Add parallel Print Page Options

لەدایکبوونی ئیسحاق

21 یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە، یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد. ئینجا سارا لە پیرەمێردیێتی ئیبراهیمدا سکی پڕ بوو و منداڵێکی بۆی بوو، لەو کاتەی کە خودا پێی فەرموو. ئیبراهیم کوڕە لەدایکبووەکەی خۆی کە سارا بۆی ببوو ناوی لێنا ئیسحاق. کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو. تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.

سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.» هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ چونکە لە پیرەمێردی ئەودا کوڕێکم بوو.»

بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل

کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد. بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. 10 جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»

11 ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، بەهۆی کوڕەکەی. 12 بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «لەلات ناڕەحەت نەبێت لەبەر کوڕەکە و لەبەر کەنیزەکەت. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت. 13 هەروەها کوڕی کەنیزەکەش دەکەمە نەتەوە، چونکە وەچەی تۆیە.»

14 سبەی بەیانی زوو ئیبراهیم لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و دایە هاجەر. خستییە سەر شانی و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع وێڵ بوو.

15 کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. 16 ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «با مەرگی کوڕەکە نەبینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و دەنگی بەرزکردەوە و گریا.

17 خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. 18 هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستت بەهێز بکە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»

19 ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.

20 خودا لەگەڵ کوڕەکە بوو، گەورە بوو و لە چۆڵەوانیدا دەژیا، بووە تیرهاوێژ. 21 لە چۆڵەوانی پاران نیشتەجێ بوو، دایکیشی لە خاکی میسر ژنێکی بۆ هێنا.

پەیمانی بیری شابەع

22 لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە. 23 ئێستاش ئا لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی نە لە خۆم و نە لە منداڵم و نە لە نەوەم نەکەیت. بەڵکو وەک ئەو چاکەیەی لەگەڵ تۆدا کردم لەگەڵم دەکەیت، هەروەها لەگەڵ ئەو خاکەی کە تێیدا ئاوارە بوویت.»

24 ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»

25 ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو. 26 بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»

27 ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست. 28 ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت. 29 ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕات گرتوون؟»

30 ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.» 31 لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناونا بە بیری شابەع[a]، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.

32 لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان. 33 ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد. 34 ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.

Footnotes

  1. 21‏:31 بیری شابەع: واتە (بیری حەوت) یان (بیری سوێندخواردنەکە).‏