Add parallel Print Page Options

10 ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو،
    بۆ خۆی بەری دەگرت.
بەپێی زۆری بەروبوومەکەی،
    قوربانگای زۆر کرد.
بەپێی باشی خاکەکەی،
    بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد.
دڵیان فریودەر بوو،
    ئێستا سزا دەدرێن.
یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت،
    بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات.

لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە،
    چونکە لە یەزدان نەترساین،
ئەگەر پاشاشمان هەبێت،
    چیمان بۆ دەکات؟»
بە سوێندی درۆ قسە دەکەن،
    پەیمان دەبەستن،
ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت
    وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت.
خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە
    لەسەر ئەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێت‌ئاڤنە[a]،
چونکە گەلەکەی شینی بۆ دەگێڕن و
    کاهینە بتپەرستەکانیشی لەبەر ئەو دەگریێن،
لەبەر شکۆمەندییەکەی،
    چونکە لێیان ستێنراوە.
ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت،
    وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز.
ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و
    ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت.
سامیرە و پاشاکەی وەک چیلکە دارن
    بەسەر ڕووی ئاوەوە لەناودەچن.
نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری[b] وێران دەبن،
    کە گوناهی ئیسرائیلن،
دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن.
    ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و
    بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!»

«ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد،
    لەوێدا وەستان،
    لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟
10 کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم،
    گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن،
    کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن.
11 ئەفرایم گوێرەکەیەکی[c] ڕاهێنراوە
    حەز لە گێرەکردن دەکات.
لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی،
    سوار دەخەمە سەر ئەفرایم،
یەهودا دەیکێڵێت،
    یاقوبیش خەرتەی دەکات.
12 ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و
    بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە.
بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن،
    چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن،
    هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت.
13 بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و
    بەدڕەفتاریتان دوورییەوە،
    بەروبوومی درۆتان خوارد،
چونکە پشتت بە هێزی خۆت و
    بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست،
14 چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە.
    هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن،
وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێت‌ئەربێلی[d] تێکدا،
    دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران.
15 ئەی بێت‌ئێل، ئاواتان پێ دەکرێت،
    لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە.
لە بەرەبەیاندا،
    پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت.

Footnotes

  1. 10‏:5 واتا (ماڵی بەدکاری)، هەروەها بێت‌ئێل واتا (ماڵی خودا).‏
  2. 10‏:8 بەدکاری: عیبری ئاڤن‏، مەبەست لە بێت‌ئاڤنە، کە ناوێکی سووکە بۆ بێت‌ئێل.‏
  3. 10‏:11 گوێرەکەیەک: واتا عیبرییەکەی گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە.‏
  4. 10‏:14 هەولێر.‏