Add parallel Print Page Options

قسەی پێنجەمی ئەیوب

16 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،
    هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟
    یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،
    ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛
قسەم بۆ دەگێڕانەوە و
    سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
بەڵام بە دەم هانم دەدان و
    جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.

«ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،
    ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
ئەی خودایە تۆ ئێستا بێزارت کردووم،
    هەموو کەسوکارەکەی منت تێکداوە.
سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت،
    لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،
    ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،
    دوژمنەکەم چاوی تێبڕیووم.
10 خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،
    بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،
    پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
11 خودا منی دایە دەست زۆردار و
    بۆ بەردەستی خراپەکار فڕێیدام.
12 من ئاسوودە بووم و ئەو جێلەقی کردم،
    پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.
منی کرد بە نیشانی خۆی؛
13     تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.
جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،
    زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
14 جار لەدوای جار شەقم دەکات،
    وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.

15 «جلوبەرگی گوشم[a] بە پێستمەوە دووری و
    خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
16 دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و
    ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
17 لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و
    نوێژەکەم بێگەردە.

18 «ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە،
    با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
19 ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،
    پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
20 ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.
    کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،[b]
21 ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،
    وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.

22 «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،
    لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.

Footnotes

  1. 16‏:15 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  2. 16‏:20 لە هەندێک وەرگێڕانەکان دەگوترێت: هاوڕێیەکانم گاڵتە پێم دەکەن.‏