Add parallel Print Page Options

قوڕبەسەر ئەوانەی پشت بە میسر دەبەستن

31 قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی،
    پشت بە ئەسپ دەبەستن،
متمانە بە زۆری گالیسکە و
    هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن،
بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و
    داوای یەزدانیان نەکرد.
ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت،
    لە وشەی خۆی با ناداتەوە.
هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و
    بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.
بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا،
    ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح.
کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات،
    یارمەتیدەر ساتمە دەکات و
    یارمەتیدراو دەکەوێت،
    هەموو پێکەوە لەناودەچن.

ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:

«وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت
    بەسەر نێچیرەکەیەوە،
ئەوەی کۆمەڵە شوان
    هاواری لێ دەکەن،
لە دەنگیان ناترسێت و
    لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت،
ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت
    بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.
وەک باڵندە فڕیوەکان،
    ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات،
پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت،
    بەسەریدا تێدەپەڕێت[a] و دەربازی دەکات.»

بگەڕێنەوە لای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە قووڵی لێی هەڵگەڕانەوە، چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.

«ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا،
    شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات.
جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و
    گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.
قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت،
    میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،»
یەزدان دەفەرموێت،
    ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و
    تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.

Footnotes

  1. 31‏:5 بڕوانە دەرچوون 12‏:12‏-13.‏‏