کاتی خراپەدا
    کە لەناکاو بەسەریاندا دێت.

دانایی لە گێلایەتی باشترە

13 ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە: 14 شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا. 15 ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما. 16 منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.

17 قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە،
    زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.
18 دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە،
    بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.